رووبەڕووبوونەوەی عێراق و قەتەڕ لە مێژوودا

:: AM:11:01:22/01/2019 ‌

ئەمڕۆ سێشەم سەعات 7ی شەو بە كاتی كوردستان، لە دوایین یاریی قۆناغی 16ی جامی ئاسیای 2019 هەردوو هەڵبژاردەی قەتەڕ و عێراق لە یاریگەی ئال نهیانی تایبەت بە یانەی وەحدەی ئیماڕات رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.

هەڵبژاردەی قەتەڕ بە یەكەمی كۆمەڵەی پێنجەم سەركەوتبوو بۆ قۆناغی 16ی جامی ئاسیا بەكۆكردنەوەی 9 خاڵ دوای سەركەوتنەكانی بەرامبەر لبنان 0-2، كۆریای باكور 6-0 و سعوودییە 2-0.

هەڵبژاردەی عێراقیش بە دووەمی كۆمەڵەی چوارەم و بە كۆكردنەوەی 7 خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی ئێران سەركەوتبوو بۆ قۆناغی 16 دوای سەركەوتنەكانی بەرامبەر هەڵبژاردەی ڤێتنام 3-2 و هەڵبژاردەی یەمەن 3-0 و یەكسانبوونی بە بێ گۆڵ بەرامبەر هەڵبژاردەی ئێران.

هەردوو هەڵبژاردەكە لە مێژوودا تا ئێستا 27 یارییان بەرامبەر یەكتر كردووە، هەڵبژاردەی عێراق 11 سەركەوتن و هەڵبژاردەی قەتەڕ 8 سەركەوتنیان تۆمار كردووە، هەروەها لە 8 یاری تریشدا یەكسان بوونە.

یەكەم رووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوو هەڵبژاردەكە لە جامی كەنداوی 1976 بوو كە تێیدا بە بێ گۆڵ یەكسان بوون.

یەكەم سەركەوتنی هەڵبژاردەی عێراقیش بە سەر هەڵبژاردەی قەتەڕ لە یارییەكانی ئۆڵەمپیادی ئاسیای 1978 بوو بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ.

یەكەم سەركەوتنی هەڵبژاردەی قەتەڕیش بەسەر هەڵبژاردەی عێراق لە جامی كەنداوی 1984 بوو بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ.

دوایین رووبەڕووبوونەوەی نێوانیشیان یارییەكی دۆستانە بوو لە ئاداری ساڵی رابردوو لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكانیان بۆ جامی ئاسیا كە تێیدا هەڵبژاردەی قەتەڕ بە ئەنجامی 3-2 گۆڵ سەركەوتنی بەدەستهێنا.

باشترین یاریزانی هەڵبژاردەی قەتەڕ لە پاڵەوانیەتیی ئێستای جامی ئاسیادا مەعز عەلی هێرشبەری هەڵبژاردەكەیە كە تا ئێستا 7 گۆڵی لە پاڵەوانیەتییەكەدا هەیە.

لەبەرامبەریشدا لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق باشترین هێرشبەری لاو موهەند كازم (میمی) یاری دەكات كە تا ئێستا لە پاڵەوانیەتییەكەدا 2 گۆڵی هەیە.

ئەم هێرشبەرە لاوەی هەڵبژاردەی عێراق بە هۆی بچووكی تەمەنییەوە (18 ساڵ) و پێشكەشكردنی ئەو ئاستە بەرزەی لە یارییەكاندا بۆتە جێگەی بایەخی زۆرێك لە یانە گەورەكانی ئەوروپا.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م