یەكێتی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان یەكلا دەكاتەوە.. ناوەكەی لە "وشە" بخوێننەوە

:: PM:03:17:06/02/2019 ‌
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كاندیدی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دیاری دەكات و بۆ ئەو مەبەستەیش ئەنجوومەنی سەركردایەتی ئەو حزبە كۆ دەبێتەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەنجوومەنی سەركردایەتی بۆ پەسەندكردن و هەڵبژاردنی كاندیدی نوێی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبێتەوە، بەڵام كەی و چۆن كۆ دەبێتەوە هێشتا وادەكەی دیاری نەكراوە.

هاوكات بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" لە نێوان بێگەرد تاڵەبانی و ڕێواز فایەق كە ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیشن، هێشتا هیچ كامێكیان یەكلا نەبوونەتەوە.

لای خۆیەوە رێبوار بابكەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یەكلا بووەتەوە دەبێت ئەوانیش كاندیدی بۆ دەستنیشان بكەن.

زیاتر گوتی، بەپێی زانیارییەكان بێگەرد تاڵەبانی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان دەبێتە سەرۆكی پەرلەمان و ئەوە یەكلا بووەتەوە".

پەرلەمانتارەكەی پارتی ئاماژەی بەوە كرد، رۆژی 18ی ئەم مانگە پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی دووەمی خۆی ساز دەكات، ئاسۆكانی پێكهێنانی حكوومەت نزیكتر دەبنەوە و رەنگە هەر لەو دانیشتنەدا سەرۆك و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دیاری بكرێن.

دوێنی كۆبوونەوەیەك لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڕێوە چوو، ئەو دوو حزبە لەسەر سێ‌ خاڵ ڕێككەوتن و بڕیار درا كە ڕۆژی 18ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئەنجام بدرێ‌.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - سه‌رخێڵ هاشم