حكوومه‌ت زه‌وی به خه‌ڵك ده‌دات و قازانجه‌كه‌ی ده‌خاته گیرفانی بازرگانه‌وه
زیاتر له ٥٦ هه‌زار پارچه زه‌وی دابه‌شكراوی بێ تاپۆ له هه‌ولێردا هه‌ن، ئه‌و زه‌وییانه به‌سه‌ر چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا دابه‌ش كراون، نه‌بوونی زۆربه‌یانی ناچار به فرۆشتن كردوون و بێ تاپۆیش نیوه‌ی به‌هاكه‌ی بۆ گیرفانی بازرگانانی زه‌ویوزار بردووه. له كاتێكدا تاپۆكردنیان نزیكه‌ی چوار ملیار دینار ده‌خاته خه‌زێنه‌ی حكوومه‌ته‌وه.
حه‌وت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئامینه وه‌ك ژنه شه‌هید، له باغه‌مره‌ی شه‌هاب له سنووری هه‌ولێر، كارتی پارچه‌یه‌ك زه‌ویی پێ درا. ئه‌و كه پێی وابوو بۆ دواجار له هاتنه دیی خه‌ونی ده‌ربازبوونی له كرێ خانوو نزیك بووه‌ته‌وه، دوای ماوه‌یه‌ك به ناچاری بۆ پێویستی منداڵه‌كانی خه‌ونه‌كه‌ی به بڕێك پاره ده‌گۆڕێته‌وه. له‌به‌رئه‌وه‌ی زه‌وییه‌كه‌ی تاپۆ نه‌بوو، به پێنج هه‌زار و ٧٥٠ دۆلار له چنگی ده‌رهێنرا. ئه‌وه هه‌ر به‌سه‌ر ئامینه‌دا نه‌هاتووه و هاوشێوه‌ی ئه‌و یه‌كجار زۆرن.
باغه‌مره‌ی شه‌هاب له پشتی بنه‌سڵاوه /رۆژهه‌ڵاتی هه‌ولێر/ به‌ره‌و شاره‌دێی داره‌توو درێژ بووه‌ته‌وه و له‌وێ كۆمه‌ڵێك نووسینگه له‌سه‌ر شه‌قامێكی نیمچه كه‌وانه‌یی به‌ته‌نیشت یه‌كه‌وه هه‌ن. له‌و ناوچه‌یه كه زه‌ویی بێ تاپۆ زۆرن، خاوه‌نی ئه‌و نووسینگانه باس له‌وه ده‌كه‌ن، نرخی زه‌ویی تاپۆنهكراو (كارت)، به به‌راورد به تاپۆ، له بازاڕ نیوه‌ی به‌هاكه‌ی ده‌كات.
به نموونه ئه‌گه‌ر زه‌وییه‌ك تاپۆ نه‌بێت و ئه‌مڕۆ نرخه‌كه‌ی پێنج هه‌زار دۆلار بێت، ئه‌گه‌ر تاپۆ بكرێت 10 هه‌زار دۆلار ده‌كات. ئه‌وان كه ساڵانێكه له‌و شوێنه نووسینگه‌یان هه‌یه و كاری كڕین و فرۆشتنی زه‌وی ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن "زۆر له زه‌وییه‌كانی باغه‌مره‌ی شه‌هاب و هه‌موو ئه‌و زه‌وییانه‌ی كه كارتن و هێشتا تاپۆ نه‌كراون، كڕین و فرۆشتنیان پێوه كراوه و زیاتر له نیوه‌ی زه‌وییه‌كان سوودمه‌ندانی حكوومه‌ت خاوه‌نی نه‌ماون".
دابه‌شكردنی زه‌وی به كارت و دواكه‌وتنی تاپۆكردنیان، زۆر له‌و كه‌سانه‌ی دا‌غ كردووه كه ناویان له لیستی سوودمه‌ندانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تۆمار كراوه. ئه‌وان كه شایسته به‌و سوودمه‌ندییه بوون و له هه‌موو ته‌مه‌نیان له‌و ڕووه‌وه یه‌كجار ده‌رووی ڕه‌حمه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمیان لێ ده‌كرێته‌وه، زۆریان له‌به‌ر نه‌بوونی ده‌یفرۆشنه‌وه و هۆی تاپۆ نه‌بوونی زه‌وییه‌كانیان نیوه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كه‌یان به با ده‌دا.
له هه‌ولێری پایته‌خت ئه‌و پارچه زه‌وییانه كه‌م نین كه ساڵانێكه دابه‌ش كراون و هێشتا تاپۆ نه‌كراون. به‌پێی داتاكانی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر، زیاتر له ٥٦ هه‌زار و ٤٧٥ پارچه زه‌ویی بێ تاپۆ و دابه‌شكراو به‌سه‌ر خه‌ڵك له سنووری شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێر هه‌ن.
به‌پێی داتاكه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر، هه‌شت هه‌زار و ١٢٦ پارچه زه‌ویی گڕهسووری نوێ، شه‌ش هه‌زار و ٥٠٠ زه‌وی پیرزین، شه‌ش هه‌زاری كانی قڕژاڵه و شه‌ش هه‌زاری حه‌زه، چوار هه‌زار و ٩٣٨ پارچه زه‌وی عه‌رب كه‌ند و دوو هه‌زار و ٩١١ زه‌وی بێریات، له‌گه‌ڵ ٢٢ هه‌زار پارچه زه‌ویی باغه‌مره‌ی شه‌هاب، تا ئێسته كارتن و تاپۆ نه‌كراون، كه دابه‌شكردنی هه‌ندێكیان زیاتر له هه‌شت ساڵی به‌سه‌ردا چووه.
