ئێران دەتوانێت ئەمەریكا لە عێراق وەدەرنێت؟

:: PM:05:46:22/01/2019 ‌

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی تیرۆر رای گەیاند كە بەمەبەستی بەشداریكردن لە ئاوەدانكردنەوەی عێراق، بڕێك پارەیان تەرخان كردووە، لەو كاتەی چاودێران وای دەبینن كە ئەوەیش جۆرێكی ترە لە بوونی دەسەڵاتی بیانی لە عێراق و راگەیاندنی ئەو پرسە بەو شێوەیە لەلایەن هاوپەیمانیەتییەكە كە قەوارەیەكی سەربازییە، ئاماژەیە كە نیازێك نییە بۆ پاشەكشەكردنی سەربازی لە عێراق.

ماڵپەڕی فەرمی هاوپەیمانیەتییەكە لە تویتێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "تویتەر" نووسیویەتی، دەوڵەتی ئیمارات بە بڕی نیو ملیار دۆلاری ئەمەریكایی بەخشیوە وەك بەشدارییەك لە ئاوەدانكردنەوەی عێراق، ئاماژەی كرد، ئەمەریكایش پێنج ملیار و نیو دۆلاری بە شێوەی وەبەرهێنانی تایبەت بە عێراق داوە، بێ ئەوەی وردەكاری زیاتر لەو  بارەوە بدات.  

ئەو قسانە هاوكاتن لەگەڵ پەرەسەندنی هەڵمەتی لایەنە سیاسییەكانی عێراقی نزیك لە ئێران لەدژی بوونی هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق، لەو كاتەی ئەمەریكا رەتی دەكاتەوە هێزەكانی لە وڵاتێك پاشەكشە پێ بكات كە لە هەر ساتێك ئەگەری دروستبوونی ئاڵۆزی تیادا هەیە و ئەویش چەندان ملیار دۆلاری تیادا خەرج دەكات، چونكە بوونی هێزەكانی لەو وڵاتە ئەو وەبەرهێنانە و دەستكەوتەكانیشی بۆی دێتەوە دەپارێزێت. جیا لەوەی راگەیاندنەكە بەو شێوەیە لەلایەن هاوپەیمانیەتییەكە كە قەوارەیەكی سەربازییە، ئاماژەیە كە نیازێك نییە بۆ پاشەكشەكردنی سەربازی لە عێراق بۆ هەموو وڵاتانی هاوپەیمانیەتییەكە نەوەك بە تەنیا ئەمەریكا. 

ئێستە تاران رابەرایەتی جموجۆڵێكی پەرلەمانی لەناو پەرلەمانی عێراق دەكات بۆ دەركردنی یاسای "هێزە بیانییەكان"، ئەوەیش بە مەبەستی وەدەرنانی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، بە پشتبەستن بە دەسەڵات و دەستڕۆیشتووی لەناو پەرلەمانی ئەو وڵاتە.

وەك ئاژانسی "فرانس پرێس" باسی لێوە دەكات، بەم دواییە ئێران رێنوێنی داوەتە میدیاكانی سەر بەخۆی لە عێراق لە رێگەی یەكێتی ئێزگە و تەلەڤزیۆنە ئیسلامییەكانەوە بۆ بڵاوكردنەوەی راپۆرت لەبارەی بوونی سەربازی ئەمەریكا لە عێراق، جیا لە دەركردنی فرمانی توند بۆ قسەكردن لەسەر مەترسییەكانی بوونی سەربازی ئەمەریكا لە عێراق كە ئەوەیش ئامرازێكی فشاری ئێرانە بۆ سەر شەقامی عێراقی لەبارەی مانەوەی ئەو هێزانە لەو وڵاتە.

