گفتوگۆ لە نێوان كورد و عەرەب بۆ مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دەستی پێ‌ كرد

:: AM:11:27:21/01/2019 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات، ئێستە لەگەڵ سوننە و شیعە لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆی پڕۆژە یاسایی بودجەی ساڵی 2019 كێشە دروست نەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 21ـی كانوونی دووەم، ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی دارایی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە نێوان هەموو فڕاكسیۆنە كوردییەكان گفتوگۆ كراوە لەسەر بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان، هەموومان لەسەر ئەوە كۆك بووین دەستبردن بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هێڵی سوورە.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی، ئێستە لەگەڵ شیعە و سوننە لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی بڕوا بهێنن بەوەی لەكاتی گفتوگۆكردن لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دژبەری دروست نەبێت.

ئاشكرای كرد، هەموو هەوڵەكان ئێستە لەلایەن فڕاكسیۆنە كوردییەكان بەرلە چوونە ناو هۆڵی پەرلەمان ئەوەیە دەستكاری مووچە و بودجە نەكرێت.

بەپێی ئەو بڕگانەی لە پڕِۆژە یاسای بودجەی عێراق دیاری كراوە، پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە 500 ملیار دینار زیاتر دانراوە ئەگەر نەوتیش ڕادەستی بەغدا نەكرێت.

لە 2014ەوە بەهۆی بڕینی بودجەی كوردستان، هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی تووشی تەنگژەیەكی قورسی دارایی بوون و پێشبینی دەكرێ لە سەردەمی حكوومەتی نوێ بە سەرۆكایەتیی عادل عەبدولمەهدی، بودجە و پشكی كوردستان بۆ هەولێر ڕەوانە بكرێتەوە و ژیانی خەڵك ئاسایی ببێتەوە و تەنگژەكان كۆتاییان پێ بێت.



وشە - رامیار جەواد