كه‌مێك پێش ئێسته لە شارۆكه‌ى شوان دوو پێشمەرگەى یه‌كێتى دواى ئه‌وه‌ى به هۆكارێكى نادیار چوونەته ناو بازگەیەکی پۆلیسی فیدراڵی، دواى ئه‌وه ئاڵۆزی لێکەوتووه‌ته‌وه و دوای بەهاناوەچوونی هێزێکی چه‌كدارى یه‌كێتى تەقەکردن لە نێوان هێزەکانی یه‌كێتى و پۆلیسی فیدراڵیدا دروستبووه.
سەرچاوەیەکی له هێزه ته‌ناهییه‌كان به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هه‌ینى لە شارۆكه‌ی شوان دوو پێشمەرگەى سه‌ر به یه‌كێتى گوایه بەهەڵە چوونەتە ناو بازگەیەکی پۆلیسی فیدراڵیەوە، به‌ڵام ئێمه گومانمان هه‌یه بۆ ئاژاوه دروست كردن نێردرابن.
"وشه" زانیوویه‌تى، كه پێشمەرگەکانى یه‌كێتى دواى ئه‌وه‌ى چوونەته ناو بازگەکە لەلایەن پۆلیسی فیدراڵیەوە چەک کراون و ئیهانەیان پێکراوە، بۆ بەهاناوەچوونی ئەو دوو پێشمەرگەیە، هێزێکی چه‌كدارى یه‌كێتى چوونه‌ته بازگەکە و بەهۆیەوە ئاڵۆزی له نێوان هەردوولا دروست بووه و تەقەیان لەیەکتری کردووه.
به‌پێى زانیارییه‌كان، ئێسته دوو پێشمەرگەکە له‌لای پۆلیسی فیدڕاڵیین و گوازراونەتەوە بۆ بارەگای لیوای پۆلیسی فیدراڵى له شوان، بڕیاریشه دواتر بنێردرێن بۆ كه‌ركووك و ڕاده‌ستى دادگاى سه‌ربازى بكرێن.
ئێسته دۆخى ناوچه‌كه به ته‌واوى ئاڵۆز بووه و له به‌رانبه‌ر جوڵاندنى هێز له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه بۆ ناوچه‌كه هێزێکی زۆری پۆلیسی فیدراڵی عێراقى ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون و ئێسته گەیشتوونەتە ئەو بازگەیەی کە ئاڵۆزیەکەی تێدا دروستبووە و چه‌كى قورسیان پێه.