%82ی میوەی عەلوەكانی كوردستان هاوردەیە

:: AM:08:57:29/12/2016 ‌

دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، هەرچەند لە ماوەی ساڵی رابردوودا قەبارەی میوەجاتی خۆماڵی هەڵكشاوە، بەڵام بەرێژەی 82%ی كۆی گشتیی میوەجاتی عەلوەكانی هەرێمی كوردستان هاوردەیە و ئەوەش باری ئابووری لاواز دەكات و نرخ لە بازاڕەكاندا بەرز دەكاتەوە.

بەگوێرەی ئامارێكی تایبەت كە لەلایەن دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان ئامادە كراوە و وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە، بەڕێژەی 82,4%ی ئەو میوەجاتەی لە عەلوەكانی هەرێمی كوردستان دەفرۆشرێت، لە دەرەوەی كوردستان هاوردە كراوە و تەنیا 17,6%ی میوەجاتی عەلوەكان بەرهەمی خۆماڵییە.
لە ئامارەكەی دەستەی ئاماردا روون كراوەتەوە، ساڵی رابردوودا بڕی 415 هەزار و 719 تۆن میوەجات لە عەلوەكانی هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە، لەو بڕەدا 342 هەزار و 366 تۆن میوەجاتی دەرەوە و تەنیا 73 هەزار و 353 تۆن میوەجاتی خۆماڵی بووە، لەكاتێكدا ساڵی 2014 تەنیا بڕی 50 هەزار و 925 تۆن میوەجاتی خۆماڵی لە عەلوەكانی كوردستان تۆمار كراوە و ئەوەش بەرزبوونەوەیەكە بەرێژەی 44% بەراورد بە ساڵی پێشتر، بەڵام هێشتا میوەجاتی بیانی بەشێكی گەورەی بازاڕەكان پێك دێنێت و ئەوەش زیان بە باری ئابووریی وڵات دەگەیەنێت و نرخ لە بازاڕەكاندا بەرز دەكاتەوە، وەك ئەوەی دەستەی ئامار ئاماژەی بۆ كردووە.
بەگوێرەی داتاكانی دەستەی ئامار، هەرێمی كوردستان لە بەرهەمهێنانی سەوزەواتی هاوینە توانای زیاترە تا بە سەوزەواتی زستانە. داتاكان روونی دەكەنەوە، لە ساڵی 2015دا لە كۆی 100 هەزار و 148 تۆن سەوزەواتی زستانە كە لە عەلوەكانی كوردستان تۆمار كراوە، تەنیا 31 هەزار و 393 تۆن بەرهەمی خۆماڵی بووە كە دەكاتە رێژەی 31%ی كۆی گشتی سەوزەواتی زستانە، بەڵام 68 هەزار و 755 تۆن سەوزەوات هاوردە كراوە كە رێژەی 69% لە كۆی گشتی پێك دێنێت.
هەرچی پێوەندی بە سەوزەواتی هاوینەوە هەیە، 894 هەزار و 729 تۆن سەوزەواتی هاوینە لە عەلوەكانی كوردستان تۆمار كراوە، لەو رێژەیەدا 472 هەزار و 444 تۆن سەوزەواتی خۆماڵی كە رێژەی 53%ی كۆی گشتی سەوزەواتی هاوینە پێك دێنێت، لە بەرامبەر 422 هەزار و 285 تۆن سەوزەواتی هاوردە كە رێژەی 47%ی كۆی گشتی پێك دێنێت.
داتاكان كە لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە كراون، روونی دەكەنەوە كە عەلوەی هەولێر لە ساغكردنەوەی سەوزەواتی هاوینە و میوەجاتدا، پێش عەلوەكانی دهۆك، سلێمانی و گەرمیان كەوتووە، لەكاتێكدا عەلوەی دهۆك لە ساغكردنەوەی سەوزەواتی زستانەدا پێش عەلوەكانی هەولێر، سلێمانی و گەرمیان كەوتووە.



وشە - تایبه‌ت