رووسیا و سووریا هەڕەشە دەكەن.. توركیا دەتوانێت ئیدلب لە جەنگ بپارێزێت؟

:: PM:03:21:11/02/2019 ‌
توركیا هەموو هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ كۆ كردنەوە و لە خۆ گرتنی زۆرترین گرووپی چەكداری ئۆپۆزسیۆن بە مەبەستی جێبەجێ كردنی رێككەتنی سووچی لەگەڵ رووسیا پێوەند بە ئیدلب و داماڵینی ئەو ناوچەیە لە چەك. بەڵام رووسیا هەڕەشەی ئۆپراسیۆنی سەربازی دژ بە ئیدلب دەكات.
 
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رای گەیاند، مۆسكۆ رێگە نادات ئيدلب بكرێتە مۆڵگەی گرووپە چەكدارییە تیرۆریستییەكان و هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی دەكات و دەڵێ ئۆپراسیۆنەكە زۆر رێكخراو و كاریگەر دەبێت. ئەمەیش لە كاتێكدایە گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووری بوونەتە بەربەستێكی گەورە لە بەردەم توركیا و وای كردووە هەڵوێستی ئەنقەڕە بەرانبەر بە مۆسكۆ لاواز بێت، شارەزایانی توركیش دەپرسن ئەنقەڕە دەتوانێت خۆی لە جەنگی ئیدلب بپارێزێت كە رووسیا و سووریا ئامادەكاری تەواویان بۆی كردووە.

سیدات ئۆنال جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا رای گەیاند، بوونی گرووپی توندڕۆیی چەكداری لە ناوچەی ئارام لە ئیدلب، هۆكارێكی كافی نابێت تا رووسیا و سووریا ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەنجام بدەن. گوتی "ئۆپراسیۆنی سەربازی رووسی رەت دەكەینەوە، ئەمەش پێچەوانەی رێككەوتنی سووچییە بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی سڤیل". 

لە بەرانبەردا، سێرگی فیرشینین جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا رای گەیاند، كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا و دۆخی ئیدلب دوو پرسی زۆر گرنگن و تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەی سووچی دەبێت لە 15ی ئەم مانگە لە نێوان پوتین و روحانی و ئەردۆغان.
 
چاوەڕوان دەكرێت لە لووتكەی سووچی داهاتوو، چارەنووسی ئیدلب رۆشن بكرێتەوە، جەنگیز تومەر رۆژنامەنووسی تورك دەڵێ، توركیا هەموو هەوڵێك دەدات بۆ رێگری كردن لە هەڵگیرسانی جەنگ لە ئیدلب، گوتی "ئەگەر ئەوە رووبدات، ئەوا ئەگەری زۆرە پشتگیری لە گرووپە چەكدارەكان بكات وەك سوپای ئازاد بۆ رێگری كردن لە هەڵگیرسانی جەنگ، یان رووبەڕووبوونەوەی".

زیاتر گوتی "ئەنقەڕە دەتوانێت مۆسكۆ رازی بكات لە رێگری كردن لە هەڵگیرسانی جەنگ، چونكە جەنگەكە كارەساتێكی مرۆیی گەورەی لێ دەكەوێتەوە و كێشەیەكی گەورەش رووبەڕووی توركیا دەكاتەوە بەوەی سەتان هەزار ئاوارە روو لە توركیا دەكەن".



وشە - فه‌رمان سادق