یاسای بودجە لە وەقایعی عێراقی بڵاو كرایەوە

:: AM:09:22:11/02/2019 ‌
ئەمڕۆ دووشەم 11ی شوبات/ فێبرایەر، وەزارەتی دادی عێراقی بڵاوبوونەوەی ژمارە (4529)ی رۆژنامەی وەقایعی عێراقی راگەیاند كە تایبەتە بە بڵاوبوونەوەی بودجەی 2019ی عێراق كە دوای پەسندكردنی لەلایەن پەرلەمان، سەرۆك كۆماریش واژووی لەسەر كردووە.

كامل ئەمین هاشم بەڕێوەبەری فەرمانگەی وەقایعی عێراقی رای گەیاند، یاسای بودجەی 2019 بە تەواوەتی لە رۆژنامەكە بڵاو كراوەتەوە.

كامل لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی دەست "وشە" كەوتووە، ئاماژەی بەوە دا كە بودجەی 2019 تێیدا باس لە گواستنەوەی پارە كراوە لە چەند وەزارەتێك بۆ پارێزگاكانی رزگاربوو لە دەست داعش و پارێزگای بەسڕە.

روونی دەكاتەوە لە بودجەی 2019 بە خشتە خەرجی و وەبەرهێنان و قەرزەكان روون كراوەتەوە، داواش لە وەزارەتەكان كراوە ئەو فەرمانبەرانە دامەزرێنن كە گرێبەستن.

لە بەشێكی تری وەقایعی عێراقی، یاسای رێگرتن لە هاوردەكردنی بەرهەمی پیشەسازی خۆراكی و بەرهەمی كشتوكاڵی بڵاو كراوەتەوە، ئەو بەرهەمانەی كە لە ئاستی ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێن.

پێوەند بە كوردستان، لە بودجەی 2019 بەگوێرەی رێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، بۆ یەكەمجارە هەرێمی كوردستان بتوانێ مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە لەسەر بودجەی گشتی هەرێمی كوردستان هەڵگرێت و بیخاتە سەر بودجەی سەروەری كە بڕەكەی بە هەردووكیان 522 ملیار دینارە و جیا كراوەتەوە، لە رێككەوتنی هەناردەی 250 هەزار بەرمیل نەوت بەرانبەر بە 12.67%ی پشكی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق.

بە پەسندكردنی بودجە و بڵاوبوونەوەی لە وەقایعی عێراقی، دەبێت حكوومەتی عێراق مانگانە 522 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە رەوانەی كوردستان بكات، نەك 317 ملیار دینار كە بۆ 2018 رێككەوتنی لەسەر هەبوو.



وشە - فه‌رمان سادق