عێراق.. میلیشیا و پارتە سیاسییەكان رێگرن لە هەڵدانەوەی دۆسیەی گەندەڵی

:: PM:08:26:09/02/2019 ‌

لە دیارترین ئەنجامی جەنگ لەدژی عێراق لە دوای 2003، دەركەوتنی ژمارەیەك میلیشیا و پارتی سیاسییە كە بەشێكیان بەسەر دەوڵەتی نوێی عێراق باڵادەستن و كاری رفاندن و تاڵانی و زەوتكردنی موڵكوماڵی كەسی و گشتی ئەنجام دەدەن، ئەوان زیاتر لەوە دەست بۆ زەویوزاری كشتوكاڵی و حكوومەتی لە بەغدا و پارێزگاكان دەبەن، بۆیە لەسایەی لاوازیی حكوومەت، ئەوان دەستیان بەسەر زۆرینەی زەویوزاری بەتاڵی خەڵك و حكوومەتدا گرتووە. 

لەسایەی ئەو تەنگژەی دارایی و ململانێی تایفی و دوای ئەوەیش جەنگی داعش، ئێستە پارتە سیاسییەكان و میلیشیاكانی شیعە دەسەڵاتیان بەسەر سەتان موڵكوماڵ و تەلاری و شوێنە گرنگەكان لە بەغدا و پارێزگاكانی تردا گرتووە، لە شوێنە بازرگانی و پیشەسازی و خزمەتگوزاری و گەشتوگوزاری و كۆشكەكانی رژێمی پێشوو لە پارێزگاكانی باشوور، ئەوان دەستیان خستووەتە ناو پارێزگا سوننەكان و بەغداشیان لە نێوان خۆیاندا دابەش كردووە. بۆ نموونە ناوچەكانی جادریە و كەرادە بوونەتە بەشی پارتێكی دیاریكراو و زەعفەرانیەیش بۆ یەكێكی تریان، بە شێوەیەكی تر ئەوان لە یاسا هەوڵگەڕاونەتەوە و دەوڵەتیش توانای رووبەڕووبوونەوەی ئەوانی نییە. لە زەعفەرانییە كە لە 28 گەڕەك پێكهاتووە، ئەوان كردوویانە بە 56 گەڕەك و زەوییەكانی دەوڵەت دەفرۆشنەوە.

ئێستە لە عێراق 291 گەڕەكی زیادەڕۆیی هەیە و گرووپەكانی عەسائیب ئەهلولحەق و سەرایای سەلام و گرووپی تریش، كۆنترۆڵی چەندان ناوچەیان كردووە لە ناوچەكانی بەغدای جدیدە و مەشتەل و سەدر، لەو كاتەی حزبی دەعوە بەشێكی فڕۆكەخانەی موسەنای بۆخۆی دابڕیوە، لەو كاتەی حكوومەت لە بەرانبەریان دەستەوەستانە.

نەجیبە نەجیب، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان دووپاتی كردەوە، ئەو پشێویەی لە دوای 2003 عێراقی گرتەوە و نەمانی مەركەزیەتی دەوڵەت، بوونە هۆی دەستگرتنی پارتە سیاسییەكان بەسەر زەویوزاری دەوڵەت لە هەموو پارێزگاكان، بۆیە لاوازیی چاودێری دەوڵەت و دەسەڵاتەكانی، بواری بۆ باڵادەستی پارتە سیاسی و میلیشیاكان خۆش كرد بۆ داگیركردنی موڵكوماڵ و زەویوزاری گشتی.  

دووپاتی كردەوە، تەنیا 60%ی موڵكوماڵی گشتی بۆ حكوومەت ماوەتەوە، لەوكاتەی حكوومەتی نووری مالیكی 40%ی موڵكوماڵی دەوڵەتی فرۆشتووە، ئێستەیش حكوومەت تاوتوێی بیرۆكەیەك دەكات بۆ دەستكاریكردنی زیاتر لە 600 هەزار لە موڵكوماڵی دەوڵەت، لە چوارچێوەی پلانەكانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەنگژەی دارایی و دابەزینی نرخی نەوتەوە.

لای خۆیەوە نوورە بەجاری، ئەندامی لیژنەی ئابووری پەرلەمان دەڵێت، قەبارەی گەندەڵی و گرێبەستە گوماناوییەكان لەو دۆسیەدا، گەورەترین دۆسیەی گەندەڵی لە عێراق پێك دێنن، دووپاتی كردەوە، بەشێك لەو زەویزار و تەلار و كۆشكانە بەهاكەی بە چەندان ملیار دۆلاری ئەمەریكایی دەخەمڵێندرێت، لەو كاتەی حكوومەت بەشێكیان بە نرخێكی كەم فرۆشتووە بەوەی نرخی دەوڵەت وایە، یان لە مەزادی شێوەیی كە ئەوەیش گەندەڵی تیادا كراوە، چونكە ناكەونە ژێر پێوەرەكانی مەزادی راستەقینە و تەنیا بەرژەوەندی كەسانی دەسترۆیشتوو بەسەریاندا زاڵن.  

زیاتر گوتی، بەشێك لە كەسایەتی و پارتە سیاسییەكان دەستیان بەسەر ئەو موڵكانەدا گرتووە وەك ئەوەی موڵكی خۆیان بێت و بانگەشەی ئەوەیش دەكەن كە خەباتیان لەپێناو عێراق كردووە، بۆیە ئەوان چاكەیان هەیە بەوەی رژێمی پێشوویان گۆڕیوە و بەو پاساوە دەستیان بەسەر بەشێكی زۆری موڵكوماڵی دەوڵەتدا گرتووە. بۆیە ئێستە 600 هەزار موڵكی دەوڵەت هەن كە دەسترۆیشتووەكان سوودی لێ دەبینن و زۆرینەی فراكسیۆن و هێزە سیاسییەكانیش نایانەوێت ئەو دۆسیە بكەنەوە، چونكە لەبەرژەوەندی ئەوان دەدات.

شارەزایانی یاسا دەڵێن، بەشێك لەو موڵكانە بەكرێگیراون و بەشێكیشیان بە نرخێكی زۆر كەم كڕدراون لە چوارچێوەی گرێبەستی گەندەڵی و لەژێر فشاری كەسان و پارتە دەسترۆیشتووەكاندا كە لیژنەكانی خەمڵاندن دەستیان لە نرخەكانیان وەرداوە كە ئەویەش زیانە بۆ دەوڵەت و بەپێی سایاس سزاكانی عێراق سزایان بۆ هەیە و دەستەی نەزاهە پێوەستە بەو كارە و بەو دۆسیانە، لەو كاتەی چالاكانی مافی مرۆڤ ترسی خۆیان رادەگەیەنن لە زیادبوونی دەسەڵاتی ئەو میلیشیایانە بەوەی ببنە هەڕەشەی مەترسیدار بۆ سەر ژیانی ئەوانەوە كە توانای حكوومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. 

لەو ناوەدا موزاحم ئەحمەد حوێت گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان رای گەیاند، هەموو سامان و سەرچاوەكانی وزە لە مووسڵ لەلایەن گرووپەكانی حەشدی شەعبییەوە كۆنترۆڵ كراوە، لە بەرانبەردا هێزە تەناهییەكان دەستەوەستانن و ناتوانن رووبەڕوویان ببنەوە. لەو كاتەی پێش ئێستە ئەحمەد جبووری پەرلەمانتاری سوننە دووپاتی كردەوە كە 72 بیرە نەوت لە ناوچەی گەیارە لە باشووری مووسڵ هەن كە پێشتر بەدەستی داعشەوە بوون، ئێستە رۆژانە 100 تانكەریان لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە لێ دەفرۆشرێت.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل