یاسایەك بۆ قەرەبووكردنەوەی قوربانییانی جینۆساید و كیمیاباران ئامادە دەكرێت

:: PM:12:20:07/02/2019 ‌

پڕۆژە یاسایەك بۆ قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری كیمیاباران و جینۆساید ئامادە دەكرێت و گرووپی دادوەری كوردستان سەرپەرشتی دەكات.

ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتی شوبات، یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، كۆبوونەوەی لیژنەی یاسایی یەكێتی پەرلەمانتارانی كودستان و سەرۆكی گرووپی دادوەری كوردستان و سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان بەڕێوە چوو.

ئاشكرا كراوە، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ كرا لەبارەی پرسی قەرەبووكردنەوەی قوربانییانی جینۆساید و چەكی كیمیایی و كاركردن لە ڕووی یاساییەوە بۆ قەرەبووكردنەوەی قوربانییەكان لە ڕێی دەركردنی یاسایەك لە پەرلەمانی كوردستان و كاركردنی ڕێكوپێك و ڕیكخراو بۆ دانە دادگای ئەو كۆمپانیایانەی یارمەتی ڕژێمی پێشووی عێراقیان داوە دژ بە گەلی كوردستان بۆ ئەوەی بخرێنە ژێرباری لێپرسینەوەی یاسایی .

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر، چەندان جار پێوەندی بە ئەیاد كاكەیی سەرۆكی لقی هەولێر سەندیكاری پارێزەران كرد، بەڵام وەڵامی پێوەندییەكەی نەدایەوە.

ڕژێمی عێراق لە ماوەی ڕابردوودا چەندان تاوانی گەورەی دژی كورد ئەنجام داوە وەك كیمیاباران و ئەنفال و ڕاگواستن و تاوان و كوشتنی جۆراوجۆر، ئەوەیش بووەتە كۆمەڵێك بەڵگە كە لەلایەن چەند كۆمپانیای وڵاتانی تر یارمەتی دراوە بۆ ئەو تاوانانە.



وشە - رامیار جەواد