سوپای عێراق و داعش خۆیان بۆ گەڕێکی تری جەنگی مووسڵ ئامادە کردووە

:: PM:09:04:28/12/2016 ‌
فەرماندەی سەربازییەکانی عێراق و زانیارییەکان لەناو گەڕەکەکانی مووسڵ کە تا ئێستە بەدەستی داعشەوەن ئاماژە بۆ ئامادەسازی هەردوولا بۆ گەڕێکی تری جەنگ بەمنزیکانە دەکەن، لەناو بۆردمانی سەختی هاوپەیمانان کە دوا پردی نێوان هەردوو بەری شاری مووسڵیان تەقاندووەتەوە.

بەپێی سەرچاوەکان لە ناو شاری مووسڵ بەتایبەتی لە ناوچەکانی دەستی داعش چەکدارانی رێکخراوەکە خەڵکی چوار گەڕەکی بەری چەپی شارەکەیان ناچار کردووە بۆ جێهێشتنی خانووەکانیان و ئەوانیان بەرەو ناوچە چۆڵەوانییەکان وەدەر ناوە.

بەپێی زانیارییەکان داعش خەڵکی گەڕەکەکانی حەدبا و 7ی نیسان و قەیرەوان و کندی لە باکوری مووسڵ ناچاری جێهێشتنی خانووەکانیان کردووە و مەبەستیش لەو رێوشوێنە بۆمڕێژکردنی خانووەکان و سەنگەرقایمکردنە تیایاندا لە ئەگەری هێرشی چاوەڕوانکراوی هێزە هاوبەشەکانی عێراق بۆسەر ئەو گەڕەکانە.

لەلایەکی تر هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە چەکدارانی داعش خۆیان لە گەڕەکەکانی موسەنا لە رۆژهەڵاتی مووسڵ حەشار داوە بەمەبەستی دەستپێشخستن و ئەنجامدانی دژەهێرش بۆسەر هێزەکانی عێراق لە گەڕەکەکانی زهوور و نوور و میشراق و مەسارف کە خەریکی ئامادەسازین بۆ هێرشکردنە سەر سەنگەرەکانی داعش لەو گەڕەکانەی کە تا ئێستە بەدەستیانەوە ماوە.

لەلایەکی تر دانیشتوانی مووسڵ و بەرپرسانی ئەو پارێزگەیە دووپاتیان کردەوە کە پردی حورییە دوا پردی نێوان هەردوو بەری شارەکە بەهۆی بۆردمانێکی ئاسمانی هاوپەیمانان لەکار کەوت، ئەوەش لە کۆی پێنج پرد کە پێشتر بۆردمان کراون.

دۆن دۆڕیان گوتەبێژ بەناوی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لای خۆیەوە دووپاتی کردەوە کە راوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان بەشداری راستەوخۆ لە جەنگی مووسڵدا ناکەن و تەنیا ئەرکی خۆیان بەجێ دەگەیەنن کە بریتییە لە مەشق و راوێژی سەربازی بۆ هێزە هاوبەشەکانی عێراق. 

لای خۆیەوە نورەدین قەبلان جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئەمڕۆ دووپاتی کردەوە کە بەمنێزیکانە دووەم قۆناغی جەنگی ئازادکردنەوەی مووسڵ دەست پێ دەکات و هێزە سەربازییەکان لە هەموو پۆڵەکان خۆیان ساز داوە و پێشبینی کرد ئەو قۆناغەی جەنگەکە خێراتر بێت لەوەی پێشتر.

 ئەمڕۆ لیوا نەجم جبووری فەرماندەی کردەوەگەلی نەینەوا رای گەیاند کە دوای پێشڕەوی هێزە هاوبەشەکانی عێراق لە قۆڵی باکوری مووسڵ و چوونیان بۆ ناو تەلاری ئەکادیمیای پۆلیس و ئازادکردنەوەی گەڕەکی زەیتوون و چەند ناوچەیەکی تر، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەکدارانی داعش دژەهێرشێکیان کرد کە لە 100 چەکدار پێک هاتبوون.

زیاتر گوتی، دژەهێرشەکەی داعش لە هەردوو قۆڵی تەلکیف و حەدبا بووە لە باکوری مووسڵ کە بێجگە لە خۆکوژان ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراویان پێ بووە و لە ئەنجامدا تێکشکاون و ژمارەیەک چەکداریشیان کوژراوە.

جبووری روونی کردەوە کە هاوپەیمانان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکە فڕۆکەی شەڕوان و مووشەکی های مارک و تۆپی زیرەکیان بەکار هێناوە، چەکدارانی داعشیش سوودیان لە دۆخی کەشوهەوای سەختی ئەمڕۆی مووسڵ وەرگرتووە.

ئەمڕۆ لە ئامارێکدا رۆژنامەی "عەرەبی ئەلجەدید" دووپاتی کردەوە کە لەوەتەی جەنگی مووسڵ دەستی پێ کردووە تا ئێستە و بەهۆی بۆردمان و جەنگەوە هەزار و دووسەت هاووڵاتی کوژراون لەوانە 850 لە ئەنجامی بۆردمانەکان کوژراون و ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە سێ هەزار و 700 کەس کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن.  

جەنگی ئازادکردنەوەی مووسڵ لە 17ی تشرینی یەکەمی رابردوو بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش دەستی پێ کرد و جەنگەکە گەیشتووەتە ناو سەنتەری شارەکە و تا ئێستە توانراوە 40 گەڕەک ئازاد بکرێتەوە. 

سەرچاوە: سۆمەرییە نیوز، حورە


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل