"ئیمان و گومان" دوو ئاراسته‌ى دژ یان ته‌واوكه‌رى یه‌كترن؟
به‌ر له‌وه‌ى باس له‌و كتێبه بكه‌ین كه ناونیشانى "ئیمان و گومان"ى هه‌ڵگرتووه، پێویسته وه‌ك دوو ئاراسته‌ى بیركردنه‌وه باس له‌م دوو چه‌مكه بكه‌ین، چونكه ئه‌و دوو پرۆسه‌یه له هه‌ر كرده‌یه‌كى ساده‌ى بیركردنه‌وه‌ى مرۆڤ بوونیان هه‌یه و ته‌نانه‌ت رۆژانه یاوه‌رى مرۆڤ ده‌كه‌ن.
ره‌نگه پێناسه‌یه‌كى ساده بۆ گومان ئه‌وه بێت، راسته‌وخۆ هیچ راستییه‌ك قبووڵ نه‌كرێت، به‌ڵكو سه‌ره‌تا ده‌خرێته ژێر پرسیاره‌وه. به‌ڵام "ئیمان" تێپه‌ڕاندنى گومانه و قبووڵكردنى راستییه‌كانه. لێره‌دا وشه‌ى "ئیمان" ته‌نیا له ئاین قه‌تیس ناكرێت، به‌ڵكو هه‌ر باوه‌ڕهێنانێكه به راستییه‌كى دیاركراو.
ئێمه هه‌رچه‌نده بیركردنه‌وه و ده‌وروبه‌رمان ساده بێت، له‌سه‌ر ورد و درشتى شته‌كان تووشى ئه‌م دوو حاڵه‌ته‌ى بیركردنه‌وه ده‌بین، گومان له هه‌ندێك شت ده‌كه‌ین و له به‌رانبه‌ردا بێ سڵكردنه‌وه ددان به بوونى هه‌ندێك راستى تر ده‌نێین. هه‌رچه‌نده له‌سه‌ر ئاستى تاكه‌كه‌سى و كۆمه‌ڵایه‌تى "گومانكردن" وه‌ك خه‌سڵه‌تێكى وریایى و "باوه‌ڕكردن" وه‌ك خه‌سڵه‌تێكى خۆشباوه‌ڕى سه‌یر ده‌كرێت، كه‌چى مه‌رج نییه له هه‌موو شێوازه‌كانى هۆشیارى مرۆڤ ئه‌م دوو چه‌مكه وه‌ها لێك بدرێنه‌وه، به‌تایبه‌تى له بوارى ئایندا، كه زۆرجار نه‌ك به ته‌نیا وه‌ك كرده‌یه‌كى بیركردنه‌وه‌ى مرۆڤ ددانى پێدا نانرێت، به‌ڵكو وه‌ك "گوناه"ێكیش سه‌یر ده‌كرێت.
ئه‌گه‌ر به بیرێكى زانستیی له‌م دوو چه‌مكه بڕوانی، له هه‌موو ئاسته‌كانى هۆشیارى مرۆڤ "نه‌ك ته‌نیا ئاین"، ئه‌وه گومان و ئیمان هیچ دژایه‌تییه‌ك له نێوان ئه‌م دوو ئاراسته نابینرێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى ده‌مانگه‌یه‌نێته كه‌نارى باوه‌ڕى دروست به هه‌ر راستییه‌ك، گومانه. ئه‌مه وایكردووه زۆر له میتۆده‌كانى لێكۆڵینه‌وه جا له بوارى هزرى بێت یان له بوارى زانسته مرۆڤییه‌كان، ئه‌وا گومان بكه‌نه سه‌ره‌تاى هه‌ر كارێكى توێژینه‌وه.
دواى هێنده قسه‌كردن له‌سه‌ر دوو چه‌مكى "ئیمان و گومان"، دێینه سه‌ر كتێبه‌كه‌ى كوردۆ شابان كه به ناوى "ئیمان و گومان" ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له هه‌ولێر بڵاو كرایه‌وه. كتێبه‌كه له 200 لاپه‌ڕه‌ى قه‌باره مامناوه‌ند پێكهاتووه و له‌لایه‌ن ماڵى وه‌فایى چاپ كراوه.
وه‌ك له ناونیشان و پێشه‌كییه‌كه‌ى ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌م كتێبه قسه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه ده‌كات كه له لاى هه‌ندێك له مسوڵمانان گومانیان له‌سه‌ره، نووسه‌ر له پێشه‌كى كتێبه‌كه‌یدا ده‌نووسێ "ئیمان و گومان ته‌نیا بریتى نین له كۆمه‌ڵێك گومان له‌سه‌ر بڕوا، به‌ڵكو به‌شێكى زۆر له گومانه‌كانى سه‌ر ئاینیش ده‌خاته‌ڕوو، هه‌ندێ گومان و خوێندنه‌وه‌ى نوێیش سه‌باره‌ت به چه‌ند چه‌مكێكى ناو ئاینى ئیسلام هه‌ر له‌م په‌رتووكه‌دا ده‌بینى".
یه‌كێك له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ى له‌و كتێبه‌دا هه‌یه، ئه‌وه‌یه كه له‌سه‌ر ئاینه و نووسه‌رى كتێبه‌كه‌ش ده‌رچووى كۆلیژى شه‌ریعه‌یه، به واتاى بابه‌ته نووسراوه‌كه له‌لایه‌ن كه‌سێكى شاره‌زا له بواره‌كه نووسراوه، ئه‌مه‌ش گرنگییه‌ك به نووسینه‌كه ده‌دات.
له پێرستى كتێبه‌كه ناوى ئه‌و بابه‌تانه هاتووه كه نووسه‌ر له دووتوێى كتێبه‌كه‌دا سه‌رنجى خۆى له‌باره‌وه نووسیوه. هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ش ئه‌مانه‌ن كه به‌نهێنى یان ئاشكرا له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى و ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه مشتومڕیان له‌سه‌ر كراوه كه تێیاندا پێڕه‌وكارانى ئیسلام زۆرینه‌ن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نووسه‌ر له باسكردنى بابه‌ته‌كان هه‌وڵ ده‌دات بڕیارى كۆتا نه‌دات، بۆ نموونه له شوێنێكدا ده‌نووسێ "من لێره‌دا نه‌هاتووم هه‌وڵى گۆڕین یان ده‌ستكاریى بیر و بڕواى تۆ بكه‌م، به‌ڵكو بریتییه له كۆمه‌ڵێك گومان له رێى كۆمه‌ڵێ پرسیاره‌وه، وه‌ڵامه‌كانم بۆ خوێنه‌ر به‌جێ هێشتووه". یان له شوێنێكى تر ده‌نووسێ "هیچ بڕیارێكم له‌سه‌ر نه‌داوه".
له پێشه‌كى كتێبه‌كه و له به‌شی یه‌كه‌میدا به ناوى "بۆچى گومان؟". نووسه‌ر باس له گرنگى گومان ده‌كات له مێژووى هزرى مرۆڤایه‌تیدا، ده‌ڵێ "مرۆڤ تاكه بوونه‌وه‌ره گومانى هه‌یه، گومان یه‌كێكه له هه‌سته‌كانى هه‌میشه به‌پێى ئه‌و زانیارى و هه‌واڵانه‌ى پێمان ده‌گات، یاریى ده‌كات".
له به‌شێكى تر‌ى كتێبه‌كه‌دا كوردۆ شابان قسه له‌سه‌ر ئازادى ده‌بڕین له‌باره‌ى بابه‌ته ئاینه‌كان ده‌كات له كوردستان، ئه‌و نووسیویه‌تى "پێمخۆشبوو باسى ئه‌و كۆتوبه‌ندانه بكه‌م كه له‌باره‌ی ره‌خنه‌گرتن له ئاین له باشوورى كوردستاندا هه‌ن، وایان كردووه زۆر كه‌س سڵ بكاته‌وه، به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى له وڵات ده‌ژین و نیشته‌جێى هه‌نده‌ران نین".
دواى ئه‌م به‌شانه، نووسه‌ر باس له‌و بابه‌تانه ده‌كات كه زۆریان به‌لاى ئێمه‌وه هه‌ستیارن و خۆمان له باسكردنیان به‌دوور ده‌گرین. له‌وانه "ئاین چۆن هات؟، كاریگه‌ریى بڕوا له‌سه‌ر مێشك، دوو گوتارى جیاواز له ده‌قه‌كانى ئیسلام به‌رانبه‌ر به ژن، ئایا خواردنه‌وه‌ى مه‌ى حه‌رامه".
وشە -
فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل