عەبدولمەهدی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سەركەوتوو دەبێت؟

:: AM:10:33:21/01/2019 ‌
هەزاران دۆسیەی گەندەڵی دارایی و كارگێڕی، تا دەگات  بە تاوانی جەنگ و كەوتنی مووسڵ كە بووەتە داواكاری سەرەكی شەقام و خۆپێشاندەرانیش، چاوەڕوانی حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی دەكەن. بەگوێرەی هەندێ سەرچاوە گەندەڵی دارایی زیانی 450 ملیار دۆلاری لە عێراق داوە.

كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی، لە بەردەم خواستێكی گەورەی چاكسازیدایە كە ویستی شەقامە و خۆی لە هەزاران دۆسیەی گەندەڵی دەبینێتەوە، تا دەگات بە دۆسیە هەرە مەترسیدارەكان كە خۆی لە كەوتنی مووسڵ و هاتنی داعش دەبینێتەوە لە سەردەمی نووری مالیكی لە 2014.

هەزاران دۆسیەی گەورەی گەندەڵی كە ئەوانەی تێوە گلاون، بەشی زۆریان بەرپرسە پلە یەكە سیاسی و تەناهییەكانی گۆڕەپانی عێراقین و بەشێكیان باڵی سەربازییان هەیە، ئەمەش  وایكردووە ئەو دۆسیانە ببن بە بۆمبی چێنراو و سەرۆك وەزیرانی كابینەكانی پێشتر خۆیان لێی لاداوە، تەنانەت وای لێ هاتووە دەگوترێ ئەگەر دۆسیەكان هەڵدرێتەوە، ئەوا نیوەی زیاتری سەركردە سیاسییەكان لە گۆڕەپانی سیاسی نامێنن، تەنانەت حەیدەر عەبادی كە پڕۆژەی چاكسازی لە ساڵی كۆتایی تەمەنی حكوومەتەكەی راگەیاند لە بارەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و كەوتنی مووسڵ، هیچ هەنگاوێكی كردەیی بە خۆیەوە نەدی و بێ هیچ دەرئەنجامێك كۆتایی هات، لە كاتێكدا شەقام و موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر پشتگیرییان كرد، بەڵام هەژموونی مالیكی بەسەر حكوومەتەكەی عەبادی و دامەزراوەكانی تری بەتایبەت دادگاكان، بووە گەورەترین لەمپەر.

دۆسیەكانی گەندەڵی لە هەموو سێكتەرەكان هەن، بەتایبەت كارەبا و بەرگری و كڕین چەك و پێویستییە سەربازییەكان. دوای دوورخستنەوەیشی، هۆشیار زێباری وەزیری پێشتری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەدا كە بەرپرس هەبووە شەش ملیار دۆلاری بردووەتە دەرەوەی وڵات، بەڵام ناوی ئەو بەرپرسەی تا ئێستەش ئاشكرا نەكردووە.

عەبدولمەهدی لەسەر رێچكەی عەبادی لە هەفتەكانی سەرەتای كابینەكەیدا ئەنجوومەنی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی راگەیاند، بەگوێرەی زانیارییەكان پلانی عەبدولمەهدی بۆ لێپرسینەوە لە تێوەگلاوان بە گەندەڵی دەوەستێتە سەر شارەزایانی لیژنەكە كە دواتر 13 هەزار دۆسیەی گەندەڵی راگەیاند كە خراونەتە بەردەم دەستەی دەستپاكی.

عەبدولمەهدی رای گەیاند كە گەندەڵكاران مەترسییەكانیان كەمتر نییە لە داعش، هەمان رستەی عەبادی كە پێنج ساڵ پێش ئێستە گوتبووی، ئەمەش لای سیاسییەكان و پەرلەمانتاران گومان لەسەر تواناكانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵكاران دروست كرد بەتایبەت كە ئێستە بە روونی دەركەوتووە دەسەڵاتی بەسەر حزبەكان نییە كە بە ئاشكرا گەندەڵی ئەنجام دەدەن.

لە چەند رۆژی رابردوودا عەبدولمەهدی، ئەنجوومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی راگەیاند وەك هەوڵێك بۆ یەكخستنی هەوڵەكانی چاودێری، گوتی "ئامانج لە دروستكردنەوەی ئەنجوومەنەكە هەوڵێكە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و یەكخستنی تواناكانی چاودێری كە بتوانرێت رێگری لە هەر كەس و لایەنێك بكرێت كە ویستی گەندەڵی هەیە"، زیاتر گوتی "ئەنجوومەنەكە دەسەڵاتی یاسایی و كارگێڕی تەواوی هەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردن بەسەر دۆسیەكانی گەندەڵی".

پێوەند بەو پرسە، ئەندامێكی پێشتری دەستەی دەستپاكی دەڵێ، عێراق پێویستی بە پێكهێنانی ئەنجوومەن نییە، بەتایبەت وەها ئەنجوومەنێك كە لەسەر بنەمای پشك پشكێنەی حزبی و تایفی دادەمەزرێت وەك هەر دەستەیەك لە دەستەكانی تر كە هەن حزبەكان مۆنۆپۆڵی دەكەن و ئەو دۆسیانەش دەشارنەوە كە گەندەڵی حزبەكانیان بێت، یان سەركردەی حزبەكانیان بەهۆیەوە تۆمەتبار بكرێت.

ئەو ئەندامەی دەستەی دەستپاكی لەبەر هەستیاری پرسەكە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، هێما بۆ ئەوە دەكات كە كاری حكوومەت گەیاندنی خزمەتگوزارییە بە هاووڵاتییان، سیاسی و ئابوورییە بۆ دەرەوەی عێراق، پرسی گەندەڵی پێویست بە لیژنەی باڵا ناكات لە وەختێك لە عێراق دەستەی دەستپاكی و چاودێری دارایی و دادگا و لیژنەی پەرلەمانی و میدیا هەیە، ئەوەی لەسەر حكوومەت پێویستە لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران بكات نەك دەستەیەكی تر زیاد بكات. گوتی "هەموو لیژنەكانی لێكۆڵینەوە كە حكوومەت لە دوای 2003 تا ئێستە پێكی هێنا پێوەست بە پرسەكانی سپیكردنەوەی پارە و تیرۆر و گەندەڵی، دەرئەنجامی نەبووە چونكە ئەندامانی لیژنەكە حزبەكان دایان ناوە".

قسەكانی ئەو ئەندامەی پێشتری دەستەی دەستپاكی لە كاتێكدایە هاوپەیمان سائیروون گوشاری زۆری خستووەتە سەر حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی بۆ چاكسازی، بە ئامانجی لێدان لە نەیارەكانی لە سەرووی هەموویانەوە نووری مالیكی كە لە زۆرینەی دۆسیەكانی گەندەڵی تێوەگلاوە كە زیانی زۆر گەورەی لە عێراق داوە، هەر لە كەوتنی مووسڵ تا دەگات بە دیار نەمانی ملیاران دۆلار و تاوانی دژە مرۆڤایەتی.

ئەوەی موقتەدا سەدر لێی دەترسێت ئەوەیە كە عەبدولمەهدی ئەو هێزەی نەبێت رووبەڕووی حزبە گەندەڵەكان ببێتەوە، وەك رائید فەهمی سكرتێری حزبی شیوعی و ئەندامی هاوپەیمانی سائیروون وا دەڵێت.

فەهمی گوتی "عەبدولمەهدی ئەگەر هێزی ئەوەی تێدا بێت بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە، ئەوا لە پەرلەمان و شەقامیش پشتگیری دەكرێت، بەڵام هێشتا ئەو ویستە سیاسییە لە عەبدولمەهدی نابینرێت رووبەڕووی گەندەڵكاران ببێتەوە، بەتایبەت هەندێك دۆسیە هەن ئامادەن و لە دادگان، تەنیا پێویستی بە راگەیاندنی ناوی تۆمەتبارەكە هەیە بۆ لێپرسینەوە لەگەڵیدا".

گوتی "دووبارە دامەزراندنەوەی ئەنجوومەنی باڵا و هەڵبژاردنی كەسانی پاك بۆ ئەندامیەتی ئەنجوومەنەكە لە دەرەوەی حزبەكان، ئەوا دەسەڵاتەكانی بەهێزتر دەبن، كاتی ئەوەیش هاتووە ئەو دۆسیانە هەڵبدرێنەوە".

لای خۆیەوە ئەسیڵ نوجێفی سەركردە لە هاوپەیمانی بڕیاری عێراقی، نایشارێتەوە كە ترس هەیە ئەو دۆسیە بۆ لێدان لە نەیارە سیاسییەكان بەكار بهێنرێت، گوتی "شێوازی دامەزراندنی حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی دەریخست كە سەرۆكی حكوومەت بەرانبەر بە حزبەكان كەسێكی لاوازە، ئەمەش وادەكات كردنەوەی دۆسیەكان زۆر ئەستەم ببێت، بۆیە هیچ ئاماژەیەك نابینم بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. زۆرترین گەندەڵی لە سێكتەری بانك و نەوت دەكرێت، پاشان گرێبەستی وەزارەتەكان".

پێوەند بەو پرسە، ئەندامێكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئاشكرای كرد كە زۆر لە دۆسیەكان كە لێكۆڵینەوەشیان لەسەر تەواو بووە بە گوشاری سیاسی و بۆ بەرژەوەندی حزبی، لە دادگاكان كشانراونەتەوە و دەستكاری بەڵگەنامەكانی ناوی كراوە و ئەنجوومەنی باڵای دادوەریش هیچ لارییەكی نەبووە.

زیاتر گوتی "دۆسیەی كەوتنی مووسڵ ئەگەر وەك نموونە باس بكەین، ساڵی رابردوو كۆتایی پێ هاتووە و ئامادەیە، تەنیا پێویستی بە جێبەجێكردن هەیە كە ئەمە پێویستی بە سوپای عێراق هەیە نەك بۆ گرتنی ئەوانەی تێوەگلاون، بەڵكو بۆ پارێزگاریكردن لە دادگای باڵا و كارمەندانی لە ترسی كردنە ئامانج و كوشتنیان". گوتی "ئێستەش پارێزەر و دادوەر هەیە بەدزییەوە دەكوژرێن بێ ئەوەی میدیاكان هەر باسیان بكەن".



وشە - فه‌رمان سادق