خێزانی "محه‌مه‌د" پێنج مانگه چاوه‌ڕوانی گرتنی بكوژانی كوڕه‌كه‌یان ده‌كه‌ن و وه‌ك ئه‌وان ده‌ڵێن، "له هه‌ولێرن و به‌ئازادی ده‌سووڕێنه‌وه و ناگیرێن".
محه‌مه‌د عه‌بدولخالق /٣٣ ساڵ/ ئه‌ندازیاری ئایتی بوو، ماوه‌ی ١٤ ساڵ فه‌رمانبه‌ر بوو له په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ڵام ئێواره‌ی ١/٩/٢٠١٨ له شه‌قامی ڕووناكی نزیك فولكه‌ی زراعه له هه‌ولێر به ده‌ستڕێژی فیشه‌ك ده‌كوژرێت و پوورزایهكیشی به‌ناوی "موئمین" به سه‌ختی بریندار كرا.
ماڵباتی محه‌مه‌د داوا ده‌كه‌ن كه‌یسی كوژرانی كوڕه‌كه‌یان و نیوه مردووكردنی كوڕه‌كه‌ی تریان دانه‌خرێت و تاوانباران به سزای خۆیان بگه‌ن. چونكه ئێسته نزیك پێنج مانگ به‌سه‌ر كه‌یسه‌كه‌دا تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام تۆمه‌تباران نه‌گیراون.
ئه‌مین نه‌جات پوورزای محه‌مه‌د و برای موئمین، شایه‌تحاڵی رووداوه‌كه‌یه و به"وشه" ده‌ڵێت، ئه‌و ئێواره‌یه له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د و براكه‌ی ویستوویانه بچن نان له ده‌ره‌وه بخۆن، له‌وكاته‌دا ئۆتۆمبێلێكی جۆری تاكسی هاته ته‌نیشت ئۆتۆمبێلی ئه‌مین كه محه‌مه‌د لێی ده‌خوڕی و من له سه‌كن و موئمینی برام له دواوه دانیشتبوو.
به‌گوته‌ی ئه‌مین، "له‌وكاته‌دا برایه‌كی خێزانی محه‌مه‌د به‌ناوی (ب. ت) به ده‌مانچه ده‌ستڕێژی فیشه‌كی لێ كردین و راسته‌وخۆ محه‌مه‌د گیانی له ده‌ست دا و موئمینیش به سه‌ختی بریندار بوو".
ڕووناك عارف /62 ساڵ/ دایكی محه‌مه‌دی تاقانه‌یه، ئازاری كوشتنی كوڕه‌كه‌ی وه‌ك خۆی باسی ده‌كات، گه‌وره‌ترین كه‌سه‌ری له‌سه‌ر دڵی دروست كردووه، ئه‌و به‌گریانه‌وه به"وشه" ده‌ڵێ، "هیچم ناوێت ته‌نیا بزانم بۆ وایان له كوڕه‌كه‌م كرد؟ ئاخر من و كوڕم و خوشكه‌كانیشی له خزمه‌ت كچیاندا بووین و قه‌ت خراپه‌مان بۆی نه‌بوو، بۆ وایان كرد؟".
رووناك ده‌سته‌كانی به‌رز ده‌كاته‌وه و هاوار ده‌كات، "خودا هه‌قی كوڕه‌كه‌م بستێنێت، چونكه وه‌ك شاخ بوو بۆ من و چوار خوشكه‌كه‌ی له دوای مردنی باوكی، ئێسته هه‌م هاوسه‌ره‌كه‌م نه‌ماوه و هه‌م كوڕه‌كه‌م كوژرا، بێكه‌س مامه‌وه و تاكه كه‌سم خودایه".
ڕووناك وه‌ك خۆی گوتی له ده‌ردی بێكه‌سیدا بیر له‌وه ده‌كاته‌وه كه ئه‌گه‌ر هاوسه‌ری بمایه، ئه‌و ماڵه نه‌یانده‌توانی كوڕه‌كه‌ی بكوژن، چونكه هاوسه‌ری جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌رێمی كوردستان بووه /لیوا عه‌بدولخالق خه‌تاب/. ئه‌و ژنه به ته‌مه‌نه ئیتر خۆی پێ نه‌گیراو به گریانه‌وه گوتی، "زانییان بێ باوك و بێ برایه، بۆیه ئاوایان به‌سه‌ر هێنا".
ڕووناك ورده‌كاریی كێشه‌كه ده‌خاته ڕوو كه به‌گوته‌ی خۆی "هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بووكه‌كه‌م له‌گه‌ڵ بچووكترین كێشه براكانی و دایكی ده‌هێنایه ماڵی محه‌مه‌د و هه‌ڕه‌شیان لێ ده‌كرد". دووپاتی كرده‌وه كه "له مانگی چواری ساڵی رابردوودا /پێنج مانگ به‌ر له كوشتنی محه‌مه‌د/ دوو برای بووكه‌كه‌م به‌سه‌ر ماڵیاندا دا و هه‌م له محه‌مه‌دیان دا، هه‌م ده‌رگه و په‌نجه‌ره‌ی ماڵیان شكاند". بۆ به‌ڵگه‌ی قسه‌كانیشی ئاماژه به‌وه ده‌كات كه خوا و دراوسێ و بنكه‌ی پۆلیسیش شایه‌تی قسهكانین.
كچه‌كه‌ی محه‌مه‌د ئێسته له لای دایكیه‌تی و له ماڵی باپیری ده‌ژی، دایكی محه‌مه‌د باس له‌وه ده‌كات كه كوڕه‌كه‌یان كوشت و ڕێیش ناده‌ن كچه‌كه‌ی ببینێ و ده‌پرسێ "ئه‌وه چ عهزابێكه؟"
ئه‌و ده‌ڵێ، ئێسته ته‌نیا له خه‌ودا كوڕه‌كه‌م و نه‌وه‌كه‌م ده‌بینم، له خه‌وێكدا محه‌مه‌د به‌دایكی گوتووه (خودا درێژه‌ی ده‌داتێ، به‌ڵام حه‌قیشم ده‌ستێنێ) بۆ دایكێكی به‌ساڵاچوو وه‌ك ژیانه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ی وایه ئه‌و خه‌ونه و خۆی گوتی، "هێنده‌ی دنیا دڵم به‌و خه‌ونه خۆشه".
موئمین نه‌جات پوورزای محه‌مه‌د، ئه‌و كوڕه‌یه كه له ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌دا بریندار كرا، ماوه‌ی سێ مانگ له نه‌خۆشخانه له‌ژێر چاودێری چڕی پزیشكدا ده‌بێت و دوو نه‌شه‌رگه‌ری بۆ ئه‌نجام دراوه، یه‌كێك له گورچیله‌كانی ده‌رهێنراوه و به‌شێك له جگه‌ریشی بڕاوه. به‌گوته‌ی خۆی پزیشك پێی گوتووه دوو نه‌شته‌رگه‌ری گه‌وره‌ی تری له پێشه، بۆ ده‌رهێنانی ئه‌و دوو فیشه‌كه‌ی له‌ناو به‌شه‌كه‌ی تری جگه‌ری و بڕبڕه‌ی چه‌قیون.
موئمین /١٩ ساڵ/ باسی شه‌وی ڕووداوه‌كه ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی بینی و ده‌ڵێت، "ئه‌و تاكسییه‌ی هاته ته‌نیشت ئۆتۆمبێله‌كه‌مان و (ب، ت)ی تێدابوو، به ده‌مانچه گوله‌بارانی كردین، ده‌زانم محه‌مه‌د فیشه‌ك به‌ر سه‌ری كه‌وت و تا چوار فیشه‌كم ئاگا لێ بوو، به‌ڵام من یه‌ك فیشه‌ك به‌ر سه‌رم كه‌وت و له ئۆتۆمبێله‌كه ڕام كرده ناو یه‌كێك له كۆڵانه‌كان، له‌وێ چوار برای تری وه‌ستابوون به كڵاشینكۆفه‌وه و دووباره گوله‌باران كرام، نازانم چه‌ند فیشه‌كم به‌ركه‌وت، كاتێك به‌هۆش هاتمه‌وه له نه‌خۆشخانه بووم".
ناسینی محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی له ڕێی خوشكه‌كه‌یه‌وه ده‌بێت، له دوای ده‌ستبه‌كاربوونی خوشكی محه‌مه‌د، ئه‌و كچه ده‌بێت به هاوڕێی و به محه‌مه‌دی ده‌ناسێنێت، له ماوه‌یه‌كی كورتدا هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ده‌كات، به‌ڵام هه‌ر له سه‌ره‌تاوه كێشه‌ی زۆریان ده‌بێت له‌سه‌ر چه‌ندان بابه‌ت، به‌گوته‌ی كه‌سوكاره‌كه‌ی "له هه‌موو كێشه‌یه‌كدا براكانی و دایكی هاوسه‌ری محه‌مه‌د ده‌ستوه‌ردانیان كردووه". ماوه‌ی هاوسهرگیرییهكهیشیان ته‌نیا ساڵێك و سێ مانگ بووه.
دوای ئه‌وه‌ی محه‌مه‌د بڕیار ده‌دات له هاوژینه‌كه‌ی جیا ببێته‌وه، كێشه و هه‌ڕه‌شه‌كانی ماڵی باوكی خێزانه‌كه‌ی زیاتر ده‌بێت و براكانی پێیان گوتووه ته‌ڵاقدانی خوشكه‌كه‌یان خوێنڕشتنی به‌دواوه ده‌بێت. دایكی محه‌مه‌د هه‌موو ئه‌و نامه و ده‌نگانه‌ی له‌لایه كه هه‌ڕه‌شه له كوڕه‌كه‌ی پێ كراوه، ته‌نانه‌ت دواین نامه‌ی هه‌ڕه‌شه دوو سه‌عات پێش كوشتنی له‌لایه‌ن (ب ، ت) بۆی هاتبوو.
ڕێوشوێنێكی یاسایی بۆ جیابوونه‌وه‌ی محه‌مه‌د و هاوسه‌ره‌كه‌ی ته‌واو كرابوو له دادگا و ته‌نیا شتێك ده‌مێنێت ته‌سدیقی بڕیاره‌كه‌یه كه بڕیار بوو ڕۆژی ٢/٩/٢٠١٨ بكرێت، به‌ڵام له ئێواره‌ی ڕۆژی پێشتردا محه‌مه‌د كوژرا.
مامۆستا نه‌جات باوكی موئمین و هاوسه‌ری پووری محه‌مه‌د، له‌باره‌ی رووداوه‌كه‌وه ده‌ڵێ "ئێمه نامانه‌وێ دوژمنداریی هیچ كه‌س بكه‌ین، ڕۆژانه قسه‌مان بۆ دێته‌وه كه ئه‌و بكوژانه له‌ناو هه‌ولێرن و نه‌گیراون، به‌ڵام ئێمه ددانمان به‌خۆماندا گرتووه و به‌ڕێی یاسا مافی كوڕه‌كانمان وه‌رده‌گرینه‌وه".
ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات كه "ماڵی باوكی كوڕه‌كان داوایان كردووه له ڕێی سوڵحی عه‌شایه‌رییه‌وه كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام ئێمه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕازی نین، نه دوژمنداری ده‌كه‌ین نه سوڵح ده‌كه‌ین، با دادگا بڕیار بدات".
باوكی موئمین لایه‌نێكی تری سكاڵایه له‌و ته‌قه‌كه‌رانه و ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له به‌رانبه‌ر برینداركردنی كوڕه‌كه‌ی كه هێشتا چوار فیشه‌ك له لاشه‌ی ده‌رهێنراوه و دووانی تێدا ماوه، سكاڵای یاسایی تۆمار كردووه و چاوه‌ڕوانی گرتنی تۆمه‌تباران ده‌كات.
ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو كه "زۆر نه‌گونجاوه تا ئێسته حكوومه‌ت و یاسا نه‌توانێ تاوانبار بگرێت، له كاتێكدا هه‌موو به‌ڵگه‌یه‌ك به هه‌بوونی شایه‌ت و ڤیدیۆ و كامێرای شه‌قام و نامه و هه‌موو شت روونه".
برزۆ سه‌عید پارێزه‌ی كه‌سوكاری محه‌مه‌د بۆ "وشه" گوتی، كه‌یسی محه‌مه‌د ماده‌ی ٤٠٦ی یاسای سزادانی عێراقه و به كوشتن یه‌كلا كراوه‌ته‌وه، بكوژه‌كانیش دیارن و تا ئێسته سزاكه‌یان گرتنی هه‌میشه‌یی یا له‌سێداره‌دانه.
به‌گوته‌ی پارێزه‌ره‌كه "محه‌مه‌د پێشتر له‌گه‌ڵ خێزانی كێشه‌ی هه‌بووه و بڕیار بووه لێی جیا ببێته‌وه، به‌ڵام له‌لایه‌ن براكانی ئه‌و ژنه‌وه ده‌كوژرێت، ئه‌وه‌ی له كامێرای چاودێری به ڕوونی دیاره كه محه‌مه‌د ده‌كوژێت (ب، ت)ه، ئه‌وه‌ی شایه‌تحاڵه‌كانیش باسی ده‌كه‌ن چوار برای تریشی له كۆڵانه‌كاندا بۆ ئه‌و كاره له ئاماده‌باشیدا بوون".
ئه‌و پارێزه‌ره رای ده‌گه‌یه‌نێت كه پێنج كه‌س فه‌رمانی گرتنیان هه‌یه، ته‌نیا یه‌ك له براكانی به‌ناوی (ح، ت) خۆی ڕاده‌ستی پۆلیس كردووه، ئه‌وانیتر به‌پێی قسه‌ی موهكیلهكان بێت له ده‌ره‌وه‌ی كوردستانن، بۆیه ئێمه خه‌ریكین له ڕێی پۆلیسی ئینته‌رپوله‌وه بێنه گرتن.
"وشه" بۆ گه‌یشتن به‌هۆی نه‌گرتنی تۆمه‌تبارانی ئه‌م دۆسیه، پێوه‌ندی به پۆلیسی هه‌ولێره‌وه كرد، به‌ڵام ئاماده نه‌بوون لێدوان له‌و باره‌یه‌وه بده‌ن. ته‌نیا ئه‌وه‌نده زانیاری ده‌ستكه‌وت كه لێكۆڵینه‌وه ته‌واو بووه و دۆسیه‌كه له دادگایه.
وشه/ ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان