به‌شی یه‌كه‌م
وه‌رگێڕانی وشه‌یه‌ك یان ڕسته‌یه‌ك یان پاژێك، ته‌نێ پێویستیی به زوانزانین نییه، تێگه‌یشتنی ده‌ق و شاره‌زایی وه‌رگێڕان له زوانی ڕه‌سه‌ن بۆ زوانی مه‌به‌ست زۆر گرنگتره. وه‌ك ئاشكرایه وه‌رگێڕان دوو جۆره، وه‌لێ گه‌ره‌كه به‌بێ بچووكترین لابردن یان خستنه‌سه‌ر بكرێت.
پیاوێكی كه‌ركووكی له دایكبووی ساڵی ١٩٥١، له ساڵی 1975دا كۆلیژی ئه‌ده‌بیاتی به‌غدای ته‌واو كردووه. له ساڵی 1974 – 1975دا پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی كوردستان بووه، حه‌مه‌كه‌ریم عارف له حه‌فتاكانی سه‌ته‌ی ڕابردووه‌وه ده‌نووسێت، سه‌رنووسه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری چه‌ندان ڕۆژنامه و گۆڤار بووه. له ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ته‌ی ڕابردوو تا ساڵی ٢٠١٠ سه‌رپه‌رشتیار و سه‌رۆكی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد – لقی كه‌ركووكی كردووه. نێزیكه‌ی ١٤٠ به‌رهه‌می چاپ و بڵاو كردوونه‌ته‌وه.
له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا، بیر و هزری خۆی ده‌خاته ڕوو و به تێروته‌سه‌لی وه‌ڵامی چه‌ندان پرسیار له‌باره‌ی وه‌رگێڕانه‌وه ده‌داته‌وه.
وه‌رگێڕان چییه و چه‌ند جۆره؟
هه‌ڵبه‌ته ئاساییه وه‌رگێڕانیش وه‌ك زۆر دیارده‌ی تری بواری چالاكی و چهلهنگییه زه‌ینییه‌كانی تیره‌ی به‌شه‌ر، پێناسه‌ی جیاواز هه‌ڵبگرێ و له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكی تر، له چینێكه‌وه بۆ چینێكی تر و به‌گوێره‌ی بابه‌تی وه‌رگێڕانه‌كه پێناسه‌ی جیاواز بكرێت. به‌ڵام گومان له‌وه‌دا نییه كه پرۆسه‌یه‌كی ڕۆشنبیریی هونه‌رییه، جۆره دۆنایدۆنێكی هونه‌رییه له نێوان زمانه جیاوازه‌كاندا، جا له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌مه ده‌توانم بڵێم وه‌رگێڕان تێكه‌ڵه‌یه‌كه له وردی زانست، ناسكیی هونه‌ر، له به‌هره و سه‌لیقه‌ی ئه‌فراندن، به‌ڵام به ناسنامه‌ی وه‌رگێڕان.
وه‌رگێڕان وه‌ك هونه‌ر ده‌كاته پرۆسه‌ی خوڵقاندنه‌وه‌ی ئه‌بستمۆلۆجیا و كه‌له‌پوور و ئه‌زموونی زمانی یه‌كه‌م له قاڵب و چوارچێوه‌ی زمانی دووه‌مدا، واته گفتوگۆیه‌كی ئامانجدار و به به‌رنامه‌یه له نێوان دوو كولتووردا. دیاره ئه‌مه‌یش به مانایه‌ك ده‌كاته گفتوگۆیه‌كی شارستانییانه له نێوان دوو زماندا.
هه‌ڵبه‌ته هه‌ر زمانێك بگری تا ئاستێك هزرینی ئه‌و كه‌سانه ده‌نوێنێ كه قسه‌ی پێ ده‌كه‌ن, واته زمان و كولتوور پێوه‌ندییه‌كی چڕ‌وپڕیان پێكه‌وه هه‌یه، له هه‌ر شوێنێ كولتوور و زمان پێكه‌ڤه گه‌شه‌یان كردبێ، پێوه‌ندییه‌كی بته‌و له نێوان بنه‌ما گشتییه‌كانی ده‌ستوور و بنیادی زمان و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كولتووری ئه‌و زمانه‌دا ده‌بینرێ. یانی زمان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژینگه‌ی سروشتی و سایكۆلۆجی و كۆمه‌ڵایه‌تییه. به‌م پێیه هه‌ر چه‌مك و دیارهیهك له وشه‌دانی هه‌ر زمانێكدا كۆد و كلیلی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، به‌و كلیله دێته كردنه‌وه و فامین، ئه‌م كۆدانهیش له زمانێكه‌وه بۆ زمانێكی تر جیاوازن، جا مادامێكی بونیاد و پێكهاته‌ی زمان له‌یه‌كتر جیاواز بن، زۆر ئه‌سته‌مه و بگره ناتوانرێ چه‌مك و مانای زمانێك به ته‌واوه‌تی و ده‌قاوده‌ق و به‌شێوه‌یه‌كی میكانیكی بۆ زمانێكی تر بێته گواستنه‌وه.
وه‌رگێڕان پرۆسه‌یه‌كی یه‌كجار هه‌ستیاری گوێزانهوهیهكی نووسه‌رانه‌ی هونه‌رمه‌ندانه‌ی ده‌قێكه وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی یه‌كپارچه، به تێكڕای ڕه‌گه‌ز و توخم و كه‌ره‌سته پێكهێنهرهكانییهوه، له زمانێكه‌وه بۆ زمانێكی تری جیاواز، جا شێواز نه‌ك هه‌ر ڕه‌گه‌زێكی ده‌قه، به‌ڵكو ته‌ون و تانوپۆی تێكڕای دهقهكهیشی ته‌نیوه، ئه‌مه‌یش پێویستیی شاره‌زابوونی وه‌رگێڕ له شێوازی ده‌قه‌كه ده‌گه‌یه‌نێ، بۆیه وه‌رگێڕ مامه‌ڵه ده‌گه‌ڵ زماندا وه‌ك شتێكی موجه‌ڕه‌د و ئه‌بستراكت ناكات، به‌ڵكو سه‌روسه‌ختی له‌گه‌ڵ چۆنێتی به‌كارهێنانی زمانیشدایه. ده‌قه‌كه به جۆرێ له زمانی دووه‌مدا ده‌خوڵقێنێته‌وه كه هه‌مان كاریگه‌ری یان نزیكترین كاریگه‌ریی و ڕۆڵی ده‌قی یه‌كه‌م ببینێ. بۆیه پرسی ئه‌مانه‌تداریی و پاراستنی شێوازی ده‌قی یه‌كه‌م له زمانی دووه‌مدا یه‌كێكه له مه‌رجه گرینگه‌كانی وه‌رگێڕان. چونكه خوێنه‌ر حه‌قی خۆیه‌تی هه‌ر به‌وه قایل نه‌بێت كه بزانێ نووسه‌ر چی گوتووه، به‌ڵكو پێویسته ئه‌وه‌ش بزانێ كه چۆنی گوتووه. به‌تایبه‌تی له ده‌قی ئه‌ده‌بیدا.
هه‌ڵبه‌ته لێره‌دا نابێ ئه‌وه‌شمان له‌بیر بچێت، كه وه‌رگێڕ له كاری وه‌رگێڕاندا گوزارشت له بیروبۆچوون و هزرینی خۆی ناكات. ناتوانێ له‌و هزروبیرانه ده‌ربچێت كه له ده‌قه‌كه‌دان، چونكه پابه‌نده به‌و ده‌قه‌وه كه كه‌سێكی تر به‌رهه‌می هێناوه، واته چه‌ندێتی و چۆنێتی ده‌قه‌كه له زمانی دووه‌مدا، به‌گوێره‌ی یاسا و ڕێسای زمانی دووه‌م بخوڵقێنێته‌وه و ده‌قایه‌تی ده‌قه‌كه بپارێزێت.
وه‌رگێڕان ته‌نیا گوێزانه‌وه‌ی چه‌مك و مانای ورد نییه، به‌ڵكو گوێزانه‌وه‌ی تۆن و ڕیتم و شێواز و ئاوازیشه، واته گواستنه‌وه‌ی شه‌قڵی چڕ و فۆرم و ناوهڕۆك و ڕۆحی به‌رهه‌مێكه، به زمان و بۆ زمان و له‌ناو زماندا. دیاره ئه‌مه‌یش به‌و مانایه نییه كه زمان تووره‌كه‌یه‌كی پڕه له وشه و هه‌ر كه ده‌ستت دایه وه‌رگێڕان له ته‌نیشت خۆته‌وه دایده‌نێیت و ده‌ستی پێدا ده‌كه‌یت و به كه‌یفی خۆت و به كه‌ماڵی ئیسراحه‌ت وشه‌ی لێ ده‌ردێنی و به‌شێوه‌یه‌كی میكانیكی له جیاتی وشه‌ی زمانی ده‌قه‌كه دایده‌نێیت و ده‌بڕێته‌وه. نه‌خێر وشه له زمانه جیاوازه‌كاندا چه‌ند هاوتای یه‌كتر بكاته‌وه هێشتا هه‌مان ڕووبه‌ری گوزاره‌یی و مانایی پڕ ناكاته‌وه. چونكه ئه‌و هه‌لومه‌رج و فاكته‌رانه‌ی مانای وشه‌یان دروست كردووه، له زمانێكه‌وه بۆ زمانێكی تر جیاوازه.
واته له‌مپه‌ر و كۆسپی زمان فاكته‌رێكی هه‌ره گرنگی كاری وه‌رگێڕه. چونكه وشه شته‌كه خۆی نییه، به‌ڵكو ڕه‌مزی ئه‌و شته‌یه كه ده‌ویسترێ پێشان بدرێ. یانی وشه هزر و مه‌به‌ست نییه به‌ڵكو ڕه‌مزیه‌تی. وشه له ناو ده‌قدا شته‌كه خۆی نییه, ڕه‌مزی شته‌كه‌یه، ڕه‌مزیه‌تی وشه‌ش له‌ناو ده‌قدا هه‌مان ڕه‌مزییه‌ت نییه، كه وشه له ده‌رێی ده‌قدا هه‌یه‌تی. جا وه‌ره وه‌رگێڕ بتوانێ له‌م مینجاره ترسناكه به سه‌لامه‌تی ده‌ربچێ.
جا گرفتی وه‌رگێڕ هه‌ر له‌مپه‌ر و كۆسپی زمانه‌وانی نییه، وه‌رگێڕ سه‌روسه‌ختی له‌گه‌ڵ دنیایهكدایه كه له‌لایه‌ن كه‌سێكی تره‌وه خوڵقێنراوه، بۆیه چاری ناچاره ده‌بێ بچێته پێست و كڵیشه‌ی نووسه‌ره‌كه‌وه، به زه‌بری شاره‌زایی و لێهاتوویی ده‌قه‌كه له زمانی یه‌كه‌مدا هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه و به هه‌مان كه‌ره‌سته و داروپه‌ردوو، له زمانی دووه‌مدا بیخوڵقێنیتهوه، به‌ڵام به ناسنامه‌ی وه‌رگێڕان. جا ئه‌م پرۆسه‌ی دۆنایدۆنه، ئه‌گه‌ر ئه‌شق و له‌زه‌تێكی له پشته‌وه نه‌بێت، به كه‌س ته‌حه‌مول ناكرێت. واته وه‌رگێڕ له‌سه‌ریه‌تی له لایه‌كه‌وه له ده‌قه‌كه ده‌رنه‌چێت و له لایه‌كی تره‌وه ڕه‌چاوی وردی و ئه‌مانه‌تداری له كاری وه‌رگێڕاندا بكات. به‌مه‌ش ده‌كه‌وێته نێوان به‌رداشی وه‌رگێڕانی ئازادی فرهخوێنهر و وه‌رگێڕانی وشه به وشه‌ی كه‌م خوێنه‌ر.
دیاره خوێنه‌ر به‌شێكی گرینگی هاوكێشه‌ی نووسه‌ر و نووسینه. بۆیه وه‌رگێڕ ناتوانێ و نابێت فه‌رامۆشی بكات، جا وه‌رگێڕانی ئازاد ئه‌گه‌ر له لایه‌كه‌وه خوێنه‌ر ڕازی بكات، ئه‌وا له لایه‌كی تره‌وه جۆره لادانێكه له ئه‌مانه‌تداری كاری وه‌رگێڕان. وه‌رگێڕانی وشه به وشه و موو به موویش ئه‌گه‌ر له لایه‌كه‌وه پابه‌ندی بێ به ئه‌مانه‌تداری وه‌رگێڕانه‌وه، له لایه‌كی تره‌وه تهرهكردن و تهوهلاكردنی خوێنه‌ره. خۆ هاوكێشهكهیش به‌بێ خوێنه‌ر ته‌واو نابێت, ئیتر وه‌رگێڕ ناچاره میكانیزمێكی مامناوه‌ندی بدۆزێته‌وه كه هه‌م لایه‌نی كه‌می ئه‌مانه‌تداری و پابه‌ندی به ده‌قه‌وه بپارێزێت و هه‌م خوێنه‌ر ڕازی بكات و له زمانی دووه‌مدا ده‌قێكی هاوتای ده‌قی زمانی یه‌كه‌م بخوڵقێنێته‌وه و ئه‌وجایش له تۆمه‌تی خیانه‌ت تهبرێ نابێت، به‌ڵام ئه‌مه خیانه‌تێكی حه‌ڵاڵه و ناچاری حه‌رام حه‌ڵاڵ ده‌كات.
كێ وه‌گێڕ و زمانزانه، ئایا هیچ پێوه‌رێكت بۆ زمانزانین دیاری كردووه؟
زمان وه‌ك ژیان، هه‌میشه له گۆڕاندایه و به‌ده‌م گۆڕانكاری ژیانه‌وه وشه و زاراوه‌ی لێ هه‌ڵده‌وه‌رێ و په‌یڤ و تێرم و چه‌مك و مانای تازه‌ی دێته ناو، واته له زاوزێ و له حاڵی خۆتازهكردنهوهی به‌رده‌وامدایه. بۆیه هه‌موو ئه‌وانه‌ی سهروسهختیان له‌گه‌ڵ زمان و به‌كارهێنانی زماندایه، بۆ ئه‌وه‌ی له دیارده‌ی زاوزێی تازه‌ی زمان غافڵ و بێ‌ئاگا نه‌بن، ده‌بێ به به‌رده‌وامی په‌یگیری دیارده و پرۆسه‌ی نۆزایی زمان بكه‌ن، به‌تایبه‌تی وه‌رگێڕ، مه‌رجه كه‌سێكی جووت زمانه‌ی زه‌به‌رده‌ست و لێهاتوو به توانا بێت، واته شاره‌زاییه‌كی باشی چۆنێتی خوێندنه‌وه و شرۆڤه و به‌كارهێنانی جووت زمانه‌كه بێت.
جا زمانی كوردی هێشتا زمانێكی نیمچه كێوییه و له زۆر ڕووه‌وه گۆشه‌گیر و ڕه‌نگه نه‌زۆكیش بێت، ئه‌مه‌یش زۆر هۆی هه‌یه و.. هه‌ڵبه‌ته وه‌رگێڕی كورد, ده‌بێ شاره‌زاییه‌كی فرهخاسی له زمانی كوردیدا هه‌بێت. له ده‌قه كۆنه ڕه‌سه‌نه‌كان ورد بووبێته‌وه، سه‌رنجی چۆنێتی داڕشتن و ده‌ربڕینیان بدات، وشه و ڕسته و ده‌سته‌واژه‌یان لێ ههڵگوێزی و له‌به‌ر بكات, فه‌رهه‌نگی زمانه‌وانی خۆی پێ ده‌وڵه‌مه‌ند بكات، چونكه چ نووسه‌ر و چ وه‌رگێڕ به‌مه توانای ئه‌وه‌ی لا چێ ده‌بێت، كه له كاری خۆدا بۆ وشه‌ی پێویست دانه‌مێنێ و ته‌نانه‌ت به‌هره‌ی ئه‌وه‌یشی لا ده‌ڕسكێ وشه و زاراوه‌ی تازه‌یش به‌گوێره‌ی بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كانی زمانی كوردی دابتاشێت و سه‌لامه‌تی زمانهكهیش بپارێزێت, یانی دكارێت توانا و وزه په‌نهانه‌كانی زمانی كوردی كه‌شف بكات و بته‌قێنیته‌وه و ده‌وڵه‌مه‌ندی بكات. جا شاره‌زایی له زمان و ئه‌ده‌بیات و كه‌له‌پووری كوردی یارمه‌تی وه‌رگێڕ ده‌دات مه‌به‌ست و چه‌مكه‌كانی خۆی له قاڵبی وشه و ده‌سته‌واژه‌ی په‌سه‌ند و باو و ئاسان و مهفهوومدا ده‌رببڕێت. هه‌روه‌ها پاچڤه‌وان له سه‌رێتی خۆی له زمانی په‌تی بپارێزێت و نه‌چێت ئه‌و وشه و زاراوانه‌ی بۆ نموونه سه‌تان ساڵه هاتوونه‌ته ناو زمانی كوردییه‌وه و لای هه‌موو كوردێك ئاشنا و مهفهوومن، به بیانووی زمانی كوردی په‌تییه‌وه له زمانه‌كه‌مان وه‌ده‌ر بنێ و كۆمه‌ڵێك وشه‌ی نهباوی تازه‌ی بێ بنجوبناوانی زانستی دابتاشێت.
هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی فه‌رهه‌نگ سه‌رچاوه‌یه‌كی پێویست و گرینگه بۆ وه‌رگێڕان، به‌داخه‌وه له‌و ڕووه‌شه‌وه هه‌ر قڕه‌ی میله‌تانی دنیاین، فه‌رهه‌نگ و قامووس له كتێبخانه‌ی كوردیدا یه‌كجار كه‌مه، له زۆربه‌ی بواره ئهبستمۆلۆجییهكاندا فه‌رهه‌نگمان هه‌ر نییه, فه‌رهه‌نگی زاراوه مۆدێرنه‌كانی سه‌رانسه‌ری بواره‌كانی ژیانمان یا هه‌ر نییه، یا زۆر كاڵوكرچ و بێكه‌ڵكن.
هه‌ڵبه‌ته مه‌رجی زانینی ته‌واوه‌تی دوو زمان بۆ هه‌ر وه‌رگێڕێك وا ده‌خوازێت وه‌رگێڕ خوێنه‌رێكی زۆر رژد بێت. ڕێزمان و ده‌ستووری هه‌ردوو زمانه‌كه به به‌رده‌وامی بخوێنێته‌وه، به‌رهه‌می نووسه‌رانی كۆن و نوێیان بخوێنێته‌وه و هه‌ر بۆ مه‌شق و ڕاهێنان و خۆ جه‌ڕباندن جارجاره پێیان بنووسێت، چونكه وه‌رگێڕ له‌م ڕێیه‌وه شاره‌زایی وشه و زاراوه و په‌ند و ئیدیۆم و قسه‌ی نه‌سته‌ق و ڕسته‌به‌ندی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو زمانه‌كه ده‌بێت. به خوێندنه‌وه و نووسین زه‌خیره‌یه‌كی زمانه‌وانی باشی له‌لا كه‌ڵه‌كه ده‌بێت و له بواری گوزارشت و ده‌ربڕیندا نه‌ك هه‌ر دانامێنێ، به‌ڵكو هونهرنوێنیش ده‌كات. ئیتر مه‌رج نییه وه‌رگێڕ زانای زمان یان زمانه‌وان بێت، به‌ڵام ده‌بێ له چۆنێتی به‌كارهێنانی زماندا زۆر مه‌علان و كارامه بێت و شاره‌زایی له زاراوه و ئیدیۆمه‌كانی هه‌ردوو زمانی یه‌كه‌م و دووه‌م هه‌بێت. چونكه مانای زاراوه‌یی جیایه له مانای وشه‌یی زمانی، بۆ نموونه: "ته‌یری گول ئاشق به داری زه‌قنه‌بووته" مانا زمانییه‌كه‌ی شتێكه و مانا زاراوه‌ییه‌كه‌ی شتێكی تره. ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕ به مانا زمانییه‌كه‌ی وه‌ری بگێڕیت، نه‌ك هیچ ناگه‌یه‌نێ، به‌ڵكو ده‌بێ به گاڵته‌جاڕیش. وه‌رگێڕ ده‌بێ پابه‌ندی یاسا و ڕیسای زمانی ئه‌و خه‌ڵكه بێ كه كاره‌كه‌یان بۆ وه‌رده‌گێڕێت و به زمانی خۆیان بیاندوێنێ.
دژواری وه‌رگێڕان له‌وه‌دایه كه له نێوان دوو كولتوور، دوو دنیای هزرین و دوو دنیای ده‌رك و تێگه‌یشتنی جیاوازدا ئه‌نجام ده‌درێت، كه وه‌رگێڕ له سه‌ریه‌تی به رژدی ڕه‌چاوی بكات و هه‌میشه ئه‌م خاڵهیشی له بیر و له خه‌یاڵ بێ، هه‌رچه‌نده سه‌ر و سه‌ختی له‌گه‌ڵ تێكڕای ده‌قدایه وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی یه‌كپارچه، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ره‌قه‌تی پاچڤه‌ی ده‌ق بێت، له سه‌رێتی چۆنیه‌تی وه‌رگێڕانی دروستی زمانیش فێر بێت. چونكه زاڵی به سه‌ر زماندا، یه‌كێكه له پێشمه‌رجه‌كانی پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان. هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه وه‌رگێڕ ده‌بێت زمانه‌وان بێت یان زانای بواری زمان بێت، به‌ڵكو پێویسته چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی زمان بزانێت.
هه‌ڵبه‌ته وه‌رگێڕان جۆره شه‌قڵ و مۆركێكی گفتوگۆی پێوه‌یه، دیاره گفتوگۆ به زمان و له‌ناو زماندا ده‌كرێت، زمان ده‌كاته وشه (نیشانه)، ڕسته، ده‌ق (گوتار). هه‌ر وشه‌یه‌كیش چه‌ند ساده و سه‌ره‌تایی بێت له مانایه‌ك پتری هه‌یه و به چه‌مكێك پتر بارگاوییه یانی به فره‌مانایی ئاوسه. واتا مانا له هه‌ر جۆره به‌كارهێنانێكی وشه‌دا، به‌گوێره‌ی ڕسته و به‌پێی ده‌ق و گوتار ده‌گۆڕێت. وه‌رگێڕ له سه‌رێتی له میانه‌ی زمانی یه‌كه‌مه‌وه ڕۆحی ده‌قه‌كه كه‌شف بكات و به جۆرێكی داهێنه‌رانه‌ی ئه‌وتۆ بیكات به به‌ری زمانی دووه‌مدا، كه هه‌مان تام و بۆی ده‌قه ئۆرجیناڵه‌كه، به‌ڵام به ناسنامه‌ی وه‌رگێڕانه‌وه بدات. دیاره ئه‌م نه‌شته‌رگه‌رییه هه‌ستیاره ته‌نیا به زمان و له‌ناو زماندا ده‌كرێت، جا لێره‌دا مه‌به‌ست له چۆنیه‌تی به كارهێنانی زمانه، كه گره‌نتی ده‌قایه‌تی ده‌قه‌كه له زمانی دووه‌مدا ده‌كات.
ئایا وه‌رگێڕان كه‌ڵكی له مێژووی كورددا هه‌بووه؟
وه‌رگێڕان بۆ خۆی جۆره گفتوگۆیه‌كی شارستانییانه‌یه له‌لایه‌ن دوولایه‌نی هاوكێشه‌یه‌كدا، ئیتر دوو كه‌س بێ، دوو شارستانییه‌ت بێ، دوو دنیای ئه‌بستمۆلۆجیا و كولتوور و هونه‌ر و زانست بێ، دوو زمان بێ، دوو ئه‌زموون بێ. یانی گفتوگۆیه‌كی ئامانجدار و به‌رنامه‌داره. گفتوگۆ ئه‌گه‌ر گفتوگۆ بێ, له بواره كردهنییهكهیدا ده‌كاته پێشوازی له جیاوازی. ئه‌مه‌یش بۆ خۆی ده‌كاته كرانه‌وه، هه‌م بۆ ده‌ره‌وه و هه‌م بۆ ناوه‌وه. بۆیه وه‌گێڕانی باش و به‌رنامه‌دار و به‌رده‌وام وه‌رچه‌رخانی گه‌وره له بیر و هزرینی میله‌تدا چێ ده‌كات و زه‌وینه بۆ بزاڤێكی ئه‌بستمۆلۆجی و ڕۆشنبیری ڕه‌سه‌ن خۆش ده‌كات وه‌ك چۆن پاچڤه‌وان له ڕێی پاچڤه‌ی باشه‌وه له زمانی دووه‌مدا ده‌بێ به شه‌ریك یان نیمچه شه‌ریكی نووسه‌ر به‌و ئاوایهیش میله‌تان ده‌بن به شه‌ریكی فیكر و فه‌لسه‌فه و هونه‌ری یه‌كتر و دكارن یه‌كتر بخوێننه‌وه، هاماج و ئوتموسفیرێكی له باری له یه‌كتر حاڵی‌بوون بسازێنن و پێوه‌ندییه مرۆییه‌كان ڕیشاژۆ بكه‌ن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ی كوردی قڕه‌ی میله‌تانی دنیا، پاچڤه‌ی ئه‌زموونی ڕۆشنبیری و فیكری و فه‌لسه‌فی و هونه‌ری و ژیانی تۆماركراوی میله‌تان هه‌م زمانه‌كه‌مان ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كات و سه‌دان زاراوه و وشه‌ی هاوچه‌رخ ده‌ڕژێته ناوی، هه‌م بیر و هزرینی خۆمان به ئه‌زموونی پێشكه‌وتووی میله‌تان موتوربه ده‌كه‌ین.
به ڕاستی وه‌رگێڕان بۆ ئێمه له ڕووی زمانه‌وه، ده‌كاته پیتاندنی زمانه‌كه‌مان و كه‌شفكردن و وه‌گه‌ڕخستنی ئیمكانیات و وزه نهێنییه‌كانی زمانه‌كه‌مان و ده‌بێته هۆی ته‌قاندنه‌وه‌ی سه‌رچاوه خۆماڵییه‌كانی داهێنان، توانا و به‌هره‌ی نووسه‌ران و خوێنه‌رانمان ده‌خه‌مڵێ, به‌هره و سه‌لیقه و توانای به‌راوردكاری و جیاكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ڕه‌سه‌ن له به‌رهه‌می جه‌ڵه‌بی و بازاڕی ده‌ڕسكێ، نه خوێنه‌ر وه‌ك لایه‌نێكی زۆر گرینگی هاوكێشه‌ی پرۆسه‌ی نووسین، به‌رهه‌می جه‌ڵه‌بی قبووڵ ده‌كات، نه نووسه‌ر پڕكێشی ئه‌وه ده‌كات به‌رهه‌می كاڵوكرچ ڕهنگماڵ بكات و به نرخی شاكاری ئه‌بستمۆلۆجی و هونه‌ری به خوێنه‌ری بفرۆشێت. یانی وه‌رگێڕان ڕێیه‌كی قه‌دبڕی شارستانییه بۆ پێك گه‌یاندنی قهڵهمڕۆیینه ئه‌زموونه جیاوازه‌كان.
وشه/ دیمانه- ژیڤان خۆرانی