"لە سەری مانگەوە بەغدا مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە و خانەنشینان رەوانە دەكات"

:: AM:10:36:11/02/2019 ‌

 

دوای بڵاوبوونەوەی یاسای بودجە لە وەقایعی عێراق، پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی دەڵێ، لە مانگی ئاداری داهاتوو بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بە سیستەمی نوێ و لەسەر بنەمای بودجە رەوانەی كوردستان دەكات.

ئەمڕۆ دووشەم 11ی شوبات/ فێبرایەر، جەمال كۆچەر پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" رای گەیاند، حكوومەتی عێراق لە مانگی ئاداری داهاتوو مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بەگوێرەی بودجەی 2019ی عێراق رەوانەی كوردستان دەكات.

بەگوێرەی بودجەی 2019ی عێراق، لە بەشی بودجەی سەروەری بڕگەی (ج) كە بڕگەیەكی جێگیرە و تێیدا شایستەی مووچەی فەرمانبەرانی عێراقی جێگیر كراوە، بۆ ئەمساڵ شایستەی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستانیشی تێدا جێگیر كراوە، بە جۆرێك 454 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران، 68 ملیار دینار بۆ مووچەی پێشمەرگە و 128 ملیار دیناری تر بۆ مووچەی خانەنشینان، هاوشانی فەرمانبەران و هێزە تەناهییەكان و خانەنشینانی عێراقی جێی كراوەتەوە.

جەمال كۆچەر دەڵێ بەگوێرەی بڕگەكە، هاوشانی فەرمانبەرانی عێراقی مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەرانی كوردستان كراوە، بۆیە مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بە تەواوەتی رەوانە دەكرێت بێ پاشەكەوت.

گوتی "دەبوو لە سەرەتای ساڵەوە ئەو بڕە پارەیە رەوانە بكرێت هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراقی، بەڵام ئەوەی هەرێمی كوردستان پێوەندارە بە رێككەوتنە نوێیەكە كە لە بودجەدا جێی كراوەتەوە".

جێی باسە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە چواری ئەم مانگە واژووی لەسەر بودجەی 2019ی عێراق كردووە و ئەمڕۆش وەزارەتی دادی عێراق رای گەیاند كە یاسای بودجە لە وەقایعی عێراقی بڵاو كراوەتەوە.

بەگوێرەی بودجە بێت، مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بە پێشمەرگە و خانەنشینەوە بەشێك نابێت لە رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا كە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرانبەر بە 12.67%ی پشكی هەرێمی كوردستانە لە بودجەدا.
 
شایانی باسە پەرلەمانی عێراق لە 24ی كانوونی دووەمی رابردوو یاسای بودجەی 2019ی عێراقی پەسند كرد، كە بودجەی عێراق 133 ترلیۆن دینارە و 27 ترلیۆن و 500 ملیار دینار كورتهێنانە، نرخی نەوتیش بە 56 دۆلار خەمڵێنراوە بە جۆرێك رۆژانە عێراق سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل هەناردە دەكات كە داهاتی خەمڵێنراو دەكاتە 105 ترلیۆن و 500 ملیار دینار.
 

 



وشە - فه‌رمان سادق