لە گوندی باریکەی نزیک شارەدێی عەربەت, کانیاوێکی سروشتیی لێیه و هاوشێوەی گەڕاوی خورماڵ و حەمام علی تام و بۆنی جیاوازە لە ئاوی سروشتی و چارەسەری نەخۆشیەکانی پێست دەکات.
گۆران حاجی حه‌مە یەکێکە لەوانەی سوودی لەو ئاوە بۆ چارەسەری نەخۆشی پێست وه‌رگرتووه، وەک خۆی بە "وشە"ی گوت: لە ساڵانی پێشودا ئاوی ئەو گەڕاوەی بەکار هێناوە، بۆ چارەسەری خوران و نەخۆشییەکانی پێست سوودی لێ بینیووە.
زیاتر گوتی جگە لە ئاوی کانییەکە، ئەو قوڕ و لیتە ڕەشـەی کە لە کانییه‌کەدا هەیە هەمان خاسیەت و تایبەتمه‌ندی ئاوەکەی هەیە بە شێوەیەک گەر ئەو لیتە ڕەشە بگریتە ئەو شوێنەی کە تووشی نەخۆشی پێست بووە، چاره‌سه‌ری ده‌كات.
گۆران هێماشی بۆ ئەوە کرد،كاتی خۆی سەری کڕێشی هەبووە چەندان شامپۆ و دەرمانی چارەسەری بەکار هێناوە سوودی نەبووە، بەڵام چەند جارێک ئەو لیتە قوڕاو و ڕەشەی گرتۆتە سەری، بۆ ماوەی 15 خولەک پێوه‌ی هێشتووه‌ته‌وه، پاشان بە ئاوی گەڕاوەکە شۆردویەتی، ئێسته کڕێشی سەری نەماوە.
شەهلا محمود ژنێکی تەمەن 40 ساڵه، ئه‌ویش ئاوی گه‌ڕاوه‌كه‌ی بۆ چاره‌سه‌ری خورانی پێستی باڵی به‌كار هێناوه، لە شارەزوورەوە چووه‌ته عه‌ربه‌ت بۆ گه‌ڕاوه‌كه و سوودی لێی بینیوه.
ئه‌م گه‌ڕاوه ئه‌گه‌رچی هیچی له ئاوه كانزاییه سروشتییه‌كانی تر كه‌متر نییه، كه‌چی خزمه‌تگوزاری زۆر كه‌مه و هیچ گرنگییه‌كی پێ نادرێت، هه‌ر بۆیه هاووڵاتییانی ناوچه‌كه له ڕێی "وشه"وه ڕه‌خنه و گله‌ییه‌كانیان له‌م باره‌یه‌وه خسته ڕوو.
"ئازاد علی" ماڵی لە نزیک کانیاوەکەیە و گوتی "داواکارم حکوومەت یان هەر لایەنێک بێت ئاوڕ لەم سەرچاوەیە بدەنەوە و پاکی بکەنەوە، هه‌روه‌ها کەمێک شورا و بەربەستی بۆ بکرێت بۆ ئەوەی لە زەوی، ئاوی باران و بیرەکانی نزیکی جیا بكرێته‌وه، ده‌نا كوێر ده‌بێته‌وه، هه‌ر بۆیه ئێسته‌ش ئاوه‌كه‌ی له جاران كه‌متره و به‌رده‌وام كه‌متریش ده‌بێت، ئه‌گه‌ر گرنگی پێ نه‌درێت."
دابان محەمەد بەڕێوەبەری شارەدێی عەربەت بە "وشە"ی ڕاگەیاند: به‌هۆی ئەوەی تازە وەک بەرپرسی یەکەی کارگێڕی ناوچەکە دەستبه‌کار بوومە دەرفەتی بەسەرکردنەوەی ئەو سەرچاوە ئاوە تەندروستیەی نەبووە و له ڕۆژانی داهاتوودا سەردانی دەکات و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکات و ئەوەی پێویسـت بێت بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامی دەدات.
عەربەت/ شەفیق بانیشاری