ماوەی نۆ مانگە بەرپرسە باڵاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ئاستی سیاسی و سەربازی لە میدیاكان هەڕەشەی هێرش و لەناوبردنی ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات و بە تایبەت "دیموكراتەكان" لەناو خاكی هەرێمی كوردستان دەكەن، لە دوای تەقینەوەكانی شەوی 20ی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری قەڵای دیموكرات، چاودێران و سیاسەتوانانی رۆژهەڵاتی كوردستان باس لە مەترسی دەست پێكردنەوەی تیرۆری ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات لە باشووری كوردستان دەكەن لەلایەن ئێرانەوە.
لە نەوەتەكانی سەتەی رابردوو، لەناو خاكی هەرێمی كوردستان زیاد لە 320 ئەندامی ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێران لە باشووری كوردستان تیرۆر كراون كە 180 كەسیان پێشمەرگە و كادر و ئەندامی سەركردایەتیی حزبی دیموكرات بوون. ئەو حزبە لە دوای تەقینەوە تیرۆریستییەكەی شەوی یەڵدا، لە بەیاننامەیەكدا هۆشداری دا "كۆماری ئیسلامیی ئێران هاوشێوەی نەوەتەكانی سەتەی رابردوو شەپۆلێكی نوێی تیرۆری ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات" لە هەرێمی كوردستان دەست پێ بكاتەوە.
حدكا بە فەرمی داوای لە حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كرد، "تەقینەوەی تیرۆریستی لە دژی حزبی دیموكراتی كوردستان وەك زەنگێكی مەترسی و سەرەتایەكی بە كردەوە دەستپێكردنەوەی پیلانە تیرۆریستییەكانی ڕژێمی ئێران لە هەرێمی كوردستاندا، چاو لێ بكەن". قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستان بۆ "وشە" رای دەگەیەنێت "حزبی دیموكراتی كوردستان لە تاوانباركردنی رژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئەنجامدانی ئەم تەقینەوە تیرۆریستییە، پشتی بە كۆمەڵێك بەڵگە و هۆ بەستووە. ئەو ڕژێمە، هەر لە هەرێمی كوردستان لە دەیەی نەوەتی زاینیدا، دەیان تاوانی تیرۆریستیی گەورەی لە دژی لایەنە سیاسییەكان و تێكۆشەرانی كوردی ڕۆژهەڵاتی و بنەماڵەكانیان ئەنجام داوە".
دەستپێكردنەوەی شەپۆلێكی نوێی تیرۆری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە باشووری كوردستان لە بەیاننامەكەی حدكدا، وەك "زەنگیی مەترسی" وەسف كرابوو. لای خۆیانەوە چاودێرانی سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستان تەقینەوەكەی بەردەم بارەگای دەفتەری سیاسیی "حدك" بە سەرەتای دەست پێكردنەوەی ئەو شەپۆلە دەزانن.
قادر وریا هەوڵەكانی كۆماری ئیسلامی لەو پێناوەدا ئاشكرا دەكات و رای دەگەیەنێت "كۆماری ئیسلامیی بۆ چالاككردنەوەی نیازە تیرۆریستییەكانیان لە هەرێمی كوردستان و لە دژی حزبی دیموكرات و لایەنە سیاسییەكانی تری ڕۆژهەڵاتی كوردستان، پێوەندییان لەگەڵ ژمارەیەك لە هاودەستانی خۆیان لە دەیەی نەوەتی هەتاویدا بەستووەتەوە و داوایان لێ كردوون بۆ ئەم مەبەستە هاوكارییان بكەن".
ئەو تیرۆرانەی كۆماری ئیسلامیی لە نەوەتەكانی سەتەی رابردوو لە هەرێمی كوردستان دژ بە ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات ئەنجامی داون، لەكاتێكدا بووە هەرێمی كوردستان بە دۆخی قورسی شەڕی ناوخۆییدا تێدەپەڕی. چالاكێكی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستانیش ئاماژە بەوە دەدات، پێشمەرگەی رۆژهەڵات لە باشووری كوردستان تەنیا نییە.
ناسر باباخانی مامۆستای زانكۆ و چالاكی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ "وشە" دووپاتی دەكاتەوە "زۆر فاكتەر رۆڵیان هەیە و ئەگەری دووبارەبوونەوەی نەوەتەكانی سەتەی رابردوو كاڵ دەكاتەوە. بۆ وێنە پێمان وابێ ڕێك ئەو كارەی ئێران بە یارمەتی دەستوپێوەندەكانی لەگەڵ موجاهیدینی خەڵق كردی بتوانێ بەسەر هێزەكانی ڕۆژهەڵاتیشیدا بێنێ، ئەوە روو نادات، چونكە لە ڕاستیدا نە كوردستان بەغدایە و نە پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات وەك موجاهدین بێ كەسە. هەر ئەو ئاماژانەی لە ناوخۆی باشوور چ لەلایەن خەڵك و چ لەلایەن هەندێك حزبی سەرەكیی باشوورەوە دەبینرێن، سەلمێنەری ئەوەن ڕۆژهەڵات پێگەی خۆی هەیە".
"نابێ هاوكێشە سیاسییە نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستان وەك دیفاكتۆی سیاسی لە بیر بكەین. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گومانم نییە لەوەی كۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبێ لەو كردەوە تیرۆریستییانە بە هۆی دەستوپێوەندەكانی لە خاكی باشووردا، وەك پیشەی ساڵانی ڕابردووی" باباخانی وای گوت.
مەترسی دەست پێكردنەوەی تیرۆری كوردانی رۆژهەڵات لە باشووری كوردستان، 30 حزب و لایەنی هەر چوار پارچەی كوردستانی لە مەكتەبی سیاسیی حدك كۆ كردەوە و لە 25ی كانوونی یەكەم/دیسێمبەردا بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بۆ پاڵپشتیكردن لە حزبی دیموكرات و خەباتی نەتەوەیی لە رۆژهەڵات بڵاو كردەوە.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوە دراوە: "لە نەوەتەكانی سەدەی بیستدا بە داخەوە سەتان كادر و پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگری حزبەكانی ڕۆژهەڵات و بنەماڵەكانیان لە باشووری كوردستان بوون بە قوربانیی پیلانە تیرۆریستییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران". هاوكات روونیش كراوەتەوە، "چۆن دەتوانین ڕێگە بدەین ڕۆڵەكانی بەشێكی تری كوردستان لەسەر خاكی هەرێم ببن بە ئامانجی تیرۆر".