هەولێر.. فەرمانبەرێکى وەزارەتى کارەبا فێڵ لە هاووڵاتیان دەکات

:: PM:08:05:27/12/2016 ‌
فەرمانبەرێکى وەزارەتى کارەباى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، فێڵێک لە هاووڵاتیان دەکات و بڕێکى زۆرى پارە دەبات و دەڕوات.

ئەمڕۆ 27ى کانوونى یەکەم/ دیسیمبەرى 2016 خەڵکێکى زۆرى گەڕەکى سەڵاحەدین لە شارى هەولێر ناڕەزایى  دەربڕى  کە پارەى کارەبایان داوە بۆ مانگى ڕابردوو،  بەڵام پێیان گوتراوە پارەى کارەباى هاووڵاتیان ڕەش نەکراوەتەوە، بەڕێوەبەرى گشتى دابەش کردنى کارەباى هەولێریش دەڵێت بەدواداچوون دەکەین ئەوەى وەسڵى کارەباى هەبێت و مۆرى ژمێرکارەکەى لێ درابێ پارەى لێ وەرناگیرێتەوە.

حسێن حەمەد قادر بەڕێوبەرى گشتى دابەشکردنى کارەباى هەولێر بە "وشە"ى ڕاگەیاند، ئەوان ئەمڕۆ لەلایەن خەڵکى  گەڕەکى سەلاحەدین ئاگادار کراونەتەوە کە پارەى مانگى ڕابردووى کارەبایان داوە، بەڵام پارەکە لە بنکەى فرۆشتنى کارەبا ڕەش نەکراوتەوە لەسەریان .

بەڕێوبەرى گشتى دابەشکردنى کارەباى هەولێر دەڵێت، ئەگەر خەڵکەکە وەسڵیان لا بێت و خەتمى ژمێر کارەکەى لێ درا بێت ئەوا بە پێى یاسا پارەیان لێ وەرناگیرێتەوە و حاڵەتەکەش سروشتیە کە ڕووى داوە .

ئاسۆ تەها بەڕێوەبەرى دابەش کردنى کارەباى سێى هەولێر کە تایبەتمەندە بە گەڕەکى سەڵاحەدین بە "وشە"ى ڕاگەیاند، ئەو لە سنوورى خۆیان دا  80  ژمێرکاریان هەیە بۆ کۆکردنەوەى پارەى ماڵان، تا ئێستا نازانن کامە ژمێرکار پارەى گەڕەکى سەڵاحەدینى نەگەڕاندۆتەوە و لە ڕێگەى "وشە" وە بە دواداچوون دەکەین .
بەڕێوبەرى دابەشکردنى کارەباى سێى هەولێر ڕونیشى دەکاتەوە  هەر ژمێرکارێک لاى ئەوان کە پارە کۆ دەکاتەوە دەبێت بڕى 10 ملیۆن دینار دابنێ وەکو کەفیل یان پشتگیرى دوو فەرمانبەرى فەرمى حکومەتى هەبێت ئینجا لاى ئەوان باوەڕ پێکراو دەبێت .

بە پێى ئەو زانیاریانەى  بە "وشە" دراون  ئەمڕۆ خەڵکێکى زۆرى گەڕەکى سەڵاحەدین بە مەبەستى ناڕەزایى دەڕبڕین کۆبوونەتەوە لە بنکەى فرۆشتنى کارەباى تایبەت بەو گەڕەکە گوایە بە وەسڵ ئەوان پارەى کارەبایان داوە و خەتمیشى لێ دراوە ،بەڵام پێیان گوتوون پارەکە نەگەڕاوەتەوە و ناوى بەژدارانى کارەباى ئەو گەڕەکە ڕەش نەکراوتەوە و دەبێت جارێکى تر پارە بدەنەوە.

هه‌ولێر/ هێمن ڕەفیق


وشە - رامیار جەواد