بۆچی ساری تەوقەی لەگەڵ گواردیۆلا نەكرد؟

:: AM:10:34:11/02/2019 ‌

ماوریسیۆ ساری راهێنەری چێڵسی هۆكاری تەوقە نەكردنەكەی لەگەڵ پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی لە یارییەكەی شەوی رابردووی نێوان هەردوو یانەكە ئاشكرا كرد.

شەوی رابردوو ساری لەگەڵ یانەی چێڵسی تووشی شكستێكی گەورە بوونەوە كاتێك لە گەڕی 26ی خولی نایابی ئینگلیزیدا لەنێو یاریگەی ئیتیحاد بە 6 گۆڵی بێ وەڵام بەرامبەر یانەی مانچستەر سیتی دۆڕان.

لەگەڵ فیكەی كۆتایی یارییەكە لەلایەن ناوبژیوانەوە، گواردیۆلا لە ساری نزیك بووەوە بۆ ئەوەی تەوقەی لەگەڵ بكات، بەڵام راهێنەرەكەی چێڵسی گوێی پێ نەدا و راستەوخۆ بۆ ژووری خۆگۆڕینی یاریزانان بەڕێ كەوت.

لەمبارەیەوە ساری لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەكە رایگەیاند: راستییەكەی گواردیۆلام نەبینی و دەچمە لای و ئەمەی پێ دەڵێم، كارەكە سودفە بووە و هیچ كێشەیەكیشم لەگەڵ گواردیۆلا نەبووە، چونكە بە پەلە بووم بۆ ئەوەی بچمە ژووری خۆ گۆڕینی یاریزانان.

راهێنەری یانەی چێڵسی دڵگرانی خۆشی بەم شكستە دەربڕی و جەختیشی كردەوە كە هەوڵ دەدەن لە یارییەكانی داهاتوودا قەرەبووی بكەنەوە بەڵكو لە ریزبەندی پێشەوەی یانەكانی خولی نایابی ئینگلیزی دانەبڕێن.

جێی باسە یانەی چێڵسی بەهۆی ئەم شكستەوە ژمارەی خاڵەكانی لە 50 راوەستا و بۆ ریزبەندی 6ی یانەكان دابەزی بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ یانەی ئارسناڵ كە لە ریزبەندی پێنجەمدایە، یانەی مانچستەر سیتیش بە 65 خاڵ و بەجیاوازی گۆڵ پێشەنگی یانەكانی خولەكەی لە یانەی لێڤەرپوول سەندەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م