ترەمپ جەنگ دژی چین رادەگەیەنێت

:: AM:10:23:12/02/2019 ‌
دۆناڵد ترەمپ پەرەپێدان بە تەكنەلۆجیا لە بواری زیرەكی دەستكرد دەكاتە ئەولەویەتی كارەكانی، بەمەش جەنگی سەركردایەتی دنیای لە بواری تەكنەلۆجیا لەگەڵ چین راگەیاند، دەستپێشخەرییەكی بۆ پێشخستنی ئەو بوارە راگەیاند و داوای كرد هەرچی پێویستە ئەنجامی بدەن بۆ ئەفراندن لە زیرەكی دەستكرد.

ئێوارەی دوێنێ دووشەم 11ی شوبات بە كاتی ئەمەریكا، كۆشكی سپی لە بەیاننامەیەكدا دەستپێشخەرییەكەی ترەمپی راگەیاند و ئاماژەی بەوەش دا، ئەمەریكییەكان زۆر سوودمەند دەبن لەو دەستپێشخەرییە بەو پێیەی ئەوان لە داهێنەرانی پێشەنگی زیرەكی دەستكردن لە دنیا.

لە بەیاننامەكەی كۆشكی سپی ئاماژە بەوەش دراوە كە پرسی پێشخستنی زیرەكی دەستكرد و ئەفراندن تێیدا، لە دنیای ئەمڕۆدا زۆر گرنگی پێ دەدرێت، بۆیە ئەمەریكا ناتوانێ لە جێی خۆیدا بوەستێت و خۆیشی بە پێشەنگ بزانێت.

كۆشكی سپی روونی دەكاتەوە كە بەپێی پلانێك هەموو پێویستییەك بۆ لێكۆڵەران دابین دەكرێت تا ئەفراندن لە زیرەكی دەستكرد ئەنجام بدەن، كە ئێستە بەتایبەت لە دروستكردنی رۆبۆتەكاندا زۆر پشتی پێ دەبەسترێت.

ئەگەرچی لە بەیاننامەكەی كۆشكی سپی بەهیچ شێوەیەك ناوی چین نەهێنراوە، بەڵام ئاماژەی داوە ئامانج لە پلانەكە ئەوەیە پارێزگاری لە تایبەتمەندی ئەمەریكا و پێشەنگییەكەی بكرێت لە بواری زیرەكی دەستكرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی ركابەرە ستراتیجییەكانی و نەیارانی بیانی.
 
ئەو هەنگاوەی ئەمەریكا لە كاتێكدایە چین لە بواری زیرەكی دەستكرد زۆر پێشكەوتوو بووە و ئەگەری زۆرە بەسەر ئەمەریكا سەربكەوێت دوای ئەوەی بە پلانێكی ستراتیجی نیشتمانی بەرفراوان دەستی پێ كرد و وەبەرهێنانێكی زۆریشی لەم بوارەدا كردووە كە بە زیاتر لە 150 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.



وشە - فه‌رمان سادق