جیا له داتاكه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر، خاوه‌ن نووسینگه‌كان ئاماژه به ٥٠٠ پارچه زه‌ویی گه‌ڕه‌كی نۆ هه‌زاری و زیاتر له هه‌زار پارچه‌ی گوڵان-بنه‌سڵاوه و هه‌زار و ٥٠٠ پارچه‌ی نێوان ئاڵتوون و بنه‌سڵاوه و هه‌زار پارچه زه‌ویی ژین و 14ی كونه گورگ و .. هتد ده‌كه‌ن، كه ئه‌وانیش بێ تاپۆن.
ئه‌و ژماره زۆره‌ی زه‌ویی بێ تاپۆ له كاتێكدایه، تاپۆكردنیان جگه له سوود، هیچ زیان و تێچوویه‌كی بۆ حكوومه‌ت نییه و به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه"، له به‌رانبه‌ر تاپۆكردنی هه‌ر پارچه زه‌وییه‌ك، نزیكه‌ی ٧٠ هه‌زار دینار به ڕسوومات و مامه‌ڵه ده‌چێته خه‌زێنه‌ی حكوومه‌ته‌وه.
هه‌ر به‌پێی داتاكه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر، له تاپۆكردنی ئه‌و ٥٦ هه‌زار و ٤٧٥ پارچه زه‌وییه‌ی هه‌ولێردا، زیاتر له سێ ملیار و ٩٥٣ ملیۆن دینار بۆ خه‌زێنه‌كه‌ی ده‌چێت.
گۆڕینی زه‌ویی كارت بۆ تاپۆ، كاری وه‌زاره‌تی شاره‌وانییه و له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی هه‌ر وه‌زیرێكی ئه‌و وه‌زاره‌ته، به‌ڵێنی تاپۆكردنی زه‌وییه بێ تاپۆكان به گوێی خاوه‌ن زه‌ویدا ده‌دات، به‌ڵام خاوه‌نی هه‌ندێك گه‌ڕه‌ك نزیكه‌ی نۆ ساڵه هه‌ر چاوه‌ڕێن.
حاجی به‌رزنجی به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خشه‌دانانی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی هه‌ولێر و سه‌رپه‌رشتیاری لیژنه‌ی گۆڕینی زه‌ویی كارت بۆ سه‌نه‌د، باس له‌وه ده‌كات كه به‌هاوئاهه‌نگی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی خانووبه‌ره و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی كشتوكاڵ، به به‌رده‌وامی كار له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه ده‌كه‌ن.
به‌رزنجی بۆ "وشه" ئاماژه به ڕێكاره‌كانی گۆڕینی كارت بۆ تاپۆ كرد، "سه‌ره‌تا پێویسته خاوه‌ندارییان بۆ شاره‌وانی بگه‌ڕێته‌وه، چونكه جۆره‌ها خاوه‌نی كه‌سی و جووتیار و وه‌زاره‌ته‌كانی حكوومه‌ت وه‌ك ئه‌وقاف و دارایی و كشتوكاڵ هه‌ن، خۆ هه‌یشه له ڕاپه‌ڕینی ساڵی ١٩٩١، فایله‌كانیان نه‌ماوه و ده‌بێ بۆیان دروست بكرێته‌وه".
چاوه‌ڕوانیی خاوه‌ن زه‌وییه‌كان ڕه‌نگه چه‌ندان جار له‌و كاته زیاتر بێت كه بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كان پێویستن و ئه‌و ڕێكارانه‌ی ده‌بوو به‌ر له دابه‌شكردنی زه‌وییه‌كان یه‌كلا بكرێنه‌وه، پشتگوێ خراون.
حاجی به‌رزنجی نایشارێته‌وه كه به‌ر له ساڵی ٢٠١٠، زه‌وییه‌كان به‌بێ ساغكردنه‌وه دابه‌ش كراون. زیاتر ده‌ڵێ، "له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا، توانیومانه نزیكه‌ی ٥٠ هه‌زار پارچه زه‌ویی كارت تاپۆ بكه‌ین و كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وانه‌یشی كه ماون".
له كوردستان كاتێك حكوومه‌ت زه‌وی به‌سه‌ر چین و توێژێكی كۆمه‌ڵگه‌دا دابه‌ش ده‌كات، بازرگانانی زه‌ویوزار تێی ده‌ئاڵێن. زۆر له‌وانه‌ی نه‌بوونی و پێویستی ناچار به فرۆشتنیان ده‌كات، له‌به‌ر بێ تاپۆیی به نرخێكی كه‌م له چنگیان ده‌رده‌هێنرێت و ئێسته كه هه‌زارانی وه‌ك ئامینه زه‌وییه‌كانیان فرۆشتووه، تازه تاپۆكردنیان هیچ سوودێكی بۆی نییه و به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌ها و نرخیان دوای تاپۆكردن، ده‌چێته گیرفانی بازرگانانی زه‌ویوزاره‌وه.
وشه/ به‌دواداچوونی چواس خالید