په‌رله‌مانتارێك: هاوهه‌ڵوێستى فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان هه‌نگاوێكى گرنگه
ئه‌ندامێكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ڕاى گه‌یاند، فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له به‌غدا هاوهه‌ڵوێستن له‌سه‌ر جێگیركردنى هه‌موو ئه‌و بڕیارانه كه له به‌رژه‌وه‌ندى گه‌لى كوردستانه.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م 21ى كانوونى دووه‌م، فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له به‌غدا به سه‌رپه‌رشتى د.به‌شیر خه‌لیل حه‌داد جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كۆبوونه‌وه. د. محه‌مه‌د شاكر ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به "وشه"ى راگه‌یاند، ته‌واوى فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان هاوئاهه‌نگ بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه پشتگیرى له داخوازییه‌كانى كورد ده‌كه‌ن له كۆبوونه‌وه‌ى داهاتووى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران به‌تایبه‌ت له‌ناو بودجه‌ى گشتیی عێراق.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ڕوونیشى كرده‌وه كه ئه‌و یهكگرتنهى فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له به‌غداى هه‌نگاوێكى گرنگه و سوود به به‌رژه‌وه‌ندى گشتیی ده‌گه‌یه‌نێت.
هاوكات نووسینگه‌ى رۆژنامه‌وانى د.به‌شیر خه‌لیل حه‌داد جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران له‌باره‌ى كۆبوونه‌وه‌كه راگهیهنراوێكیان بڵاو كرده‌وه و دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه فراكسۆنه كوردستانییه‌كان پاڵپشتی داخوازی ره‌وای سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق ده‌كه‌ن و هه‌موو هه‌وڵێكی خۆیان ده‌خه‌نه گه‌ڕ بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه دابڕێنراوه‌كان، به‌تایبه‌ت له پرسی بودجه.
وه‌ك له‌راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه، فراكسۆنه كوردستانییه‌كان رێككه‌وتن له‌سه‌ر به‌رده‌وامی كۆبونه‌وه هاوبه‌شه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی مانگانه بۆ ئه‌و پرسانه‌ی كه پێوه‌ستن به‌ژیانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه دابڕێنراوه‌كان.
وشە -
سه‌رخێڵ هاشم