زانیاری لەبارەی كۆبوونەوەی نێوان پارتی و گۆڕان

:: PM:03:29:22/01/2019 ‌
كۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كۆتایی هات و بەشداربوویەكی كۆبوونەوەكەیش ئاماژە بە گرنگی كۆبوونەوەكە دەدات و ڕای دەگەیەنێت لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان هەردوولادا هەیە.

ئەمڕۆ سێشەم 22ی كانوونی دووەم، لە هەولێر پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوە و لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان كرا. بەپێی زانیارییەكانی "وشە" پارتی و گۆڕان هەنگاوی ڕژدیان ناوە بۆ ئەوەی رێككەوتنی سیاسیی ئەنجام بدەن.

 دانا عەبدولكەریم ئەندامی شاندی دانوستكاری بزووتنەوەی گۆڕان دوابەدوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕای گەیاند، لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوەیەكی راشكاوانەیان كردووە و لێك تێگەیشتنی باش لە نێوانیاندا هەبووە بۆ ئەوەی حكوومەتی داهاتوو خزمەتی خەڵكی كوردستان بكات.

بەرپرسەكەی گوڕان گوتی، كۆبوونەوەیەكی راشكاوانەیان لەگەڵ پارتی كردووە و لە كۆبوونەوەكەدا باس لە میكانیزمەكانی پێكهێنانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كرا، ھیوادارین ئەو لایەنانەی كە بەشداری لە حكوومەت دەكەن، پێكەوە بتوانین خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەین.

پارتی دیموكراتی كوردستان كە خاوەنی 45 كورسیی پەرلەمانی كوردستانە تا ئێستە چەند جارێك لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كۆبووەتەوە بۆ ئەوەی بەشداریان لە حكوومەتی داهاتووی كوردستان پێ‌ بكات.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم