وەزارەتی پێشمەرگە: جووڵە بەهیچ یەكەیەكی هێزەكانی پێشمەرگە نەكراوە

:: PM:05:48:11/02/2019 ‌
جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردووەتەوە و ڕەتی كردووەتەوە كە هیچ یەكەیەكی هێزی پێشمەرگە لە خورماتوو جێگیر كرابێ.

ئەمڕۆ دووشەم 11ی شوبات، جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا ڕای گەیاندووە، هەندێك لە هۆكارەكانی راگەیاندن و لەسەر زمانی فەرماندەیەكی هێزەكانی پێشمەرگە و كەسانی تر هەواڵی گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ نزیك خورماتوو یان جووڵەپێكردنی دوو فەوجی هێزەكانی پێشمەرگە بەرەو فەلوجەیان بڵاو كردووەتەوە.
 
یاوەر لە روونكردنەوەكەدا دەڵێت، وەزارەتی پێشمەرگە ئەو هەواڵانە بەگشتی رەت دەكاتەوە و دووپات دەكەینەوە كە نە هیچ یەكەیەكی هێزەكانی پێشمەرگە جوولەی پێكراوە و نەفەرمانی جوولە كردنیشی هەیە بۆ هیچ یەكەیەك و گشت هێزەكانی پێشمەرگە لەبنكە و بارەگا و هێلی سەرەكی بەرگری و شوێنەكانی خۆیانن.

بەرپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات هەرهەواڵێك لە هەرسەرچاوەیەك بڵاوبكەرێتەوە فەرمی نەبیت و لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە وە رێگاپێدراو نەبێت هەواڵی ناراستە و بێ بنەمایە و پەسەند نی یە.

ئەو روونكردنەوەیە لەكاتێكدایە كە دوێنی لیژنە هاوبەشەكانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەست بەكار بوون.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم