كەمێك پێش ئێستا لەسەر ڕێگەی سەیدسادق ئۆتۆمبێلێك بەهۆی تیژڕەویەوە ژمارەیەكی زۆر لە مەڕ و بزن دەكات بەژێرەوە، بە گوتەی شایەتحاڵەكان ژمارەیان 35 سەر مەڕ و بزنە.
هیوا نوری، شایەتحاڵی ئەو ڕووداوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمشەو 14ی 10ی 2016، ئۆتۆمبێلێكی جۆری قەمەرە لە سەر ڕێگای سەیدسادق بەهۆی تیژڕەویەوە خۆی بە ناو ژمارەیەكی زۆر لە مەڕ و بزن دەكات و بەهۆیەوە چەندین مەڕ و بزن دەكات بە ژێرەوە.
گوتیشی: "ئەو ڕووداوەكە لە نزیك گوندی توتا خاج بووە و مەڕو بزنەكانیش هی هاوڵاتیانی ئەو گوندە بوون، لە كاتی چونەوەیان بووە بۆ ناو گوندەكە، بەڵام ئەو ئۆتۆمبێلە بەهۆی تیژڕەویەوە خۆی كردووە بە ناویان و 35 مەڕ و بزنی كردووە بە ژێرەوە و شێلاونی".
زیاتر دەڵێ: "هەرچەند بەهۆی تاریكیەوە دوو هاوڵاتی لەسەر جادەكە ڕێنمونیان داوەتە شۆفێران تا ئاگاداریان بكەنەوە لەوەی كە لەسەر خۆ بڕۆن تا ئەو مەڕ و بزنانە بپەڕنەوە، بەڵام ئەو ئۆتۆمبێلە زۆر خێرابووە و خۆی پیا كردووە و كارەساتەكە ڕوویداوە".
وشە، هۆشیار عەلی
پێداچوونهوه، عهلی سدیق