دوای پێنج مانگ نەتوانراوە هێزێكی هاوبەش لە خورماتوو دروست بكرێ‌

:: PM:04:20:22/01/2019 ‌
دوای پێنج مانگ لە بڕیاری دروستكردنی هێزێكی هاوبەشی 450 كەسی لە نەتەوەكانی شارۆكەی خورماتوو تا ئێستە ئەو هێزە دروست نەكراوە.

ئەمڕۆ سێشەم 22ی كانوونی دووەم، عەلی هاشم گوتەبێژی حەشدی شەعبی لە شارۆكەی خورماتوو بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، ئەو هێزە بڕیاربوو ببێتە جێگیرەوەی هێزەكانی بەرپەچەدانەوەی خێرا لە ناوچەكەدا  و رێككەوتنی لەسەر كرابوو كە هەرنەتەوەیەك 140 چەكداری هەبێ لە هێزەكە، بەڵام تا ئێستە ئەو پرسە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە یەكلا نەكراونەتەوە.

لای خۆیەوە ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ "وشە" ئاماژە بەوە دەكات كە دوای پێنج مانگ لە دەركردنی ئەو بڕیارە بۆ پێَكهێنانی هێزی هاوبەش بۆ بەرێوەبردنی لایەنی تەناهیی ناوچەكە و گەڕانەوەی ئاوارەكان هێشتا ئەو هێزە دروست نەكراوە.

ئەو بەرپرسەی پارتی دیوكراتی كوردستان دووپاتی كردەوە بە هۆكاری نەبوونی متمانە لە نێوان هێزەكانی ناوچەكە بیر لە دروستكردنی ئەو هێزە هاوبەشە لەنێوان نەتەوەكان كراوەتەوە.

لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 خوماتوو و ناوچە كوردستانییەكانی تر داگیر كران، ئەو میلیشیایانەی حەشدی شەعبی كە هاتنە ناوچەكە بوونە هۆی مەترسیی بۆسەر هاووڵاتییانی كورد و ئەوەیش متمانەی لەن نێوان هێزەكانی حەشد و هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە نەهێشت.
 
گەرمیان / سەبری هۆرێنی




وشە - سه‌رخێڵ هاشم