روحانی: پەرە بە مووشەكی بالیستی دەدەن

:: PM:02:39:11/02/2019 ‌
ئەمڕۆ دووشەم 11ی شوبات/ فێبرایەر، حەسەن روخانی سەرۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران، رای گەیاند وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لەسەر بەهێزتر كردنی توانای سەربازی و بەرنامەی مووشەكی بالیستی، ئەگەرچی لەلایەن چەندان وڵاتەوە گوشارێكی توند خراوەتە سەر تاران لەسەر مەترسی چالاكییەكانمان كە بەلایانەوە سەقامگیری ناوچەكەی تێكداوە.

روحانی لە یادی 40 ساڵەی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە گۆڕەپانی ئازادی لە تارانی پایتەخت، بە ئامادەبوونی دەیان هەزار لە لایەنگرانی شۆڕشی ئیسلامی، گوتارێكی بۆ ئامادەبووان پێشكەش كرد و میدیای ئێرانی گواستیەوە.
روحانی لە گوتارەكەیدا ئاماژەی بەوەدا تاران داوای مۆڵەت لە كەس ناكات بۆ پێشخستنی هەموو جۆرە جیاوازەكانی مووشەكەكانی، بەردەوامیش دەبین لە پێشخستنی توانا سەربازییەكانمان.
گوتی "ئێران، شكست بە ئەمەریكا دەهێنێت ئەگەرچی ئەو وڵاتە سزای ئابووری خستووەتە سەر خەڵكی ئێمە، ئەو پیلانگێڕییەی ئەمەریكا دژ بە ئێران و بەرنامە ناوەكیەكەی سەركەوتوو نابێت". 

قسەكانی روحانی لە كاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە رێككەوتنی بەرنامەی ناوەكی پێنج كۆ یەك لەگەڵ ئێران لە مانگی ئایاری 2018، بڕیاری كشانەوەی راگەیاند، بەهۆی سەپاندنی گەڕی یەكەم و دووەمی سزاكانی بەسەر تاران تا مانگی نۆڤێمبەری هەمان ساڵ، وایكردووە دۆخی دارایی و ئابووری ئەو وڵاتە بە تەواوەتی داتەپێت و بەهای دراوی تومەن بەرانبەر بە دۆلار بە جۆرێك دابەزێت كە خەڵكی ئێرانی دووچاری تەنگژەیەكی قووڵ كردووەتەوە.

جگە لە كشانەوەی لە رێككەوتنەكە، ئەوا پەیوەندییەكانی ئەمەریكا و ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا دێت خراپتر دەبێت، ئەمەریكا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و چەند وڵاتێكی تری ناوچەكە ئامادەكاری بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانیەتییەك دەكات كە بە ناتۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراوە، دژ بە هەژموونی ئێران لە ناوچەكە.



وشە - فه‌رمان سادق