یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بڕیاریداوە لەمەودوا خۆی بۆ قۆناغی دوای وازهێنانی ئەستێرەی یەكەم و كاپتنەكەی لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی ئامادە بكات.
میسی ئێستا لە تەمەنی 31 ساڵیدایە و بۆ ماوەیەكی تریش كاتی لەبەردەمدا ماوە بۆ ئەوەی لە یاریكردن بەردەوام بێت، بەڵام جۆزیپ ماریا بارتومیۆی سەرۆكی یانەكە دەیەوێ تیپەكەی ئامادە بكات بۆ قۆناغی دوای ئەم ئەستێرەیە و ئەستێرەیەك بۆ جێگرەوەی بدۆزێتەوە.
لەمبارەیەوە بارتومیۆ بە ئاژانسی (بی بی سی)ی ئینگلیزی راگەیاند: هەموومان باش دەزانین رۆژێك لە رۆژان دێت میسی خانەنشین دەبێت، بۆیە دەبێت لە ئێستەوە یانەكان بۆ ئەم بارودۆخە ئامادە بكەین.
زیاتر گوتی: ماوەیەكە دەستمان بە هێنانی یاریزانی گەورە و لاو كردووە، چونكە ئەمە بەرپرسیارەتی سەرشانی ئێمەیە و دەبێت درێژە بەم چەرخە زێڕینەی بەرشەلۆنە بدەین.
لەم دواییانەدا یانەی بەرشەلۆنە گرێبەستی لەگەڵ چەند ئەستێرە و بەهرەمەندێك ئیمزا كردبوو لەوانە فرانكی دی یۆنگ لە یانەی ئەیاكس ئەمستەردامی هۆڵەندی لەگەڵ جان كلێر تۆدیبۆ لە یانەی توڵزی فڕەنسی و پێشتریش ئارسەر میلۆ و ئیمرسۆن و عوسمان دێمبێلێی هێنابووە یانەكەیەوە.
لە كۆتاییدا سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە رایگەیاند: لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا پۆستی سەرۆكایەتیم تەواو دەبێ، بۆیە پێویستە لەسەرم بۆ ئەو كات بە باشترین شێوە یانەكە جێبێڵم و بە سەرۆكی نوێش بڵێم ئەمە كارەكانمانە.