د عیماد علو، بەڕێوەبەری سەنتەری كۆماری بۆ توێژینەوەی تەناهی و ستراتیجی لەو بارەوە بۆ ئاژانسی "سپۆتنیك"ی رووسی گوتی، هێرشی راگەیاندن و لێدوانەكان لەلایەن هەندێك لە هێزە سیاسییەكانی عێراق هەیە بە مەبەستی تێپەڕاندن یان خستنەڕووی پرسی یاسای هێزە بیانییەكان لە عێراق بخەنە ناو ئەجیندای پەرلەمانی عێراق، دووپاتی كردەوە، بابەتی دەركردنی پڕۆژە یاسایەك بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق زیاتر لە شەش مانگی بەسەر تێپەڕیوە، ئێستەیش بەهۆی پەرەسەندنی تەنگژەی نێوان واشنتن و تاران دووبارە زیندوو دەكرێتەوە.

مەنسوور بەعێجی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بینا لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، هاوپەیمانیەتییەكەیان پڕۆژە یاسایەك دەداتە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق بۆ خستنی بۆ ناو كارنامەی دانیشتنەكانی بەمەبەستی تێپەڕاندنی لەناو پەرلەماندا بە زووترین كات.

لیوا سەڵاح فەیلی شارەزای سەربازی و ستراتیجی لەو بارەوە گوتی، سەرەڕای هەوڵی میلیشیاكانی ئێران و هێزە سیاسییەكانی پاڵپشتی، ئەگەر ئەمەریكا خواستی مانەوەی لە عێراق هەبێت، پەرلەمان ناتوانێت ئەو یاسایە دەربكات و ئاماژەی كرد، لێدوانی ئیدارەی ئەمەریكایش دووپاتی خواستی مانەوەی هێزەكانیان لە عێراق بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ دەكەنەوە.

فەیلی وریایی دا لە دروستبوونی ئاڵۆزی لە عێراق بەو هۆیەوە و گوتی، میلیشیاكانی سەر بە ئێران دەبنە هۆكار بۆ هەڵگیرساندنی یەكەم ئاگری ململانێی نێوان تاران و واشنتن لەسەر خاكی عێراقدا، لای خۆیەوە موزاحم حوێت گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان لەو بارەوە دەڵێت، لە ماوەی مانگی رابردوودا هێزەكانی ئەمەریكا جموجۆڵی خۆیان لە پشتێنەی سنووری لەگەڵ سووریا چڕ كردووەتەوە. 

زیاتر گوتی، هێزەكانی ئەمەریكا توانوویانە 70% لە پاڵپشتی زەوینی ئێران بەرەو سووریا كەم بكەنەوە، بەتایبەتی لە ناوچەكانی سنووری سەر بە پارێزگای نەینەوا، دووپاتی كردەوە كە عەرەبی سوننە سەركۆنەی تاوانی میایشیاكانی سەر بە ئێران لە دژی رۆڵەی ناوچە سوننەكان دەكەنەوە لەوەتەی 2003ەوە. 

زانیارییە سەرەتاییەكان ئاماژە دەكەن كە هێزەكانی ئەمەریكا بەنیازن بنكەی سەربازی نوێ لە شارۆكەكانی تەلەعفەر و شنگال و شارەدێكانی زماڕ و رەبیعە و ناوچەی دەشتی نەینەوا لە رۆژهەڵاتی مووسڵ و لە ناوچەی حەزەر لە باشووری رۆژئاواكەی دروست بكەن.

سەرچاوە تەناهییەكان روونی دەكەنەوە كە پنتاگۆن پلانی هەیە كە ئەو بنكە سەربازییە نوێیانەی ئەمەریكا بارەگای لاوەكیان هەبێت بە درێژایی پشتێنەی سنووری كە درێژاییەكەی زیاتر لە 600 كیلۆمەترە، جیا لە دامەزراندنی بنكەی نوێی سەربازی لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق.

موئەیەد جحێشی شرۆڤەكاری عێراقی دەڵێت، بەرپرسانی ئەمەریكا دەڵێن نزیكەی ترلیۆنێك و نیو دۆلارمان لە عێراق خەرج كردووە و دوای ئەوە عێراقمان دایە دەست ئێران و هیچ سوودمان نەكرد، بۆیە پێویستە هەڵەكە راست بكەینەوە، دووپاتی كردەوە كە بەڵام ئەوە هەموو هۆكارەكە نییە، بەڵكو 70%ی بوونی ئەمەریكا لە عێراق بۆ لاوازكردنی ئێران و دوورخستنەوەیەتی. 






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل