فەیسبووك یادی 15 ساڵەی بە ئابڕووچوونەوە دەكاتەوە

:: AM:11:22:05/02/2019 ‌
فەیسبووك، یادی 15 ساڵەی دامەزراندنی وەك گەورەترین تۆڕی كۆمەڵایەتی لە دنیادا دەكاتەوە كە ژمارەی بەكارهێنەرانی لە ژمارەی دانیشتووانی گەورەترین وڵاتی دنیا زیاترە و خاوەنەكەشی كردە ملیاردرێرێكی جیهانی. بەڵام جیاواز لە یادەكانی تر، یادی ئەمساڵی هاوكاتی ئابڕووچوونەكانییەتی.

ئەمڕۆ سێشەم پێنجی شوبات/ فێبرایەر، فەیسبووك وەك گەورەترین تۆڕی كۆمەڵایەتی هاوڕێ گرتن لە سەرانسەری دنیا، یادی 15 ساڵەی دامەزراندنی دەكاتەوە، تا ئێستەش ژمارەی بەكارهێنەرانی ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییە گەیشتووەتە دوو ملیار و 500 ملیۆن كەس و لە چین وەك گەورەترین وڵات لە رووی ژمارەی دانیشتووانەوە كە ملیارێك و 500 ملیۆن كەسە، بەكارهێنەرانی زیاترە و خاوەنەكەشی كە مارك زوكربێرگی خاوەنی كرد بە یەكێك لە ملیاردێرە هەرە گەورەكانی دنیا.

2018 بۆ فەیسبووك، دەكرێت بە ساڵی ئابڕووچوون بناسێنرێت، دەیان راپۆرتی میدیایی لەسەر ئابڕووچوونەكانی فەیسبووك لە بارەی دزە پێكردنی زانیارییە كەسییەكانی بەكارهێنەرانی، كە دیارترینیان ئابڕووچوونەكەی كامبریدج ئانالتیكا بوو.

 ئابڕووچوونەكانی فەیسبووك وایكرد مارك زوكربێرگ بانگهێشتی لیژنەیەكی كۆنگرێسی ئەمەریكی و پەرلەمانی ئەوروپی بكرێت، كۆمپانیاكەش دانی بە كۆمەڵێك هەڵە نا كە لە ساڵانی رابردوو روویان داوە، بەڵام هێشتا كاریگەری نەكردە سەر پێگەی لە ریزبەندی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئەگەرچی پشكەكانی بەهۆیەوە لە بازاڕی بۆرسە دابەزین.
لە ئێستەدا بەگوێرەی ئامارەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، لە كۆی چوار ملیار و 200 ملیۆن بەكارهێنەری ئینتەرنێت لە دنیا، دوو ملیار و 700 ملیۆن كەس لە دنیا هەژمارێكیان هەیە كە سەر بە فەیسبووكە، جا چ فەیسبووك بێت یان ئینستاگرام و واتس ئاپ بێت.

بەگوێرەی داتاكانی كۆمپانیاكە بێت، داهاتی سێ مانگی كۆتایی 2018 گەیشتووەتە 12 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار، بەمەش رێژەی 30%ی بە بەراورد لەگەڵ 2017 زیادی كردووە و پشكەكانیشی بە رێژەی 61% بەرز بووەتەوە و بەمەش گەیشتە پێنج ملیار و 100 ملیۆن دۆلار.

 



وشە - فه‌رمان سادق