پار باشترین ساڵه‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی بوو له كه‌رتی وه‌به‌رهێناندا
له ڕووی كه‌رتی وه‌به‌رهێنانه‌وه، پار باشترین ساڵه‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی بووه، له‌و ساڵه‌دا مۆڵه‌تی ٤٨ پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان له ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان به سه‌رمایه‌ی دوو ملیار و ٨٦٧ ملیۆن و ٢٧ هه‌زار دۆلار وه‌رگیراوه. ئه‌وه كه ئاماژه‌یه‌كه بۆ كاڵبوون و ڕه‌وینه‌وه‌ی هه‌وری تاریكی ته‌نگژه‌ی دارایی له كه‌رتی وه‌به‌رهێنان، به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌به‌رهێنان ده‌ڵێ، "دۆخی وه‌به‌رهێنان گه‌لێك له ساڵان باشتره".
دابه‌زینی نرخی نه‌وت و بڕینی به‌شه بودجه‌كه‌ی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه له سه‌ره‌تای ٢٠١٤دا و دواتر شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی تیرۆریستی داعش، په‌ڵه هه‌وری ته‌نگژه‌ی دارایی له ئاسمانی هه‌رێمی كوردستان گیرسانده‌وه و تا ده‌هات تاریكتر و كاریگه‌رییه‌كانی چڕتر ده‌بوونه‌وه، به تایبه‌ت له كه‌رتی وه‌به‌رهێناندا.
ئه‌وكات كوردستان كه له دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس، ده‌رگه‌ی به‌ڕووی ده‌ره‌وه كرده‌وه و وه‌به‌رهێنێكی زۆری بیانی ده‌هاتن و سه‌رمایه‌كانیان له كوردستان وه‌گه‌ڕ خست، ژماره‌ی پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان له هه‌ڵكشان و ساڵ به ساڵ به ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو زیاد ده‌بوون. به‌شێوه‌یه‌ك له ساڵانی به‌ر له ته‌نگژه‌ی دارایی ژماره‌ی پێوانه‌ییان تۆمار كرد.
له ٢٠١٢دا گه‌یشته لووتكه و ١٢٩ مۆڵه‌تی پڕۆژه له ده‌سته‌ی وه‌به‌هێنان به گوژمه‌ی شه‌ش ملیار و ١٣٣ ملیۆن و ٤٠ هه‌زار دۆلار وه‌رگیرا، به‌ڵام ئه‌وه له ساڵانی ته‌نگژه‌ی دارایی پێچه‌وانه بووه‌وه و ئه‌و ڕێژه‌یه بۆ نزیكه‌ی چوار هێنده دابه‌زی. كه له نیوه‌ی ساڵه‌كانی ته‌نگژه‌ی داراییدا به ٣٤ پڕۆژه، كه‌مترین مۆڵه‌تی وه‌به‌رهێنان له كوردستان تۆمار كراوه.
به‌پێی ئاماری ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان، ساڵی یه‌كه‌می ته‌نگژه‌ی دارایی كه هێشتا كاریگه‌رییه‌كه‌ی كه‌م بوو، ژماره‌ی مۆڵه‌ته‌كانی وه‌به‌رهێنان ٧٧ پڕۆژه بوو، كه ٣٢ مۆڵه‌تیان له پارێزگای دهۆك و ١٨ پڕۆژه‌یان له سنووری پارێزگای سلێمانی و ٢٧ پڕۆژه‌ش له پارێزگای هه‌ولێر كراوه.
به‌ڵام له ساڵی دووه‌می ته‌نگژه‌ی دارایی "٢٠١٥"دا، كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی له سێكته‌ری وه‌به‌رهێنان ده‌رده‌كه‌وتن و له‌و ساڵه‌دا ته‌نیا ٣٤ پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان له كوردستان بنیات ده‌نرێت، كه 10 پڕۆژه‌یان له دهۆك و 10 پڕۆژه‌ش له سلێمانی؛ هه‌ولێریش كه زۆرترین وه‌به‌رهێنانی تێدا كراوه، له‌و ساڵه‌دا ته‌نیا ١٤ پڕۆژه له سێكته‌ره جیاوازه‌كانی وه‌به‌رهێناندا كراوه.
هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كه‌ی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان، له سێیه‌م ساڵی ته‌نگه‌ژه‌دا "٢٠١٦"، له هه‌رسێ پارێزگاكه ٣٥ مۆڵه‌تی وه‌به‌رهێنان هه‌بووه، كه ١٨ پڕۆژه‌یان له دهۆك و شه‌ش پڕۆژه له سلێمانی و ١١ پڕۆژه‌ش له هه‌ولێر بووه.
ژماره‌ی پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان له ساڵی "٢٠١٧"شدا وه‌ك "٢٠١٥"، ته‌نیا ٣٤ مۆڵه‌تی وه‌به‌رهێنان له ده‌سته وه‌رگیراوه، به‌ڵام ئه‌و ساڵه‌یان ١٩ پڕۆژه‌یان له دهۆك بووه و پێنج پڕۆژه له سلێمانی و 10 پڕۆژه‌ش له هه‌ولێر جێبه‌جێ كراون.
به‌ڵام ساڵی ٢٠١٨‌دا جیاواز له ساڵانی پێش خۆی، له‌گه‌ڵ نه‌مانی شه‌ڕی داعش و تا ئاستێك هێوربوونه‌وه و سه‌قامگیری دۆخی ته‌ناهیی هه‌رێمی كوردستان، جارێكی تر داخوازی له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان له كوردستان زیاتر ده‌بێته‌وه و ژماره‌ی مۆڵه‌ته‌كان هه‌ڵده‌كشێنه‌وه. به‌وه‌ی له‌م ساڵه‌دا مۆڵه‌تی ٤٨ پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان له ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان به گوژمه‌ی دوو ملیار و ٨٦٧ ملیۆن و ٢٧ هه‌زار دۆلار وه‌رگیراوه، كه ١٢ پڕۆژه‌یان له دهۆك و ١١ دانه‌یش له سلێمانی و ٢٥ پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنانیش له هه‌ولێری پایته‌خت وه‌رگیراوه.
له ساڵی ٢٠١٨‌دا له زۆربه‌ی سێكته‌ره‌كان وه‌به‌رهێنان كراوه، كه به‌پێی ئاماره‌كه‌ی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان، نۆ پڕۆژه به گوژمه‌ی ٤٠ ملیۆن و ٦٣ هه‌زار دۆلار له سێكته‌ری بازرگانی كراوه و به گوژمه‌ی ٢٢ ملیۆن و ١٣ هه‌زار دۆلاریش سێ پڕۆژه‌ی كه‌رتی ته‌ندروستی جێبه‌جێ ده‌كرێت. به گوژمه‌ی دوو ملیار و ١٦١ ملیۆن و ٧٠ هه‌زار دۆلاریش، مۆڵه‌تی ١٤ پڕۆژه‌ی پیشه‌سازی وه‌رگیراوه و ١٣ پڕۆژه‌ی گه‌شتیاریش به گوژمه‌ی ٩١ ملیۆن و ٩٨ هه‌زار دۆلار تۆمار كراوه.
هه‌ر له‌و ساڵه‌شدا چوار پڕۆژه‌ی فێركردن به سه‌رمایه‌ی ٣١ ملیۆن و ٢٠ هه‌زار دۆلار له كوردستان مۆڵه‌ت دراوه و به گوژمه‌ی ٥١٤ ملیۆن و ٦٤ هه‌زار دۆلاریش چوار پڕۆژه‌ی نیشته‌جێبوون و به سه‌رمایه‌ی پێنج ملیۆن دۆلاریش پڕۆژه‌یه‌كی وه‌رزشی جێبه‌جێ كراوه.
پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان ئه‌وانه‌ن كه وه‌به‌رهێن سه‌رمایه‌كه‌ی له پڕۆژه و سێكته‌ره جیاكان له‌سه‌ر زه‌وی خۆی، یان حكوومه‌ت به كرێ یان به‌شێوه‌ی بانه‌وانی (مساته‌حه) پێی ده‌دات، ده‌خاته گه‌ڕ. واتا وه‌به‌رهێن پێویستی به یارمه‌تی حكوومه‌ت نییه و به سه‌رمایه‌كه‌ی پڕۆژه‌كه بنیات ده‌نێت. سه‌رمایه‌دارانیش ئه‌وكاته و له‌و شوێنانه سه‌رمایه‌كانیان ده‌خه‌نه گه‌ڕ، كه ئاسۆیه‌كی ڕوون و ئاینده‌یه‌كی گه‌ش به‌دی بكه‌ن و ئارامی و سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ش بنه‌ما بنه‌ڕه‌تین.
موخلیس سه‌لیم موراد به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی كوردستان ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، دۆخی وه‌به‌رهێنان گه‌لێك له ساڵانی ڕابردوو باشتره و له‌و بواره‌دا تا ئاستێك بووژاندنه‌وه هه‌یه. ئه‌و ده‌ڵێ "ئێسته وه‌به‌رهێنی ڕاسته‌قینه پڕۆژه‌كانیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و ڕۆژانه‌یش داواكاری پڕۆژه دێته ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و مۆڵه‌تی كاریان پێ ده‌درێت، كه ده‌رفه‌تێكی باش بۆ وه‌به‌رهێنی ڕاسته‌قینه ڕه‌خساوه تا پڕۆژه‌كانیان پێشكه‌ش بكه‌ن".
به‌رده‌وامی و خواستی زیاتری وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت له ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان، هیوایه‌كه له بووژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری، كه به‌هۆیانه‌وه سیوله كه‌متر ده‌چێته ده‌ره‌وه و هه‌ر له‌ناوخۆ ده‌سووڕێته‌وه. پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان ده‌رفه‌ت و هه‌لی كار له ناوخۆ ده‌ڕه‌خسێنن و له ئاینده‌شدا ده‌توانن كوردستان له به‌رهه‌می هاورده ئه‌رخه‌یان بكه‌ن.