گۆڤارێكی ئەمەریكی راپۆرتێكی لەبارەی داهاتووی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دوای نەمانی داعش لە عێراق بڵاو كردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەكات، دوای نەمانی داعش ئەو چەكدارانە ناتوانن بچنە ژێر كۆنتڕۆڵی حكوومەت، بەڵكو هەر لە ژێر فەرمانی مەرجەعیەتی شیعە دەمێننەوە و ئەركیشیان ناڕۆشن و نادیار دەبێ.
گۆڤاری "زە ئەتلانتیك" ژمارەی چەكدارانی حەشدی شەعبی بە 95 هەزار چەكدار هەژمار كردووە و دەڵێ، 60 هەزاریان لە ژێر ئاڵای حەشدی شەعبی دەجەنگن و 35 هەزاری تریشیان هێزی پشتیوانین و ئێستەش لەبەری باشوور و ڕۆژئاوای مووسڵەوە گەمارۆی شارەكەیان داوە و شریتی سنووری سووریا و عێراق لە رۆژئاوا و باشووری مووسڵ سەنگەرەكانی ئەوان جیای كردوونەتەوە.
ئاماژەی داوە، لە 26 تشرینی دووەم/نۆڤێبمەر پەرلەمانی عێراق بەشێوەیەكی فەرمی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی پەسەند كرد و بەگوێرەی یاساكەش ڕاستەوخۆ بە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بەستراونەتەوە و پێگەیان لە رووی یاسای سەربازییەوە یەكسانە لەگەڵ پێگەی سوپا.
زۆرێك لە چاودێران ئاماژە بەوە دەكەن، بە بڕوای شیعە مەدەنییەكان، ئەوانە گرووپێكی ڕزگاركەری نیشتمانین و بەگوێرەی پیاوە ئاینییەكانیش هێزی ئاینین دژ بە شەڕ دەجەنگن، بەگشتی دنیا بە هاوپەیمانی گرووپە میلیشیاكانی شیعە ناویان دەبا كە زۆرینەیان سەر بە ئێرانن و ئێستە بە تەواوی بەسەر دەوڵەتی عێراق زاڵ بوون.
"زە ئەتلانتیك" نووسیویەتی، هەموو ئەو پێناسانە بۆ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی تەواو، ئەو گرووپە چەكدارە بوون بە هێزێكی دامەزراوە بە بڕوای زۆرێك لە ئەندامانی جگەلەوەی بە یاسایی كراون، ئەوان شەرعیەتی ڕزگاری خاكی عێراقیشیان هەیە، دوای ئەوەی لە كۆتاكانی 2014 بە فتوایەكی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان، گرووپەكان دامەزرێنران و دژ بە تیرۆریستانی داعش وەستانەوە كە خەریك بوو بەغدا كۆنتڕۆڵ بكەن.
بەگوێرەی زانیارییەكانیش ئەو چەكدارانە نوێنەرایەتی و كار بۆ ئامانجی ئێران و كۆمەڵێك گرووپی تری سیاسی دەكەن و لەو پێناوەش هەوڵ دەدەن و هان دەدرێن، كە لەمانەی خوارەوە پێك دێن.
بەدیهێنانی ئامانجی ئێران
ئەو گۆڤارە ئەمەریكییە ئاماژەی داوە كە ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق فالح فەیاز سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە لە ڕووی هونەرییەوە دەكات و بە فەرماندەی ئەو هێزانەش ناو دەبرێ، ئەو دەڵێ، عێراق سەرقاڵە بە جەنگی دژ بە تیرۆری جیهانی، بەشێك لە دراوسێكانیش بە مەزەوی ناوی هێزەكانمان دەبەن.
گۆڤارەكە ڕوونی كردووەتەوە، كە پێنج لە گەورەترین گرووپە میلیشیاكانی نێو حەشدی شەعبی پارە و پشتیوان و فەرمان ڕاستەوخۆ لە ئێرانەوە وەردەگرن، كەتائیبی "حزبوڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق" راستەوخۆ كار بۆ ئامانجی ئێران دەكەن و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش لە عێراق بە داگیركار وێنا دەكەن. هەردووكیشیان هێزی سەرەكین لە ڕیزەكانی حەشدی شەعبی، كەتائیبی سەیدی شوهەداش یەكێكە لە میلیشیاكانی نێو ئەو گرووپە لە سووریا لەتەك هێزەكانی ئەسەد دژ بە تیرۆریستان و ئۆپۆزسیۆنی ئەسەد دەجەنگن.
لەبارەی میلیشیاكانی بەدریشەوە ئەو گۆڤارە نووسیویەتی، چەكدارانی رێكخراوی بەدر گوێڕایەڵترین هێزی نێو حەشدی شەعبین بۆ ئێران، هادی عامری سەركردەی ئەو گرووپە لە جەنگی عێراق و ئێران لە 1980 تا 1988 لە ڕیزی سوپای ئێران دژی حكوومەتی سەدام جەنگاوە.
ڕۆڵی مەرجەعی ئاینی
تۆم هاردی فرۆسیس سەرۆكی پێشووی لیژنەی پاراستنی دامەزراوە زیندووەكان لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی و ڕاوێژكاری ئێستەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەوبارەوە دەڵێ، ئەوەی ئێران لەو میلیشیایانە دەیەوێ سنووردارە، گرنگترینیان بریتییە لە سووریا، بۆیە پێویستە سەركردەی ئەو گرووپانە ئەو ئامانجەی بۆ بهێننە دی.
بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كە ناوی خۆی بۆ گۆڤارەكە ئاشكرا نەكردووە دەڵێ، بەرژوەندییە بنەڕەتییەكانی ئێران ئابوورین، ئەو دەیەوێ هیچ كات عێراق بەهێز و جێگیر نەبێ و نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەكانی وەك لە سەردەمی سەدامی دیكتاتۆر ڕووی دا.
گۆڤارەكە نووسیویەتی، ئێران تاكە سەرپەرشتیار و ڕێنوێنیكەری میلیشیاكانی حەشدی شەعبی نییە، بەڵكو مەرجەعە شیعییەكانی عێراقیش ڕۆڵی تەواو و باڵایان بەسەر حەشدی شەعبییەوە هەیە كە عەلی سیستانی ڕابەرایەتییان دەكات و سێ لەو میلیشیا چەكدارانە لەلایەن مەرجەعە ئاینییەكانی عێراقەوە دامەزراون، كە بە باشترین شێوە ڕاهێنراون و پڕچەك كراون، كە كەتیبەكانی "ئیمام عەلی" و لیوای "عەلی ئەكبەر" و "فیرقەی عەباس"ن.
ئەو مەرجەعە ئاینییانە بە توندی دژی دەستوەردانی لایەنی دەرەكین بەسەر هێزەكانی حەشدی شەعبی و تەنانەت دژی ئێرانیشن كە دەست لە كاروباری عێراق و هێزەكانی حەشدی شەعبی وەربدات. چونكە ئەوان ناكۆكی ئاینییان لەسەر ویلایەتی فیقهی لەگەڵ ئێران هەیە و سیستانی بە تەواوی دژی دروستكردنی دەوڵەتی فیقهی و ئاینییە و لەو باوەڕەدایە كە زانایانی ئاینی دەبێ ئامۆژگاری پێشكەشی دەسەڵات و حكوومەت بكەن، نەك خۆیان ببنە سەركردەی سیاسی.
بۆیە ئەگەر سیستانی و مەرجەعە ئاینییەكان فتوا بۆ حەشدی شەعبی دەربكەن، ئەوا بە تەواوی فتواكە جێبەجێ دەكەن و هیچ كۆسپێك نایەتە بەردەمیان، بەگشتی هاوسەنگی و سەركردایەتی حەشدی شەعبی لە نێوان ئێران و مەرجەعییە ئاینییەكانی عێراق دابەش دەبێ، زۆرتریش لە ژێر كۆنتڕۆڵی سیستانی دەبن.
شێخ مەیسم ئەلزەیدی فەرماندەی فیرقەی عەباس دەڵێ، بوونی ئێمە كاتییە و ئێمە وەك فیرقەی عەباس شوێنكەوتووی فتوای عەلی سیستانین و ئەركمان دوای سەركەوتن بەسەر داعش كۆتای دێ و دەگەڕێینەوە سەر كارەكانی پێشووی خۆمان.
لە كۆتای ڕاپۆرتەكەیدا ئەو گۆڤارە نووسیویەتی، باشترین مامەڵەی هێزەكانی حەشدی شەعبی ئەوەیە كە بەهیچ شێوەیەك هێزێكی دامەزراوەیی نین، بەڵكو شەرعیەتی خەبات و ڕزگارییان بۆ عێراق هەیە، لە پێناوی دەستكەوتنی پێگە، ئەمەش بڕیار لە داهاتووی عێراق دەدا، دوای نەمانی داعش لەسەر خاكی وڵاتەكە.
سەرچاوە/ئەلجەزیرە.