32 هەزار هاووڵاتیی لە سلێمانی تووشی شەكرە بوون

:: PM:12:23:09/02/2019 ‌
بەپێی دواین ئاماری سەنتەری تووشبووانی شەكرە لە سلێمانی، ئێستە نزیكەی 32 هەزار هاووڵاتیی لە سنوورەكە تووشی ئەو نەخۆشییە بوون و بەرپرسێكی ئەو سەنتەرەیش دەڵێ، هەزاران كەسیش تۆمار نەكراون و لە قۆناغی پێش شەكرەدان.

ئەمڕۆ شەموو نۆی شوبات، دێرین ئەحمەد بەرپرسی بەشی سەنتەری نەخۆشانی شەكرە لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، تووشبووانی نەخۆشی شەكرە لە سلێمانی ساڵ بە ساڵ وەك تۆماركردن لە زیادبووندان و تا ئێستەش لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئەوانەی تۆمار كراون ژمارەیان  لە 32 هەزار تووشبوو نزیك دەبێتەوە.

روونی كردەوە كە شەكرە نەخۆشییەكی جیهانییە و زیاتر ئەو كەسانە تووشی دەبن كە كێشیان زیادە و هەروەها نەجووڵان و وەرزش نەكردنی هاووڵاتییان هۆكارێكی تری تووشبوونە بەو نەخۆشییە.

هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە هەزاران كەسی تووشبوو تا ئێستە نەهاتوونەتە سەنتەرەكە بۆ خۆ تۆماركردن لەگەڵ كەسانێك كە تووش بوون و تا ئێستە پشكنینیان نەكردووە، واتە خۆشیان بێئاگان لەوەی تووشی شەكرە بوون و كەسانێكیش لە قۆناغی پێش شەكرەدان واتە ئامادەن بۆ تووشبوون.

شەكرە نەخۆشییەكی درێژ خایەنە و ئێستە هاووڵاتییانی زۆربەی وڵاتان پێوەی دەناڵێنن، یەكێك لە نیشانە سەرەكییەكانی بریتییە لە بێتاقەتی و لاوازبوون و بەردەوام تینووبوون.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم