حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی هیومان رایتس وۆچ دەداتەوە

:: PM:04:07:21/01/2019 ‌
رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ "هیومان رایتس وۆچ" راپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە رەوشەكانی مافی مرۆڤ لە دنیا بە گشتی بڵاوكردەوە و لە راپۆرتەكەدا باس لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش كراوە. ئەم راپۆرتە باس لەوە دەكات كە لە خۆپیشاندانەكانی كۆتایی مانگی ئاداری 2018 ژمارەیەك خۆپیشاندەر و رۆژنامەنووس لەلایەن دەزگا تەناهییەكانی هەرێمی كوردستانەوە رووبەڕووی لێدان و توندوتیژی بوونەتەوە و ئەمەی بە پێشێلكاری مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین پێناسە كردووە لەبەرانبەردا حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی دەداتەوە.

لە راگەیەنراوێكدا دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاندووە، ڕاپۆرتەكەی هیومان رایتس وۆچ بە بەروارد بە ساڵانی رابردوو راپۆرتێكی ئەرێنییە و هەندێك رەخنە و تێبینی سەبارەت بە گرتنی هەڕەمەكی خەڵك لەلایەن دەزگا تەناهییەكان خراوەتە روو.

روونیشی كردووەتەوە كە لە هەرێمی كوردستان یاسایەك هەیە بۆ  (رێكخستنی خۆپیشاندان) ئەم یاسایە شێواز و كات و ئامانجی خۆپێشاندان بە وردی دیاری دەكات و رێك دەخات بە هەمان شێوە میدیاكانیش مافی رووماڵ كردنی خۆپێشاندان و رێپیوانی خەڵكی هەیە، بۆیە لە كاتی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت دەزگا تەناهییەكان بەپێی یاسای كارپێكراوەكان رێكاری یاسایی دەگرنە بەر لەوانەش بڵاوەپێكردنی خۆپێشاندان بەبێ زیان گەیاندن بە خۆپێشاندەران و رێكاری مەدەنی بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتی هەموو لایەك.

لە كۆتایی قسەكانیدا رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان رای گەیاند، هەندێك جار سەرپێچی زۆر لەلایەن هەندێك لە خۆپێشاندەرانەوە ئەنجام دراوە، خۆپێشاندان بەبێ مۆڵەتی فەرمی بووە، زۆر قسەی نەشیاو و نابەجێ ئاڕاستەی پۆلیس و دەزگا تەناهییەكان كراوە، بۆیە هەندێك لەو كەسانە ڕاگیراون لەلایەن پۆلیسەوە هەوڵیان داوە شەڕ بكەن و هێزە تەناهییەكان توڕە بكەن تەنانەت هەوڵیان دەدا توندوتیژیش بەكار بهێنن دژی هێزەكان بۆیە بەناچاری گیراون.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم