ئەمڕۆ خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دەست پێ دەكاتەوە.. مانچستەر یونایتد – پاریس سان جێرمان

:: AM:08:42:12/02/2019 ‌

ئەمڕۆ سێشەم بە فەرمی ركابەرییەكانی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دەست پێ دەكات و تێیدا لە یەكەم یارییدا هەردوو یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی و پاریس سان جێرمانی فڕەنسی رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.

یارییەكە لە چوارچێوەی یارییەكانی چوونی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دەبێت كە سەعات 11ی شەو بەكاتی كوردستان لەنێو یاریگەی ئۆڵد ترافۆردی تایبەت بە یانەی مانچستەر یونایتد بەڕێوە دەچێت.

بێگومان ئاستبەرزی و یارییەكی خۆش ناونیشانی یارییەكەی ئەمشەوی نێوان مانچستەر یونایتد و پاریس سان جێرمان دەبێت و زەحمەتیشە لە ئێستەوە پێشبینی براوەیان بكرێ.

یانەی پاریس سان جێرمان بە كۆكردنەوەی 11 خاڵ و بە یەكەمی كۆمەڵەی سێیەم خۆی گەیاندبووە قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا، بەڵام یانەی مانچستەر یونایتد بە دووەمی كۆمەڵەی هەشتەم و بە 10 خاڵ گەیشتبووە قۆناغەكە.

یانەی پاریس سان جێرمان بۆ یارییەكە كێشەی ئامادەنەبوونی یاریزانان و ئەستێرەكانی هەیە كە سەرەكیترینان نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلییە كە بەهۆی پێكانی قاچییەوە ماوەی 3 مانگ لە یاریكردن دوور كەوتۆتەوە.

هەروەها ئیدینسۆن كاڤانی هێرشبەری ئۆرگوایی و تۆماس مونیێی ئەستێرەی بەلجیكیش پێكانیان هەیە و لە یارییەكەدا بەشدار نابن.

یاریزانانی یانەی مانچستەر یونایتدیش دەیانەوێ درێژە بە سەركەوتنەكانیان بدەن لەسەر دەستی راهێنەرە كاتییەكەیان سۆڵشایەر كە تا ئێستا لە هیچ پاڵەوانیەتییەك تامی شكستی نەكردووە و لە كۆی 11 یارییدا تەنیا یەك یاریی بەرامبەر یانەی بێرنلی لە خولی نایابی ئینگلیزی یەكسان بووە.

یانەی پاریس سان جێرمانیش دەیەوێ لە یارییەكەی ئەمشەودا بەلایەنی كەم بە ئەنجامێكی شایستە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەدا هیوای سەركەوتنیان بمێنێ كە بڕیارە لە رۆژی 6ی مانگی داهاتوو لەنێو یاریگە و لەبەردەم جەماوەریان ئەنجام بدرێ.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م