سه‌رچاوه‌یه‌ك له حكوومه‌تى ئه‌ڵمانیا ئاشكراى كردووه، وڵاته‌كه‌ى مۆڵه‌تى له كۆمپانیاى فڕۆكه‌وانى وه‌رگرتووه‌ته‌وه، چونكه كۆمپانیاكه گومانى ئه‌وه‌ى لێ ده‌كرێت له لایه‌ن سوپاى پاسدارانه‌وه به‌كاربهێنرێت.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له حكوومه‌تى ئه‌ڵمانیا به ئاژانسى
رۆیته‌رزى راگه‌یاندووه، حكوومه‌تى ئه‌ڵمانیا بڕیارى داوه مۆڵه‌تى كاركردنى كۆمپانیاى فڕۆكه‌وانى ئێران ماهان ئایه‌ر وهربگێرتهوه و چیتر ئه‌م كۆمپانیایه له ئه‌ڵمانیا بوارى كاركردنى پێ نه‌درێت.
له‌باره‌ى هۆكارى ئه‌م بڕیاڕه سه‌رچاوه‌كه گوتوویه‌تى، ئه‌م بڕیاره پێوه‌ندى به سه‌لامه‌تییه‌وه هه‌یه و چونكه گومان له‌و كۆمپانیایه ده‌كرێت له‌لایه‌ن سوپاى پاسدارانى ئێرانه‌وه به‌كاربێت بۆ مه‌به‌ستى سه‌بازى و سیاسى.
ئاژانسى رۆیته‌رز نووسیویه‌تى ئه‌م كۆمپانیایه له‌ساڵى 2011 وه كۆمپانیاى ماهان ئایه‌ر له لیستى سزاكانى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا دایه، چونكه گومانى ئه‌وه‌ى له‌سه‌ره له‌لایه‌ن سوپاى پاسدارانه‌وه به‌كاربێت.
له‌چه‌ند مانگى رابردوودا چه‌ندان وڵاتێكى ئه‌وروپى ره‌خنه‌یان له ئێران گرتووه و به‌وه تۆمه‌تباریان كردووه، كه هه‌وڵ ده‌دات له ناو وڵاتانى ئه‌وروپا له دژى ئۆپۆزسیۆنى ئێران كرده‌ى توندوتیژى ئه‌نجام بدات.
چه‌ند رۆژێكیش له‌مه‌وبه‌ر دیپلۆماتكارانى ئه‌وروپا هۆشداریان به ئێران دا تا ده‌ست له‌و جۆره كارانه هه‌ڵبگرێت.