بە نرخی دوو هێندە هەژمار كراوە.. گەندەڵییەكی گەورە لە كڕینی برنج ئاشكرا دەبێت

:: PM:12:22:11/02/2019 ‌
پەرلەمانتارێك گەندەڵییەكی گەورەی وەزارەتی بازرگانی لە كڕینی برنج ئاشكرا دەكات و دەڵێ، تۆنێك برنجی ڤێتنامی كە بە كەمتر لە 350 دۆلارە، بە 700 دۆلار بە عێراق فرۆشراوە، داوای لە دەستەی دەستپاكی كرد پەڕاوی لێكۆڵینەوەی لە دژی كۆمپانیای عێراقی ڤێتنامی بكاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 11ی شوبات/ فێبرایەر، عالیە نسەیف پەرلەمانتاری عێراقی، داوای لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و وەزیری بازرگانی و دەستەی دەستپاكی كرد، لێكۆڵینەوە لە گەندەڵی كڕینی برنج بكەن كە كۆمپانیای "عێراقی ڤێتنامی" هاوردەی عێراقی دەكات و لە رێی كۆبۆنی خۆراك دابەشی سەر هاووڵاتییانی دەكات.

عالیە نسەیف ئاشكرا كرد كە گرێبەستی كڕینی 120 هەزار تۆن برنج كراوە كە هەر تۆنی بە 700 دۆلار لەسەر عێراق هەژمار كراوە، كەچی لە بنەڕەتدا تۆنی ئەو برنجە بە كەمتر لە 350 دۆلارە.

 نسەیف لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێ وەزارەتی بازرگانی مۆڵەتی داوەتە كۆمپانیای "عێراقی ڤێتنامی" بە هاوردە كردنی 120 هەزار تۆن برنج بۆ عێراق تا لە رێی كۆبۆنی خۆراك بەسەر هاووڵاتییانی دابەش بكات. گوتی "نرخی هەر تۆنێك لەو برنجە بە 700 دۆلار لەسەر حكوومەت هەژمار كراوە، بەوەی جۆری برنجەكە یاسەمینە، بەڵام دەركەوتووە ئەو برنجەی هاوردە دەكرێت، برنجی یاسەمین نییە و تۆنیشی لە بازاڕ كەمتر لە 350 دۆلارە". زیاتر گوتی "ئەو كەسەی ئەو گرێبەستەی كردووە، بازرگانێكی ناودارە و مۆڵێكی لە بەغدا هەیە و ناسراوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەكێك لە وەكیلەكانی وەزارەتی بازرگانی".

ئەو پەرلەمانتارە زانیاری زیاتری لەسەر گرێبەستەكە ئاشكرا كردووە، دەڵێ ئەو برنجە لە كۆمپانیای "فینا فود"ی ڤێتنامی دێتە كڕین و خراپترین جۆری برنجە، بەڵام بە برنجی یاسەمین بە عێراق دەفرۆشرێت. گوتی "گوشاری زۆر لەسەر تاقیگەی كۆمپانیای گشتی بازرگانی بۆ خۆراك كراوە تا برنجەكە قبووڵ بكات". 

نسەیف داوا لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و وەزیری بازرگانی و دەستەی دەستپاكی و لایەنە چاودێرەكان دەكات لێكۆڵینەوە لە گەندەڵی كڕینی برنج بكەن و دەرئەنجامەكەشی بۆ رای گشتی رابگەیەنن.
 
جێی باسە لە ساڵی 1996ەوە تا ئێستە كار بە كۆبۆنی خۆراك دەكرێت، لەم ماوەیەشدا تا ئێستە دەیان بەڵگەی گەندەڵی لەسەر گرێبەستەكانی كڕینی كەلوپەلی خۆراك بڵاو كراوەتەوە، چ لە خراپی و ساختەیی كوالێتی ئەو خۆراكانەی دێنە كڕین چ لە گرانی نرخەكانیان، بەڵام كەمترین لێپرسینەوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسان لە وەزارەتی بازرگانی و بازرگانان خۆیان كراوە.



وشە - فه‌رمان سادق