خاوەن پێداویستییەكی تایبەت 21 ساڵە كاری تاكسی دەكات و حكوومەت مووچەكەی بڕیوە

بەهادین لەگەڵ ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام زیاتر لە 20 ساڵە شۆفێرە و لە ماوەی شۆفێریدا هیچ سەرپێچییەكی ئەنجام نەداوە.

بەهادین حوسێن مستەفا، تەمەنی 45 ساڵە و دانیشتووی شاری سلێمانیە، ئەم شۆفێرە خاوەن پێدوایستی تایبەتە و لە تەمەنی شەش ساڵیدا بەهۆی هەڵەی پزیشكییەوە تووشی شەلەلی منداڵان بووە و قاچی ڕاستی لەدەستداوە و لە دوای ئەو تەمەنەوە تا ئێستە بە "دارشەق" ڕێ دەكات، بەهادین 10 ساڵ پێش ئێستە ژیانی هاوسەری پێكهێناوە و باوكی سێ كچە و یەكێك لە كچەكانی تووشبووی شەلەل دەماغە و لە خانوویەكی بچوكی كرێدا ئەم خێزانە پێنج كەسییە ژیان دەگوزەرێنن.

بەهادین وەك خۆی دەڵێت، ڕۆژانە لە سەعات شەشی بەرەبەیانییەوە لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و كاری شۆفێری دەكات و نزیك كاتەكانی نان خواردن دێتەوە ماڵەوە و لەگەڵ منداڵ و خێزانەكەی كۆ دەبێتەوە و ماندوێتەكانی كاركردنی بە بینینی منداڵەكانی دەڕەوێنێتەوە. بەهادین بە تاكسییەكەیەوە تا درەنگانی شەو لەسەر شەقام و كۆڵانەكانی شار دەگەڕێت و هاووڵاتییان دەگەیەنێتە شوێنی مەبەستی خۆیان.

بەهادین دڵخۆشە بەوەی كە هاووڵاتییان لەناو تاكسیەكەیدا ئاسودەن و پشگیری لە كارەكەی دەكەن، بۆیە بۆ "وشە" گوتی: كارەكەمم زۆر خۆشدەوێت و وابەستە بووم پێیەوە و توانیومە سەركەوتووبم، كاتێك هاووڵاتییان دەست لە تاكسییەكەم ڕادەگرن و سەر دەكەونە سەری دەبینن كە من دارشەقم پێیە و پشتگیریم دەكەن و دڵخۆشن بە سەركەوتنەكانم.

تەنیا تاكسییەكەی بووەتە سەرچاوەی داهات و بژێوی ژیانی بەهادین و خێزانەكەی، كەمئەندامییەكەی بەهادین 65٪ە و بەمەش ناوی لە لیستی خاوەن پێدوایستی تایبەت دەركراوە بەهۆی ئەو بڕیارەی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی كە كەمئەندامانی دووبارە دایەوە بە لیژنەی پزیشكی، هەروەها كچە خاوەن پێدوایستیە تایبەتیەكەشی مووچەی كەمئەندامێتی نیە، بەهۆكاری ئەوەی كە زیاتر لە چوار ساڵە حكوومەت ناونوسینی كەمئەندامانی ڕاگرتووە.

وەك خۆی دەڵێت" وا زیاتر لە 20 ساڵە شۆفێرم تا ئێستە بۆ 20 خولەك مۆڵەتی شۆفێریم لێوەرنەگیراوە و سوپاسی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی دەكەم".

سلێمانی/ ئاریان محەمەد



وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:03:00:12/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 737 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