ژاكاو و براژنه‌كه‌ى پیاوان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن.. چیرۆكی خۆیان بۆ "وشە" باس دەكەن

:: PM:06:07:09/02/2019 ‌
لەگەڵ ژنە براكەیدا پێوەندی كاتی لەگەڵ چەند پیاوێك دروست دەكەن دوای ئەوەی بڕیك پارە یان دیاری جۆراوجۆر وەك "مۆبایل و ئاڵتوون و كەلوپەلی ژنانە"یان لێوەردەگرن لێیان جیا دەبنەوە، ئەو ژنە دەڵێت، هەندێك جار بە بەبێ‌ سوود لە پێوەندیەكە دەردەچن هەندێك جاریش لەبەرانبەردا ئەو پیاوانەیش سوودیان لێدەبینن. ئەوان خاوەن منداڵن و دەڵێن بۆ باشتر ژیانی خۆیان و منداڵەكانیان ئەو كارە دەكەن و هاوسەرە و كەسوكاریان بە هۆكار دادەنێن.

ژاكاو ژنێكی ئەسمەری قژ زەردی باڵا مامناوەندە، تەمەنی 34 ساڵە و خاوەنی دوو منداڵە، براژنەكەیشی تەمەنی 29 ساڵە و خاوەنی یەك منداڵە، وەك خۆی باسی دەكات ژاكاو بە زۆر بەشوودراوە و هاوسەرەكەی زۆر خراپە لە گەڵی، براژنەكەیشی بەهۆی خراپی براكەیەتی ئەو كارە دەكەن. ژاكاو بۆ "وشە" باسی ئەو پێوەندیانە دەكات كە لەگەڵ براژنەكەی بەیەكەوە هەیانە لەگەڵ چەندان پیاودا، ئەو دەڵیت، بە زۆر هیچیان لە پیاوان وەر نەگرتووە و ماڵی كەسیشیان خراپ نەكردووە.

زیاتر باسی ئەو پێوەندیانە دەكات و دەڵێت، یەكەم جار بەس لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە دەستم بەو كارە كرد ئەوكات براكەم ژنی نەهێنابوو، بە چەن سیمكارتێكی جیاواز قسەم لەگەڵ پیاوی نەناسراو دەكرد و دەنگم دەگۆڕی ئەوكات بەس كارتم پێ داخڵ دەكردن، ماوەیەك دوای ئەوە هەندێك لە پیاوەكان لەوە ساناتر دەستدەكەوتن، كارتی مۆبایل كەم نەبوو بەس بۆ ئەوەی قسەیان لەگەڵ بكەم پارەشیان دەدامی لەڕێی بازار و چوونە دەرێێ بەدزی ماڵەوە، چونكە نەیاندەهێشت بە ئاشكرا بچمە دەرەوە پارە وەربگرم.

ژاكاو نایشارێتەوە كە چەندان جار ڕووبەڕووی كێشەی گەورە بووەتەوە، دەڵێت هاوسەرەكەی زۆر گومانی لێدەكات و هەست دەكات كە شتێكی شاراوەی هەیە، بەپێكەنینەوە گوتی "نازاێت هەر شتێك نیە هەزار شتە" دەشڵیت ماوەیەك بەهۆی گومانی هاوسەرەكەی هیچی نەكردووە و سیمكارتەكانیشی شكاندووە، بەڵام كاتێك براكەی ژنی هێناوە و زۆر بووە بە هاوڕێی براژنەكەی و توانیوویەتی لە ڕێگەی ماڵی براكەیەوە بڕواتە دەرێ، بۆیە دووبارە دەستی پێ كردووەتەوە، بەڵام بە شێوەیەكی جیاواز تر.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی چۆن بۆی گونجاوە لەگەڵ ژنی براكەی بەیەكەوە ئەو كارە بكەن و چۆن ڕازی بووە براژنەكەی ناپاكی لە براكەی بكات گوتی، یەكەم جار براژنەكەم ئەو شتانەی نەدەزانی ئەو زۆر فەقیرحاڵ بوو، بەڵام دوای چاوم كردەوە، ئەی بۆ نەیكا براكەم ڕۆژ تا ئیوارە لەگەل كچی خەڵكی قسەی دەكات خیانەتی لێدەكات.

لە باسی براژنەكەی بەردەوام بوو، براژنەكەم فەقیرحاڵە و براكەمی زۆر خۆشدەوێ، بەڵام ئەو قەدری نازانێ بە هەڵكێشانی هەناسەیەكی قوڵەوە گوتی "جا ئەگەر پیاو قەدری ژنی خۆی بزانێت ژن پەنا بۆ پیاوی تر نابات" بەردەوامی بەقسەكانی دا من و شیلانی براژنم هیچی خراپ ناكەین، قسە لەگەڵ پیاوێك دەكەین ئەویش بە مەمنوونی وادەی بینینما دەداتێ هەرجار بەناوی شتێك دەچینە دەرێ پێكەوە جارێك دەڵێین دەچینە ئاریشتگا و جارێك دەڵێن، دەچینە حەمامی دەرەوە جارێك خەیات جارێك منداڵان دەبەنە پارك، كە دەچینە شوێنەكەش بەسەرە دەڕۆین من دەچم ئەو لەشوێنەكە دەمێنێ دوای من هاتمەوە ئەو دەچێت، بێگومان هەموو چونە دەرەوەیەكیشمان بەمانای ئەوە نایەت "ئێمە دەچین سیكس دەكەین، جار جارێك ناهێڵین دەستیشام لێ بدرێت".

ژاكاو ددان بەوەدا دەنێت ئەو كارەی ئەو و براژنەكەی دەیكات هەڵەیە و دەڵێت، هەموو چوونە دەرەوەیەكی لەبەردەم گەرەترین مەترسی دایە ئەوەش دانپێدادەنێت كە جارێك ئاشكرابن بەبێ شك دەیان كوژن، بەڵام دەڵێت، هەم فێربووە هەم هاوسەرەكەشی وەك ژنێك مامەڵەی لەگەڵ ناكات و ئەویش دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە وەك ژنێك بژیت و تۆڵەش لە هاوسەرەكەی بكاتەوە.

ژاكاو بەدەرفەتی زانی لەدوای باسكردنی بارودۆخی خۆی و براژنەكەی پەیامێك بۆ پیاوان بنێرێت گوتی، من ڕەنگە ڕۆژێك بكوژرێم یانیش خۆم بكوژم، ئەوكات با كەس نەڵێ نەخۆشی دەروونی هەبوو، چونكە زۆربەی ژنەكان كە خراپ دەبن پیاوەكانیان هاندەریانن، هاندان هەر ئەوەنیە چەپلەت بۆ لێبدەن، ژن ئەگەر هەستی بەوە نەكرد پیاوەكەی خۆشی دەوێت و وەك ژن ڕێزی دەگرێت ئەوكات لە مرۆڤ بوون دەردەچێت، بۆیە پیاوان ئاگاداری ژنەكانتان بن وەك مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵ بكەن.

هەولێر/ ئیڤان عبدولرەحمان





وشە - سه‌رخێڵ هاشم