بەرپرسێكی پارتی: لەسەر بنەمای بەركەوتەی هەڵبژاردن لایەنەكان بەشداری لە حكوومەت دەكەن

:: PM:04:55:22/01/2019 ‌
بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، لایەنەكان بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن بەشداری حكوومەتی داهاتووی كوردستان دەكەن و ئەگەر ئەو مانگە پەرلەمان كۆ ببێتەوە سەركەوتنێكی گەورەیە.

ئەمڕۆ جارێكی تر بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوە، هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕای گەیاند، پارتی و گۆڕان دووپاتیان لەوە كردووەتەوە كە كات لە بەرژەوەندی هیچ لایەكدا نییە و دەبێت پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان.

روونیشی كردەوە كە دوو لیژنە لەنێوان پارتی و گۆڕان هەیە یەكێك بۆ رێككەوتن لەسەر بەرنامەی داهاتووی حكوومەت و ئەوەی تر بۆ پێوەرەكانی بەشداربوون، هەردوو كۆبوونەوەكە بەباشی بەڕێوەچوون و بە لەبەرچاوگرتنی بەركەوتەی هەڵبژاردن هەموولایەك بە ئاسوودەیی بەشداربن.

زێباری روونی كردەوە كە سەرەتا دەبێت لەسەر سەرۆكایەتی پەرلەمان رێكبكەوین و پەرلەمان كۆ ببێتەوە، یاسای سەرۆكایەتیش هەمواربكرێت و رێككەوتنی لەسەر بكرێت و پرۆسەكەش دەست پێ بكات، بۆیە ئەگەر لەم مانگە پەرلەمان كۆببێتەوە سەركەوتنێكی گەورەیە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ بەرپرسێكی بزووتنەوەی گۆڕان ڕای گەیاندبوو، پەلە دەكەن لە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان و خاڵی تێگەیشتنیان لەگەڵ پارتی زۆرترە وەك لە خاڵی جیاواز.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم