ڕێنوێنی لەبارەی دانەوەی قەرزی سەرپێچی هاتوچۆ ڕاگەیەندرا

:: PM:02:25:22/01/2019 ‌
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ڕێككارەكانی چۆنییەتی وەرگرتنی سزاكانی هاتوچۆ بە شێوەی قیست رادەگەیەنێت و نابێت ئەو پارەییە لە 500 هەزار كەمتر بێت.

ئەمڕۆ سێشەم 22ـی كانوونی دووەم، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێكی شێوازی دانەوەی قیستی سەرپێچی ئۆتۆمبێلی بڵاو كردەوە تێیدا هاتووە، وەرگرتنەوەی چۆنییەتی سەرپێچییەكانی هاتوچۆ بەشێوەی قیست پێویستە بڕی سەرپێچییەكە لە 500 هەزار دینار كەمتر نەبێت و دەبێت ئەو كەسەی دەیەوێت قیستەكە بدات ئۆتۆمبێلەكەی بە ناوی خۆیەوە بێت یان بریكارنامەی بۆ كرابێت.

هاتوچۆی هەولێر ئاشكرای كردووە، ئەو كەسەی قیستەكە دەدات دەبێت بەڵێننامەیەك لە بەشی یاسایی هاتوچۆی هەولێر پڕ بكاتەوە، كە لەماوەی ساڵێك سزاكەی هەمووی بداتەوە  پاش ئەوە بەڵێننامەی لێ وەرناگیرێتەوە، هەروەها ماوەكەی بۆی درێژ ناكرێتەوە بە پێچەوانەوە خۆی بەرپرسیار دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا سێ‌ هەزار دیناریان وەك باج و ڕسوومات لێ وەردەگیرێت.

ئۆتۆمبێل قیستكراو بەناو ناكرێت تا قیستەكە تەواو نەبێت، هەروەها ساڵانەكەی‌ نوێ دەكرێتەوە بۆ ماوەی  یەك ساڵ تا قیستەكە تەواو دەبێت وەك لە ڕاگەیەندراوەی هاتوچۆ هاتووە، هەروەها وەرگرتنی قیستەكان بە شێوەی مانگانە دەبێت و خاوەنی ساڵانە ئازادە لەوەی كە بۆ هەر مانگێك بڕی چەند بدات.



وشە - رامیار جەواد