سانچێز هەڕەشە لە یانەی پاریس سان جێرمان دەكات

:: PM:12:32:11/02/2019 ‌

ئەلێكسیس سانچێزی هێرشبەری یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی جەختی كردەوە كە تیپەكەی دەتوانێ ئەمساڵ ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەدەست بێنێ.

یانەی مانچستەر یونایتد لەم هەفتەیەدا لە قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا رووبەڕووی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی دەبێتەوە.

سانچێز بە رۆژنامەی (دەیلی ئێكسپرێس)ی ئینگلیزی راگەیاند: بەدەستهێنانی جامی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا وەك خەونێكە بۆ هەموو یاریزانێكی تۆپی پێ.

زیاتر گوتی: لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بەم خەونە گەیشتم بۆیە دەزانم ئەم خەونە چەندە گەورەیە، هیواداریشم رۆژێك دابێت دووبارە بەم خەونە بگەمەوە و دەشزانم ئەمە هەر روو دەداتەوە.

هێرشبەرە چیلییەكە هەروەها رایگەیاند: توانیمان بەسەركەوتوویی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانان ببڕین و لە قۆناغی 16ش رووبەڕووی یانەی پاریس سان جێرمان دەبینەوە، ئەمە گەورەترین تاقیكردنەوە دەبێت بۆ ئێمە، بێگومان لە ماوەی ئەو 180 خولەدا رەنگە هەموو شتێك روو بدات.

جەختیشی كردەوە كە مانچستەر یونایتد یانەیەكی گەورەیە و مێژوویەكی زێڕینی هەیە و دەتوانێ هەموو ركابەرێك ببەزێنێ، بێگومان ئەگەر بتوانن لەنێو یاریگەی ئۆڵد ترافۆرد سەركەوتن بەدەستبێنن و تۆڕی یانەكەشیان نەهەژێنرێ، ئەمە دۆخیان لە یاریی گەڕانەوەدا ئاسانتر دەكات.

سانچێز لە كۆتاییدا رایگەیاند: پێموایە ئێمە دەتوانین ئەم كارە بكەین و گۆڵیش لە یانەی پاریس سان جێرمان تۆمار بكەین.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م