ئەمەریكا: لە ڕۆژانی داهاتوو چاوەڕوان بن لە مووسڵ چی ڕوو دەدا

:: AM:11:15:27/12/2016 ‌

فەرماندەیەكی سەربازی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، لە ڕۆژانی داهاتوو چاوەڕوان بن لە هەڵمەتی هێرش بۆ لەناوبردنی تیرۆریستان و ڕزگاركردنەوەی مووسڵ قۆناغێكی نوێ دەست پێ دەكات.

ئەو فەرماندە سەربازییەی ئەمەریكا كە ناوی خۆی بە "رۆیتەرز" ڕانەگەیاندووە دەڵێ، هێزەكانی عێراق لە ڕۆژانی داهاتوو لە میحوەری رۆژهەڵاتی مووسڵ دەست بە پێشڕەوی دەكەنەوە و شەڕی ڕزگاری مووسڵ پێ دەنێتە نێو قۆناغێكی نوێ و هێرشەكان بەردەوام دەبن بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوەتی مووسڵ لە تیرۆریستان.

ئاماژەی داوە، كە چاوەڕوان بن و باس لە وەستان و شكستی پرۆسەكە مەكەن، لە ڕۆژانی داهاتوو هێرش و هەڵمەتی جیاواز لە مووسڵ ڕوو دەدا و تیرۆریستان بە تەواوی ڕووبەڕووی شكست دەبنەوە.

جێی باسە هەڵمەتی ڕزگاری مووسڵ لە 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری ئەمساڵ، یەكەم هەنگاوی لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەرپەرشتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد و لە سەرجەم میحوەرەكان پێشمەرگە هێڵی بەرگری و هێلی پێشەوەی تیرۆریستانی تێكشكاند. دواتریش هێزەكانی عێراق دەستیان بە پێشڕەوی لە میحوەرە جیاجیاكان كرد و ئێستە توانراوە 43 گەڕەك لە كۆی 50 گەڕەكی بەری چەپی شارەكە لە تیرۆریستان پاك بكرێتەوە.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و ژمارەی دانیشتووانی سەنتەری شارەكە بەر لە هاتنی داعش ملیۆنێك و 800 هەزار كەس بووە، لە 10 حوزەیران/یۆنیۆی 2014  دوای ڕاكردنی 60 هەزار پۆلیس و سەربازی سوپای عێراق شارەكە كەوتە دەست تیرۆریستان و ئێستەش هەڵمەتی ڕزگاركردنەوەی شارەكە بە بەشداری 100 هەزار سەرباز و چەكداری عێراق بەردەوامە و فڕۆكەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش بەردەوامن لە پشتیوانی كردنی هەڵمەتەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی تیرۆریستان لە ئاسمانەوە.

سەرچاوە/سۆمەریەنیوز.


وشە - باز ئه‌حمه‌د