"له كڕینی تابلۆ و كردنه‌وه‌ی پێشانگه پێویستیم به هاوكارییه"
مونا ئه‌حمه‌د سه‌نه‌د /19 ساڵ/، كچه رزگاربوویه‌كی ده‌ستی داعشه و ئێسته له كه‌مپی كهپهرتوو له‌گه‌ڵ ماڵباته‌كه‌ی ده‌ژی. مونا خه‌ڵكی گوندی ته‌ل به‌نات سه‌ربه شارۆكه‌ی شنگاله، بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ رۆژه‌كانی خۆی له ژێر نه‌هامه‌تی و ده‌سه‌ڵاتی ره‌شی تیرۆریستانی داعش به‌سه‌ر برد. بۆیه ئێسته كه رزگار بووه حه‌ز ده‌كات له رێی فڵچه‌وه رۆژه ناخۆشه‌كانی به تابلۆ پێشانی دنیا بدات.
مونا بۆ "وشه" گوتی، هه‌موو جۆره نه‌هامه‌تییه‌كی بینیوه و ئه‌و رۆژه ره‌شانه‌ی هه‌رگیز له بیر ناچێته‌وه كه له‌ژێر حوكمی داشدا گوزه‌راندوویه‌تی, به‌ڵام ئێسته ئازاده و ده‌یه‌وێ رۆژه ره‌شه‌كان ره‌نگ بكات و په‌یامی ئه‌و سته‌مه‌ی به‌سه‌ر ئێزیدییه‌كان و به‌تایبه‌تی كچه رفێنراوهكاندا هاتووه، به هه‌موو دنیا بگه‌یه‌نێت.
ئه‌و ده‌ڵێت "هه‌موو رۆژه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش ناخۆش بوون، به‌ڵام زۆرترینیان ئه‌و رۆژانه بوون كاتێك فڕۆكه‌ی هاوپه‌یمانان بۆردمانیان ده‌كرد، به ڕاستی رۆژانی ترسناك بوون، مردنی ئامۆزاكانم له به‌رچاوم له ئه‌نجامی بۆردمانی فڕۆكه زۆر كاری له ده‌روونم كرد، یه‌كێكیان ته‌مه‌نی یه‌ك ساڵ بوو ئه‌وی تریش 13 ساڵ".
زۆربه‌ی تابلۆكانی مونا له‌سه‌ر توندوتیژی دژی ژنن، چونكه ئه‌مه‌ی بینیوه و دوای رزگاربوونی له ده‌ستی داعش له ساڵی 2017 یه‌كه‌م شت كه په‌نای بۆ ببات و ده‌روونی ئارام بكات، نیگاركێشی بووه.
مونا وه‌ك خۆی ده‌ڵێ "به‌شداریم له یه‌ك پێشانگه كردووه ئه‌ویش له شاری دهۆك له فاملی مۆڵ بوو، كه له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كان ساز كرابوو، به‌گشتیش له‌به‌ر دهستكورتیی خێزانم ناتوانم گرنگی به به‌هره‌ی خۆم بده‌م و تابلۆی جوانتر بنه‌خشێنم، له‌به‌رئه‌وه داوای كڕینی كه‌ره‌سته‌ی تابلۆ و كردنه‌وه‌ی پێشانگه ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم له به‌هره‌ی خۆم به‌رده‌وام بم و له ئاینده‌دا ببم به نێگاركێشێكی به توانا."
داعش له ئابی 2014 شنگالی داگیر كرد و كاره‌ساتی مرۆیی به‌سه‌ر ئێزیدییه‌كان هێنا، دیارترین رووداویش رفاندنی شه‌ش هه‌زار كچ و ژن بوون كه تا ئێسته‌یش سێ هه‌زاریان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه ناو كه‌سوكاریان.
وشه/ دهۆك- دێژین سدقی