ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كێشەی دوو شارەدێی پێ یەكلا ناكرێتەوە

:: PM:02:38:22/01/2019 ‌
ئەمڕۆ سێشەم 22ی كانوونی دووەم، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبووەوە و تێیدا كەموكوڕی لیژنە هەمیشەییەكان پڕكرایەوە و دەنگدانیش لەسەر گەڕانەوەی دوو شارەدێ لە ئیدارەی راپەڕینەوە بۆ سەر شارۆكەی دووكان بەرێوەنەچوو، چونكە ئەنجوومەن نەیتوانی ئەو پرسە یەكلا بكاتەوە.

مەهدی مەحموود سكرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ژمارە 51ی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەرێوەچوو كە لە تەوەری یەكەمدا چارەسەركردنی گرفت و كەموكوڕیەكانی ئەنجوومەن گفتوگۆی لەسەر كرا بەهۆی ئەوەی لە رابردوو ژمارەیەك لە ئەندام ئەنجوومەن بوونەتە پەرلەمانتاری عێراق و كوردستان شوێنەكانیان بەتاڵ بوو.

زیاتر گوتی، تەوەری دووەم لەسەر داوای هاووڵاتییانی دوو شارەدێ بنگر و خدران كە ئێستە سەر بە ئیدارەی راپەڕینن داوایان كردبوو بخرێنەوە سەر شارۆكەی دووكان، بەڵام ئەو تەوەرە نەتوانرا یەكلا بكرێتەوە و پێویستی بە قسەو گفتوگۆی زیاتر هەیە و داوامان لە ئیدارەی راپەڕین و بەڕێوەبەری هەردوو شارەدێكە كردووە لەگەڵ لیژنەیەكی ئەنجوومەن راپرسی فراوان بكەن بۆ ئەوەی بێنەوە سەر شارۆكەی دووكان یان هەر لەسەر ئیدارەی راپەڕین بمێنەوە.

ئەو دوو شارەدێییە پێشتر سەر بە شارۆكەی دووكان بون و لەسەر داوای هاووڵاتییانی هەردوولا ساڵی 2015 ئەنجوومەنی سلێمانی دەنگیدا بەوەی كە بخرێنەوە  ئیدارەی ڕاپەڕین و ئێستەیش جارێكی تر داوای گەڕانەوە بۆ سەر شارۆكەی دووكان.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی





وشە - سه‌رخێڵ هاشم