ژنانی تووشبوو به نه‌خۆشیه ده‌روونیه‌كان له دوای وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر له‌لایه‌ن پسپۆڕانی ئه‌و بواره له نه‌خۆشخانه‌ی سۆزی ده‌روونی، كه‌سوكاریان وه‌ریان ناگرنه‌وه تا دادگا و ده‌زگا ته‌ناهییه‌كان ده‌ستوه‌ردان ده‌كه‌ن.
نه‌خۆشخانه‌ی سۆزی ده‌روونی له ساڵی 2009 دامه‌زراوه و له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه تا ئێسته زیاتر له 300 ژن سوودمه‌ندبوون و چاره‌سه‌ریان وه‌رگرتووه و ئێسته‌یش 34 ژن له نه‌خۆشخانه‌كه‌دان و چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گر كه هه‌ریه‌كه‌یان خه‌ڵكی شار و شارۆكه‌كانی كوردستانن.
له نه‌خۆشخانه‌ی سۆزی ده‌روونی ئه‌و ژنانه ده‌مێننه‌وه كه تووشی گرفتی ده‌روونی "شیزۆفرینیا" و په‌شێوی مه‌زاجی دوو جه‌مسه‌ربوون و چاره‌سه‌ری ده‌رمان و ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌رده‌گرن.
ئه‌و ژنانه‌ی كه له نه‌خۆشخانه‌كه‌دا ده‌مێننه‌وه چاره‌سه‌ری ده‌رمان و ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌رده‌گرن و ڕاهێنانه‌وه‌یان پێ ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه ئاماده‌بن بێنه‌وه ناو كۆمه‌ڵگه، به‌ڵام وه‌رنه‌گرتنه‌وه‌ی ئه‌و ژنانه له دوای چاره‌سه‌ركردنیان له‌لایه‌ن خانه‌واده‌كانیانه‌وه یه‌كێكه له‌و گرفتانه‌ی كه تووشی نه‌خۆشخانه‌كه ده‌بێته‌وه.
د.لاڤه دارا به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی سۆزی ده‌روونی سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "له‌و كاته‌وه‌ی كه نه‌خۆشخانه‌كه‌مان دامه‌زراوه تا ئێسته‌یش هه‌موو ساڵێك ڕووبه‌ڕووی ئه‌و كێشه‌یه ده‌بینه‌وه، كه كه‌سوكاری نه‌خۆش دوای ئه‌وه‌ی نه‌خۆشه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن و چاك ده‌بنه‌وه و ده‌گه‌ڕێنه‌وه دۆخه ئاساییه‌كه‌ی خۆیان ئه‌وا نه‌خۆشه‌كه‌یان وه‌رناگرنه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌سوكاری نه‌خۆش ئاستی هۆشیاریان به‌رانبه‌ر به نه‌خۆشیه ده‌روونیه‌كان له ئاستێكی نزمدایه".
زیاتر گوتی، نه‌خۆشخانه‌كه ئه‌و نه‌خۆشانه وه‌رده‌گرن كه كه‌سوكاریان هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌خۆشییه ده‌روونیه‌كان ماوه‌یه‌كه و چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن و توانای وه‌رگرتنی نه‌خۆش له نه‌خۆشخانه‌كه‌دا 45 بۆ 50 نه‌خۆشه، كه نه‌خۆشه‌كانیش كه‌سوكاریان وه‌ریان ناگرنه‌وه و كه‌ڵه‌كه ده‌بن به‌سه‌رماندا، ئه‌وا ڕێگه ده‌گرێت له‌وه‌ی كه كه‌سی تریش سوودمه‌ندبێت له خزمه‌تگوزارییه‌كان".
كه‌سوكاری نه‌خۆش به هێزی ئاسایش و یاسا نه‌خۆشه‌كانیان وه‌رده‌گرنه‌وه و به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌كه ئاشكرای ده‌كات، كه هه‌ر كه‌سێك نه‌خۆشێك دێنێت ئه‌وا نووسراوی پێ واژوو ده‌كه‌ین و ئه‌گه‌ر نه‌خۆشه‌كه‌یان دوای چاره‌سه‌ر وه‌رنه‌گرنه‌وه ئه‌وا به‌و واژووی كردوویانه و له ڕێگه‌ی به‌شی یاسایی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی له دادگاوه كێشه‌كه چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین و به ئاسایش نه‌خۆشه‌كه ده‌به‌ینه‌وه ماڵه‌كانی خۆیان.
سلێمانی/ئاریان محه‌مه‌د