ئەمڕۆ یان سبەی بەرشەلۆنە گرێبەستی هێرشبەرێكی نوێ رادەگەیەنێ

:: PM:12:00:21/01/2019 ‌

رۆژنامەیەكی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە یانەی بەرشەلۆنە لەم هەفتەیەدا گرێبەستێكی نوێ رادەگەیەنێ ئەویش هێرشبەرێكی نوێیە بۆ شوێنی مونیر حەدادی كە چەند رۆژێك پێش ئێستا پەیوەندی بە یانەی سڤیلییەوە كرد.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ) بڵاوی كردەوە: پێپ سێگێرا بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بەرشەلۆنە و سكرتێرەكەی ئیریك ئەبیدال لەم هەفتەیەدا و بە دروستی ئەمڕۆ دووشەم یان سبەی سێشەم بە فەرمی گرێبەستێكی نوێ بۆ یانەكەیان رادەگەیەنن.

بڕیاری كۆتایی بەرپرسانی یانەكە ئەوەیە كە هێرشبەرێكی شارەزا لە خولی ئیسپانیا بە شێوەی خواستن بۆ ماوەی 6 مانگ بهێنێتە ریزی تیپەكەیەوە تا لە بەرامبەر هێنانیدا پارەیەكی كەم بدەن وەك گرێبەستەكەی جیسۆن مۆریلۆ لە یانەی ڤالێنسیا.

نزیكترین یاریزانیش لە یانەكە كارلۆس ڤێلای هێرشبەری مەكسیكییە كە ئێستا لە ریزی یانەی لۆس ئەنجلۆسی ئەمەریكی یاری دەكات، ئەم هێرشبەرە شارەزاییەكی باشی لە خولی ئیسپانیا هەیە و جگە لەوەش خاوەن رەگەزنامەی ئیسپانییە، بۆیە یانەی بەرشەلۆنە ناچار نابێت دەستبەرداری یاریزانێكی بیانی بێت.

بژاردەی دووەمی یانەی بەرشەلۆنە برێتییە لە گرێبەستكردن لەگەڵ كلاس یان هۆنتلار كە ئێستا لە ریزی یانەی ئەیاكس ئەمستەردامی هۆڵەندی یاری دەكات، لەگەڵ فرناندۆ یۆرێنتی هێرشبەری یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی یانیش ئۆلیڤێ گیرۆی هێرشبەری یانەی چێڵسی.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە سەرجەم پەیوەندییەكانی یانەی بەرشەلۆنە لەگەڵ ئەم كۆمەڵە هێرشبەرە بەشێوەی نهێنییە و تا كۆتایی و تەواوبوونی رێككەوتنەكە هیچ زانیارییەك نادركێنێ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م