یەكێتی: جگە لە ڕێككەوتن هیچ ڕێیەكی ترمان نییە

:: PM:05:46:22/01/2019 ‌
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات كە حزبەكەی لەگەڵ ئەوەدایە حكوومەتی داهاتووی كوردستان حكوومەتێكی بەهێز بێت و كار بۆ ئەوەیش دەكەن.

گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان بەردەوامە، پارتی دیموكراتی كوردستان ئەركی پێكهێنانی حكوومەتی لە ئەستۆیە و تا ئێستە چەند جارێك لەگەڵ یەكێتی  و گۆڕان كۆبووەتەوە، گفتوگۆكان ئێستە چوونەتە قۆناغی پێكهێنانی لیژنەی لاوەكی بۆ ئەوەی لە ڕێككەوتنی سیاسیی نزیك ببنەوە.

هەریەكە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ئێستە بڕیاری بەشداریان لە حكوومەتی داهاتووی كوردستان داوە و دووپاتیش لەوە دەكەنەوە دەیانەوێ‌ حكوومەتێكی بەهێز هەبێت.

ئەمڕۆ سێشەم 22ی كانوونی دووەم، عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی لەبارەی پێكهێنانی حكوومەت و نزیك بوونەوەی پارتی و یەكێتی لە ڕێكەوتن ڕای گەیاند، جگە لە رێككەوتن هیچ رێگایەكی تر لەبەردەم پارتی و یەكێتی نییە.

روونیشی كردەوە كە یەكێتی دەیەوێت حكوومەتی داهاتوو بەهێز بێت. هەروەك ئومێدی خواست كە لەگەڵ پارتی قۆناغی دژوار نەمێنێت كە لە ڕابردوو بەهۆی كەركووك و كێشەكان لە بەغدا دروست بوو.

موفتی داوای كرد كە ئەو لایەنانەی بەشداری لە حكوومەت دەكەن هاوكار بن بۆ سارێژكردنی ئەو كێشانەی كە لە ڕابردوو لە كوردستان و لەنێوان لایەنە سیاسییەكان هەبووە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم