هونه‌رمه‌ندێكى هه‌ولێر دێته‌وه‌ ناو كارى هونه‌رى

:: PM:07:03:12/02/2019 ‌
دواى ماوه‌یه‌كى زۆر دووركه‌وتنه‌وه‌ى له‌ كارى هونه‌رى هونەرمەندی دێرینی شاری هەولێر "حەمید سابیر" ناسراو بە خارە حەمید لە کارێکی نوێدا دەردەکەوێتەوە، ئه‌مه‌یش گرووتینى به‌ هاوڕێیه‌كانى به‌خشیووه‌ له‌ به‌رهه‌مێكى نوێدا 

به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست "وشه‌" كه‌وتووه‌  "حەمید سابیر" له‌ نوێترین كاریدا لەگەڵ ژمارەیەک هونەرمەندی دێرینی شاری هەولێر سەرقاڵی فیلمێکن بە ناوی سەرابەکانیش خەون دەبینن.

"حەمید سابر" له‌ پێگه‌ى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك نووسیویه‌تى: "جاران کارەکانیان تاموچێژی تایبەتی هەبوو، لە شانۆکاندا زۆر جار دەرگای هۆڵەکە دانە دەخرا ئەوندە خەڵک دەهات بۆ سەیری شانۆ، هەروەها دراما و فیلمەکانیش بینەری زۆریان هەبوو، لە ناو خەڵکدا بە زوویی بڵاو دەبوونەوە، ئێسته‌یش لە خەڵکی هەولێر بپرسە  فیلمی (تاپۆ هەقی چیە) کامەیە، بەشێک لە حیوارەکانیشت پێدەڵێن، ئەوندە خەڵک حەزی بە کارە هونەرییەکان دەکرد و بینەریان هەبوو، بۆیه‌ ئەگەر سیناریۆ و ئەکتەرەکانی فیلمێکم بەدڵ بێت، ئێسته‌یش بەردەوامە و بەشداریی دەکات".

"حەمید سابیر" ناسراو به‌ خارە حەمید ساڵی 1963 لەشاری هەولێر لەدایکبووە، لە ساڵی 1983 دەستی بە کاری هونەری کردووە هەر لەو شارە و یەکەم کاری هونەری شانۆییەک بوو بە ناوی (خزم و ناسیاو)، لە ماوەی کاری هونەریدا لە چەند گرووپێکی هونەری هەولێردا کاری کردووە کە گرووپی شانۆی شەماڵ و هونەری ڕۆشنبیری هەولێر و تیپی هونەری هەولێر بوون، زیاتر لە 36 ساڵە کاری هونەری دەکات و لەو ماوەیەدا بەشداریی زیاتر لە 20 کاری هونەری کردووە، دیارترین فیلمیش کە بەشداری تێدا کردووە و لە ناوخەڵکی هەولێردا تا ئێسته‌یش ماوەتەوە فیلمی (تاپۆ هەقی چییە)بوو کە بۆ یەکەمجار لەساڵی 1984 لە تەلەڤزیۆنی کەرکووک پەخش کرا.




وشە - محەمەد میران