كچ و كوڕێكی گەنج لەسەر ماچكردن بە لێدانی جەڵد سزا دران

:: PM:03:53:06/02/2019 ‌

لە هەرێمێكی ئەندەنووسیا  كچ و كورێكی گەنجی تەمەن 18 ساڵ كە لە شوێنێكی گشتی یەكتریان ماچ كردبوو سزایەكی شەریعەتی ئیسلامییان لەسەر جێبەجێ كرا و لە پێش خەڵكی ناوچەكە 17 جەڵد لە هەر كامێكیان درا.

هەرێمی ئاچێ یەكێكە لە هەرێمەكانی ئەندەنووسیا كە یاسای تایبەت بە خۆی هەیە و سەرووی 98%ی دانیشتووانەكەی مسوڵمانن. لەم هەرێمە سزای ئیسلامی لەسەر ئەو جۆرە تاوانانە جێبەجێ دەكرێت و خەڵكەكەشی بەم جۆرە سزادانە رازین.

پێشتریش پیاوێكی تەمەن 35 ساڵ بەهۆی ئەوەی كە پێوەندی سێكسی لەگەڵ ژنێكدا هەبوو سزای لێدانی جەڵدی بەسەردا سەپێنرا.

داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ ئەم سزایانە بە سزایەكی خراپ هەژمار دەكەن و پێیان وایە نابێت بە یاسای شەریعەتی ئیسلام كار بكرێت و سەرۆك كۆماری ئەندەنووسیاش داوای كردووە كۆتایی بەم جۆرە سزادانانە بێت.

بەگوێرەی "یۆرۆنیوز" لە ساڵی 2001ەوە تاوانبار بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلام لەم هەرێمە سزا دەدرێت. بە پێی یاسایەكیش كە تایبەتە بە هەرێمەكە لە دوای سەعات 11ی شەو ژنان بۆیان نییە سەردانی كافتریا و یاریگاكان بكەن.

هەروەها ئەمە قەدەغە كراوە ژنان لە پشت بایسكڵ یان ماتۆڕ دابنیشن، بەڵكو دەبێت هەردوو پێیان بە لایەكی ماتۆڕ یان بایسكلدا شۆڕ بكەنەوە.

پێویستە بگوترێت هەرێمی ئاچێ چەندان دەیە هەوڵی ئەوەیان دا لە ئەندەنووسیا جیا ببنەوە و دواجار حكوومەتی ئەندەنووسیا مافی ئۆتۆنۆمی بەو هەرێمە دا.



وشە - سلێمان تاشان